خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی لە زاری بەڵگەنامەوە

10:47 - 2024-10-23
کەلتور
37 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد شێخ حەسەن

زنجیرە کتێبی لە زاری بەڵگەنامەوە زۆر دڵخۆشی کردم و پێمخۆش بوو بەم چەند دێڕە، دەستخۆشی لە نووسەرەکەی بکەم و چاوی خوێنەرانیشی پێ روون بکەم. ئەم کتێبە لە سێ بەرگ پێک هاتووە، هەر بەرگەی تایبەتە بە بابەتێک و لە دوتوێی نزیکەی 500 لاپەڕەی گەورەدا توانیویەتی خزمەتێکی ناوازەی جوان، پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی بە گشتی و دۆزی کەرکوک بەتایبەتی بکات.
لە لای ئێمەی کورد سروشت و جوانی لە رێی شیعر و شاعیرانەوە یان هەست و سۆز لە رێی نووسەر و ئەدیبانەوە، یان مێژوو و رابردوو لە رێی مێژوونوسان و خوێنەوارانەوە، یاد و یادەوەری لە رێی کەڵەپیاوان و لەم دواییانەش لە رێی سیاسییەکانەوە دەستکەوتووە، هەریەک لەمانە، زاری خۆیان هەڵهێناوە و بە ژیانی خۆیان ئاشنایان کردووین. بەڵام کەمترین دەرکەوتن و زارکردنەوە لە دنیای ئێمەدا بۆ بەڵگەنامە و دۆکۆمێنت دانراوە، بە جۆرێک دەتوانین بڵێین کورد کەمتر گرنگیداوە بە ئەرشیفکردن و پاراستنی بەڵگەنامەکان.
کاتێک دەبینین ئەو هەموو بەڵگەنامانە دەفەوتێن و ئەو هەموو دەستنووس و شاکارانە لەناودەچن، ئەو هەموو کەلەپور و ئاسەوارانە تیادەچن و ئەو هەموو قەڵا و کۆشکانە وێران دەبن، خەمخۆرێکیان نییە و بە بەرچاومانەوە مێژوو رابردومان وێران دەبێت و لەناودەچێت، نە خەمخۆرێک و نە دەزگا و دامەزراوەیەک راناچڵەکێت.
بەڵام سوپاس بۆ خوا وا خەریکە ئەو بەرگە کۆنە فڕێ دەدەین و روو لە بەڵگەنامە دەکەین، ئەوەتا چاومان روون بوو بە کتێبەکانی(لە زاری بەڵگەنامەوە)، کاتێک بەڵگەنامە هاتە قسە و خۆی دەرخست، ئیتر هەموو شتێکی تر دەوەستێت و ناتوانێت راستییەکان بشارێتەوە. بەهێزترین زار و زمان و بەهێزترین سەلماندن کە هیچ گومانێک هەڵناگرێت، بەڵگەنامەیە، بەتایبەت بۆ میللەتێکی وەک کورد کە بە هەموو شێوەیەک دژایەتی کراوە و حەقیقەت و بەڵگەکانی سەرنگون کراون و شێوێنراون و دەستکاری کراون یان سوتێنراون و فەوتێنراون و لەناوبراون.
ئەم شاکارە لە نووسین و لێکۆڵینەوەی برای بەڕێز(خالید عەلی مراد جاف)ە، کە زۆر پێوەی ماندوبووە و بەشێکی زۆری تەمەنی خۆی پێبەخشیوە.

بەرگی یەکەم
بەرگی یەکەمی باسی مزگەوتەکانی قەڵای کەرکوک دەکات، وەک دەڵێت: قەڵا بێ نازترین و پشتگوێخراوترین شوێنی کەرکوکە، کاتێک مێژووی قەڵا دەخوێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە پاراستن و زیندووکردنەوەی قەڵا گەورەترین خزمەتە بە مێژووی مرۆڤایەتی، پاشان بە مێژووی کورد و کوردستانیەتی کەرکوک، چونکە ئەو ئاوەدانی و مزگەوت و تەکێ و خانەقایانەی لێرە بوون، زۆربەیان مۆرکی کوردبوونیان پێوەیە و بەڵگەنامە و دۆکۆمێنتەکانیش ئەمە دەسەلمێنن.
سەرەتا نووسەر، باسێکی قەڵا و شێوەکەی و پێکهاتەکانی و گەڕەکەکانی دەکات و بەراوردی دەکات لەگەڵ قەڵای هەولێر، دوایی دێتە سەر باسی مزگەوتەکانی و بە دوورودرێژی و بەپێی بەڵگە و نووسراوی رەسمی ساغیان دەکاتەوە و مێژوو و رابردوویان دەخاتە بەردیدەی خوێنەران.
نووسەر روونی دەکاتەوە، کە قەڵا کۆنترین شوێنی کەرکوک بووە، بەپێی نووسراوێکی رەسمی لەناو قەڵادا، 10مزگەوت هەبووە کە سەرجەمیان وتاریان تێدا خوێنراوەتەوە، بەڵام ئەوەی کە ماوەتەوە و دیارە بە بەڵگەنامە و بەدواداچوون دەرکەوتووە، حەوت مزگەوت و دوو تەکیەن کە دەبنە نۆ مزگەوت، سێ لەو مزگەوتانە تەخت کراون و ئەوانی تر بوونەتە کەلاوە و هیچیان نوێژیان تیادا ناکرێ.
یەکێک لەو مزگەوتە مێژووییانە، مزگەوت و مەزاری نەبی دانیالە، کە ئەم شوێنە ئەگەر گرنگی پێبدرایە، دەبووە شوێنێکی مێژوویی و گرنگ بۆ گەشتوگوزاری ئایینی و سوودێکی زۆری بە ئابووریی و مێژووی شارەکە دەگەیاند، ئەمە سەرەڕای منارە و قوبە و گۆڕستانی ئەم شوێنە کە جوانی و بایەخی خۆیان هەیە.

مزگەوتی سولەیمانی
یەکێکی تر لەو مزگەوتانەی کە باسی دەکات مزگەوتی (سولەیمانی)یە، کە لە چەند قۆناغێکدا ناوەکەی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بە چەند ناوێکی تر ناسراوە، لێرەدا توێژەر ساغی دەکاتەوە کە ئەم مزگەوتە و مزگەوتی(منارە نەخشینە) لەسەر دەستی (سلێمان پاشای بابان) دروستکراوە و مەدرەسەی تیا کراوەتەوە و وەقفی بۆ دانراوە و کتێبخانەی هەبووە، کە ئەمەش دۆزینەوەیەکی ناوازەو مێژوویەکی جوانە، لەسەر ئەم دۆزینەوەیەش مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف سوپاسی دەکات.
عەشیرەتی جەباری
یەکێکی تر لەو مزگەوتانەی کە باسی کردووە و مێژووەکەی بە بەڵگە و نووسراوی رەسمی ساغکردۆتەوە و لە فەوتان و لەناوچوون پاراستویەتی، مزگەوت و تەکیەی سەید محەمەد نەجیبی جەبارییە، کە دەرگەی تایبەت بەخۆی هەبووە و خزمەتی زۆری بە خەڵکی ناوچەکە کردووە. جەبارییەکان عەشرەتێکی گەورەی ناوچەکەن و سەیدن و بنەچەیان دەچێتەوە سەر ئیمام هەمزەی کوڕی ئیمام موسای کازم کە گۆڕی پیرۆزی لە دێی تەکێیی ناوچەی قەرەداخە.
لەبەر ناوداری ئەم بنەماڵەیە، بە فەرمانی سوڵتان محەمەد رەشادی کوڕی سوڵتان عەبدولمەجید، لە شوشەیەکدا (تاڵە موویەکی) پێغەمبەری خودا بە دیاری بۆ ئەم بنەماڵەیە هاتووە و لەم مزگەوت و تەکێیەدا پارێزراو بووە، کە ئەگەر ئەمەش بپارێزرایە و قەڵا وێران نەبوایە، گرنگی خۆی دەبوو بۆ پیرۆزی و بۆ گەشتیاری شارەکە.
ئەمە و پاشان دێتە سەر باسی سەرجەم مزگەوتەکان و لە ناویاندا باسی ژیان و بەسەرهاتی چەندان مامۆستا و مجەوەر و متەوەلی دەکات و چەندان بەڵگەنامە و دۆکۆمێنتی گرنگ و بەبایەخ دەخاتەڕوو، کە سەرجەمیان خزمەتێکی پڕبایەخ بە مێژووی کورد بەگشتی و مێژووی کەرکوک بەتایبەتی دەکەن. 
لەگەڵ هیوای سەرکەوتن بۆ مامۆستای بەڕێزمان خالید عەلی  مراد جاف.

بابەتە پەیوەندیدارەکان