كەركوك، کارکردنی ژنان لە پرۆژە بچووكەكاندا

12:00 - 2024-10-27
ڕاپۆرت
162 جار خوێندراوەتەوە
#یەکێک لە پرۆژە بچووکەکانی ژنان

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

سامان یابەعەلی بۆ کوردستانی نوێ   :  وەك تەندروستیی كەركوك هەموو كارئاسانییەك بۆ پێدانی مۆڵەتی تەندروستی بەم پرۆژە بچووكانە دەکەین، خۆشیان بۆ سەركەوتنی پرۆژەكانیان پابەندنی رێنماییە تەندروستییەكانن

لەم سەردەمەدا ژن شابەشانی پیاو رۆڵی بەرچاو دەبینێت لە کارکردن لە پرۆژە بچكووكەكاندا، تەنانەت هەندێكجار ئەو پرۆژە بچووکانە گەشە دەکەن و دەبنە پرۆژەی گەورە.
پرۆژە بچووكەكان ئەو پرۆژانەن كە لەگەڵ خواستەكانی كۆمەڵگە و باری ماددی تاكەكان بەتایبەتی چینی مامناوەنددا دەگونجێت، چونكە كاركردن تێیدا ئاسانە و دەتوانن بە ماوەیەكی كەم ئامانج و قازانجێكی باش بە دەستبهێنن.

هەنگاونان بۆ پرۆژەیەكی گەورەتر
 جوان محەمەد تەمەن 40 ساڵ، لەسەر ئەو پرۆژە بچووكەی كە خۆی دروستی كردووە، وتی: ماوەیەكی زۆر بێكاریی تەنگی پێهەڵچنیبووم، بۆیە بڕیارمدا لە كارێكی بچووك و مام ناوەنددا ببمە خاون پرۆژەی خۆم، ئەویش بە دروستكردنی شیرینی خۆماڵی لە میوە سروشتییەكان، لە سەرەتادا تەنها چوار ژنی خاوەن بڕوانامە كارەكەمان بەڕێوەدەبرد، بەڵام ئێستا نزیكەی 20 ژن كاری تێدا دەكات.  تا رادەیەكی باش توانیومانە دەستبەری بازاڕ بكەین بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانمان ‌و توانیومانە ببینە خاوەن ماركەی تایبەتیی خۆمان، لە شارەكانی دەوروبەرەوە سەردانمان دەكەن بۆ كڕین بە تاک و کۆ، كە ئەمەش هەنگاوێكی باشە، دەتوانم لە داهاتوودا دەستەبەری دەستی كار زیاد بكەم و بتوانم پرۆژەكە بگاتە چوارچێوەی كارگەیەكی فراوان و بەرهەمە ناوخۆییەكان لە میوە جۆراوجۆرەكان بكڕمەوە، بۆئەوەی جووتیارانی خۆمان بتوانن سوود لە فرۆشتنی بەرهەمەكانیان ببینن بە نرخێكی گونجاو.

لە بەرهەمە خۆماڵییەكانەوە  دەستمان پێكرد
 هاوکات كەژاڵ و پەیمان دوو كچی دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەن، پێكەوە كارگەی دروستكردنی نانی تیرییان دامەزراندووە، بەمشێوەیە باس لە پرۆژەكەیان بۆلاپەڕەی ژنان دەكەن، ماوەیەكە دەستمان بەم كارە كردووە و نزیكەی 8 كرێكاری ژن و کچمان خستۆتە سەر كار، لە سەرەتادا پرۆژەكەمان لە خانوویەكی بچووكدا بوو بۆ دروستكردنی نانی تیریی، خۆشبەختانە ئێستا داواكارییەكی زۆری لەسەرە و زۆربەی بازاڕ و ماركێتەكان داواكارییان لەسەری هەیە و بە بەردەوامی پرۆژە خۆماڵییەكەمان لە پێشكەوتندایە.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشكرد ئەگەر بتوانن شوێنێكی گەورەتر لەم شوێنەی خۆیان بدۆزنەوە ئەوە دەتوانن شیرینیش دروستبکەن  و رێژەیەكی زۆرتر لە ژن دابمەزرێنن.

بە سەرپەرشتی ژنان، پیاوانیش  تێیدا بەشدارن
 كەنار محەمەد، تەمەن 38 ساڵ، خاوەن چێشتخانەیەكی خنجیلانەیە لە بازاڕی رەحیماوای شاری كەركوك، كە خۆی سەرپەرشتی دەكات و كۆمەڵێك ژن و پیاویش لەلای كار دەكەن، بۆ كوردستانی نوێ وتی: لە سەرەتادا بیرۆكەی دروستكردنی چێشتخانە زۆر ئاسان نەبوو، چونكە پێویستی بەوە بوو جێگەیەكی لە باری بۆ دابین بكەین، بۆئەوەی بتوانین ئەو خواردنانەی رۆژانە دروستی دەكەین لە ماوەیەكی دیاریكراودا تەواو بێت.
وتیشی: لە سەرەتادا هەوڵمدا جۆری خواردنی كوردی تایبەت بە كەركوك تاقیبكەینەوە و ئامادە بکەین، هەروەها لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە ریكلام بۆ بەرهەمەكانمان بكەین، لە دەرئەنجامدا توانیمان لە رێگەی دلیڤەرییەوە خواردنەكان بفرۆشین، بەڵام لە ئێستادا خێزانەكان بە هەردوو جۆر سەردانی چێشتخانەكە دەكەن و كارمەندێكی زۆرتریشم دامەزراندووە، هیوام وایە لە داهاتوودا لقی تریشی لێ بكەمەوە.

یارمەتیدەری زۆربەی پرۆژە بچووكەكانین
 لەوبارەیەوە سامان یابەعەلی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، پێی راگەیاندین: ئێمە وەك تەندروستی كەركوك هەموو كارئاسانییەك بۆ پێدانی مۆڵەتی تەندروستی بەم پرۆژە بچووكانە دەکەین، خۆشیان بۆ سەركەوتنی پرۆژەكانیان پابەندنی رێنماییە تەندروستییەكانن، بەتایبەتی لەڕووی پاكوخاوێنی و جۆری ئەو كەرەستانەی بەكاریدەهێنن و خۆیان بە دووردەگرن لە خواردنە ماوە بەسەرچووەكان، بۆیە دەبینین سەركەوتن زیاترە لەم پرۆژە بچووكانەدا، وەك ئەوەی لە پرۆژە گەورەكاندا هەیە، چونكە چوارچێوەی كارەكەیان دیاریكراوە.
وتیشی: لە شارێكی وەكو كەركوكدا نزیكەی دوو هەزار پرۆژەی بچووك لە تەندروستی كەركوك تۆماركراون، كە بەشێكی زۆریان تا ئێستا بەردەوامن، بەتایبەتی ئەو پرۆژە بچووكانەی ژنان وەك سەركار کاری تێدا دەکەن، چونكە ئەوان زیاتر لە رووی تەندروستییەوە پابەندن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان