قەره وەهاب: شیعرەکانم ئاوێنەی خەمی هەژارانن

01:09 - 2024-10-17
ئەدەب و هونەر
194 جار خوێندراوەتەوە

دیداری / رزگار شوانی 


لەوانەیە کەرەستەی زمانی شیعریی سادە بێت بەڵام کاریگەریی قوڵی هەبێت لەسەر خوێنەر، لەبەرئەوەی شیعرەکانی سەرنجڕاکێشن و گوزارشت لە ژیانی مرۆڤ و دەوروبەری دەکەن، وەک ئازاری نیشتمان و قوتی رۆژانەی هەژاران و خۆشەویستی ئەنجننراوی ئازاراویی. سەرەڕای ئەمانە شاعیرێکی واقیعی و مشتومڕ جوڵێنن و لەهەمان کاتیشدا بەرهەم هێنەرن، بێگومان ئەو ژینگەیەی تێیدابووه كاريگەریی هەبووە لەسەر شیعرەکان، باسی نووسەرێکی کەرکوکیتان بۆ دەکەم ئەویش شاعیری تورکمان، وەهاب ئەحمەد عەلی یە کە بە(قەرە وەهاب) ناسراوە و یەکێکە لەشاعیرەکانی شاری کەرکوک لە نەتەوەی تورکمان و شیعرەکانی بەزمانەکانی تورکمانی و عەرەبیی دەنووسێت .


لاپەڕەی ئەدەب و هونەر لە کەرکوک چاوی بەم شاعیرە کەوت و ئەم چەند پرسیارەی ئاراستە کرد:
* ئەو بەرهەمانەی تا ئێستا قەرە وەهاب بە چاپی گەیاندوون کامانەن؟ 
- تاکو ئەمڕۆ 13بەرهەمم ئامادەیە کە 3 يان بەچاپ گەیەنراون، سوپاس بۆ خوا توانیم لەهەوڵەکانم سەرکەوتووبم لە پێناو ئامانجی دەربڕینی شیعرەکانمدا .
* خوێنەران و رەخنەگران رایان لەسەر نووسینەکانت چییە؟
- تا رادەیەک توانیوومە بەشیعرەکانم گوزارشت لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا بکەم و جێگای رەزامەندیی خوێنەر لەلایەک و رەخنەگران لەلایەکی ترەوە بێت .
* کەی دەستت بە شیعر نووسین کرد؟
-  شيعر جيهانی بێ بوونی منە  واتا بە بێ بوون لەدایک دەبێت، دەنگدانەوەی شیعریم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1974 كەی ەکەم شیعرم بە زمانی تورکمانی لە گۆڤاری قارداشلیق کە لە بەغدا دەردەچوو بڵاوکردەوە، دواتریش بەردەوام بووم لە شیعر نووسین تاکو ساڵی 1996 ئەوەبو یەکەم کتێبی شیعریم بە زمانی تورکمانی بەچاپ گەیاند لەلایەن خانەی کاروباری رۆشنبیریی ، هەروەها لە ساڵی 2000 کتێبی دووهەمم بەزمانی عەرەبی بەچاب گەیاند بەناونیشانی (انا بالمطر احترق - من بە باران دەسووتێم)، لە ساڵی 2001 كتێبی سێهەمم بەزمانی تورکمانی بەچاپ گەیاند.
* ماوەیەک بەهۆی کەم دەرامەتییەوە لەسەر شۆستەی شەقامێکی کەرکوک کتێبت دەفرۆشت، ئایا ئەمەش بەشێکە لە ئازارەکانت ؟
- بێگومان کتێبم دەفڕۆشت تاکو توانیم کتێبخانەیەکی خنجیلانە لە باڵەخانەی ئەبو حەنیفەی نزیک ئەحمەد ئاغا دابنێم بۆ دەستەبەر کردنی بژێوی ژیان، دواتر سەرلەنوێ ناچاربووم کتێبەکانم دووبارە لەسەر شۆستەی ئەو شەقامە بفرۆشم،  ئەو رۆژانەش کاریگەرییان ھەبوو لەسەر دنیای شیعرەکانم.
* لەکۆتایی ئەم دیدارەدا قەرە وەهابی شاعیر ئەم شیعرەی خۆی پێشکەشکردین کە نووسەر و شاعیر ئەحمەد تاقانەوە لە تورکمانییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.


دەرگای  حەوشە

خانووم  نەکرد!
بە هۆی دەرگای حەوشەوە!
ئەگەر خانوو  بکەم، دەبێ
 دەرگای حەوشەم  لە ئاسن  بێت.
ئەویش ... نابێ
کە دۆستگەل  بە  میوانی دێن و
لە دەرگای ئاسن دەدەن
دەستی دۆستانم زۆر گەرمن ...
جوانیش نییە، زەنگ بۆ  دەرگا دابنێم 
کە لە زەنگیان دا
ئەوانەی ئێمە تەلەفۆن هەڵدەگرن.
بە هۆی دەرگای حەوشەوە
خانووم  نەکرد!
تەنانەت گەر لە فۆرمایکا و 
لە تەختەش دروستی بکەم
دیسان ... نابێ
تاکو ئەمڕۆ خانووم نەکرد
وایلێهات
دەرگای حەوشە و دەرگای ژوورەوە
جیاوازییان نەما.
دەرگاکان بوون بە ئەلمنێوم
ئەلەمنێومیش  زۆر گرانبەهایە
جیاوازییان نەما.
خودا  نەکات، بێ خانوو بمێنمەوە
بە هۆی  دەرگای  حەوشەوە!!

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان