مایكل والزەر

بەهانە داتاشین بۆ تیرۆر!

10:19 - 2024-10-28
کەلتور
166 جار خوێندراوەتەوە

لە فارسییەوە: ئەكرەمی میهرداد


مایكل والزەر فەیلەسوفی ناسراوی ئەمریكا و خاوەنی ناوبانگێکی جیهانییە. تا ئێستا زیاتر لە 20 كتێبی لە بوارەكانی فەلسەفەی سیاسی ‌و فەلسەفەی ئاكار و كۆمەڵایەتی نووسیوە، كە پرس‌ و بابەتەكانی ناسیۆنالیزم، دادپەروەریی ئابووری، خۆشگوزەرانی ‌و كۆمەڵی مەدەنی لەخۆدەگرن. بەڵام بەناوبانگترین بەرهەمی ئەو، كتێبی(جەنگە دادپەروەرەكان‌ و جەنگە بێدادییەكان)ە، كە ئێستا یەكێكە لە سەرچاوە گرنگەكانی یاساكانی جەنگ لە روانگەی فەلسەفی‌ و ئەخلاقی‌ و مافەكانی نێونەتەوەیی. 
مایکل والزەر پابەندە بە باڵی چەپی سیاسەتی ئەمریكا و لە بەرهەمەكانیدا باس لە دیدگاكانی پلورالیستی بۆ سیاسەت‌ و ئەخلاق دەکات. خوێندنی باڵای لە زانكۆكانی براندیس‌ و كامبریدج لە بەریتانیا و لە هارڤاردی ئەمریكا تەواوكردووەو لە ساڵی 1964 دكتۆرای لە زانكۆی هارڤارد لە زانستە سیاسییەكاندا خوێندووەو لەهەمان زانكۆ و لە زانكۆی پرینستۆن مامۆستای زانستی كۆمەڵایەتییە و لە دامەزراوەی لێكۆڵینەوەی پێشكەوتووی پرینستۆن، كە یەكێكە لە شایستەترین ناوەندەكانی زانستی كۆمەڵایەتی جیهان، ئەو جێگا و بایەخی خۆی هەیە. 

مایكل والزەر: 
 ئێمەی ئەمریكایی دەبێت بەرامبەر ستەمكارییەكانی دەوڵەتی خۆمان و ئەو دەوڵەتانەش كە پارە و چەكیان دەدەینێ هەڵوێست بنوێنین، بەڵام هیچكام لەم بەهانە و پاساوانە ناتوانن تیرۆریزم بسەلمێنن

كەم كەس هەبوون پێش 11ی سێپتەمبەر داكۆكیان لە تیرۆر دەكرد. تەنانەت ئەوانەش كە تیرۆریست و پشتیوانانی تیرۆر بوون نەیاندەوێرا یان نەیاندەویست ئەم داكۆكییە بكەن. تیرۆریزم وەكو دەستدرێژیی سێكسی و توندوتیژی و كوشتنی عەمدی شایانی پشتیوانی و داكۆكی نییە. تیرۆریستە بكوژەكان بە بەرنامە و نییەتی پێشوەخت دەست بە هێرش دەكەن، كە تەنها ئامانج و ئاڕاستەی ئەوان ئازار گەیاندنە بە خەڵكانی دی و نانەوەی رەوش و كەشی ترس و تۆقاندنە. ئەوان بۆیە خەڵكی دەكوژن، بۆئەوەی كەسانی دیكە بخەنە ترس و وەحشتەوە، بە هۆی چەند قوربانی كوژراو دەتوانن ژمارەیەكی زۆر بارمتەی زیندوو بخەنە ناو ترس و تۆقاندنەوە.
باڵە ئەهریمەنەكانی تیرۆر لەهەمان ئەو روانگە و ئاڕاستەوە دەست پێدەكەن كاری ئەوان تەنها بە كوشتنی چەند كەسی بێ گوناح كۆتایی نایەت، بەڵكو دەیانەوێت ترس و بێزاری بخەنە ناو ژیانی رۆژانە و پێشێلكردنی ئامانجەكانی ژیانی تایبەتی و گشتی لە هەلومەرجی نائاسایش و ناچاركردنی بێ پایان دەبێتە كار و بەرنامەی ئەوان. زۆربوونی تاوان و تۆقاندن لە كۆمەڵدا لەوانەیە ئاكامی هاوشێوەشی بۆ پەیدا بێت، بە مانای كاتێك كە تیرۆریستان پەنا بۆ كوشتار و تاوانی نهێنی دەبەن، لەوانەیە لە ئاستی كۆمەڵایەتیشدا كەسانێك هەبن ئەم هەلومەرجە بقۆزنەوە و كاری هاوشێوەی ئەم كوشت و ترساندنە ئەنجام بدەن و سەرئەنجام بكەرانی ئەو كارە دزێوانەش بە نادیاری بمێننەوە. زۆربوون و بڵاوبوونەوەی خراپەكاری بەرهەمی هەزاران تاوانكاری سەربەخۆ و نەناسن، كە دەستی نەبینراوی ئەوان پێكەوە ئەم تاوانانە ئەنجام دەدەن و كۆمەڵ دەخەنە ترس و بێزاری و بێ هێزییەوە. تیرۆریزم بەرهەمی تاوانی ئەو دەستە نەبینراوانەیە، پرۆژەیەكی رێكخراوە و هەڵبژاردنی ستراتیژییە و پیلانێكە بۆ كوشتن و بڵاوكردنەوەی ترس و وەحشەت. بۆیە مایەی سەرسامی و تاسان نابێت ئەگەر كاربەدەستانی ئەم پیلانە بۆ سەلماندن و پاساودانی ستراتیژیی خۆیان لە ژینگەی گشتیدا ناچاركراو یان بێزار دەربكەون. 
بەڵام كاتێك كە پاساودانی ئەخلاقی پەسەند ناكرێت، رێگا بۆ داكۆكی و پاساودانی ئایدیۆلۆژیك دەكرێتەوە. لە هەندێك لایەن و هێزی باڵی چەپی ئەوروپا و ئەمریكا لە سەردەمانی پێشتر (ساڵانی شەست و حەفتا و هەشتای سەدەی پێشوو) جۆرێك فەرهەنگی سیاسی هەبوو، كە بەهانەی بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەكان دەتاشی (وەكو سوپای رزگاریخوازیی ئێرلەندا، بەرەی ئازادییخوازی نیشتمانی جەزائیر، رێکخراوی ئازادیخوازیی فەلەستین و هاوشێوەكانی). بەڵگە و پاساوەكان هیچیان نوێ نین و دووبارەكردنەوەشیان لە 11ی سێپتەمبەر هەتا ئێستا مایەی سەرسامی نین، بەڵام دەبێت بەم هەلومەرجەدا كە تیرۆر زۆر بڵاوە و زۆربەی جیهانی گرتۆتەوە، كە ئەو بەڵگانە بە وردی بناسین و بە ئاشكرا نەیاریان بین.
یەكەمین بەهانە
یەكەمین بەهانە ئەوەیە كە تیرۆر دوایین چارەیە. لەم وێنایەدا خەڵكانی ستەمدیدە و بەدبەخت دەبینرێن كە جگە لە تیرۆر هیچ رێگایەكیان نییە ئەوان پێشتر پەنایان بۆ هەموو رێگا سیاسی و یاساییەكان بردووە و هەموو ئەگەرەكانیان ئەزموون كردووە و هەموو جارێك شكستیان خواردووە و تا لە ئاكامدا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە، كە هیچ رێگایەكیان نییە جگە لە پەنابردن نەبێت بۆ ئەهریمەنی تیرۆر، یان دەبێت ببنە تیرۆریست یان هیچ كارێك نەكەن. وەڵامی سادە ئەوەیە، كە بە سەرنجدان لە تایبەتمەندی و ئاكارەكانی تیرۆر، چاكتر وایە هیچ كارێك نەكەن، بەڵام ئەم وەڵامە بۆئەوان بەهانە و پاساوێكی پێویست نییە!.
گەیشتن بە دوایین چارەسەر، كارێكی ئاسان نییە. دەبێت لەڕاستیدا هەموو شتێك تاقی بكرێتەوە(كە هەڵبژاردەكان ئێجگار زۆرن) و ئەم تاقی كردنەوانەش نابێت تەنها بۆ یەكجار بێت. كام حزب یا بزاڤی سیاسی كە تەنها یەكجار رێپێوان و خۆپیشاندانی سازكردووە و یەكسەریش سەرنەكەوتن، بۆیە دەبێت كە ئیدی مافی ئەوەیان هەیە دەست بۆ كوشتن ببەن؟ سیاسەت هونەری دووبارە و چەند بارەكردنەوەیە. چالاكانیی سیاسی شتێك هێندە دووبارە دەكەنەوە بۆئەوەی خاوەنی ئەزموون و كارامەیی بن، بەهیچ شێوەیەكیش ئەوە رۆشن نابێت كە كەی ئیدی رێگا چارەیان نامێنێ. هەمان حوكمیش بۆ ئەو دەستەیە لە كاربەدەستانی دەوڵەتیش راستە كە دەڵێن، هەموو شتیان تاقی كردۆتەوە و ئیدی ئێستا چارەیان نییە جگە لە بارمتەگیری و بۆمبارانی ناوچە و دێهاتەكان. دەبێت بپرسین ئایا بەڕاستی هەموو رێگاكانیان تاقی كردۆتەوە، یان چ شتێكیان تاقی كردۆتەوە، كە ئێستا هیچ رێگا و چارەیەكیان نییە؟
ئایا كەسێك دەتوانێت پێرستێك بدات و شایانی باوەڕكردن بێت؟«دوایین چارەسەر» تەنها وەكو چەمك یان حكایەتی كۆتایی رێگا دەگرێ، لە زنجیرەیەك كار و خەباتی پێویست ئایا تیرۆر بەڕاستی دوایین رێگایە، دوایین رێگا تەنها بۆ پاساودان و سەلماندنی كارەكانیانە، چونكە لە كرداردا زۆربەی تیرۆریستەكان تیرۆر بە یەكەمین رێگاچارە دەزانن و هەر لە سەرەتاشەوە دەیانەوێت ئەو رێگایە هەڵبژێرن.

بەهانەی دووەم
بەهانەی دووەم ئەوەیە كە تیرۆریستەكان لاوازن و كارێكی دیكەیان جگە لە تیرۆر لە دەست نایە. لەم بەهانەیەدا دوو جۆر لاوازی هەن، بەڵام تێكەڵاو كراون: یەكەمیان، لاوازیی رێکخراوی تیرۆریستە بەرامبەر بە دوژمن، ئەوی دیكەیان لاوازییە بەرامبەر بە خەڵكی خۆیان. لاوازیی دووەم، واتا ناتوانایی رێكخراوی تیرۆریستی بۆ كۆكردنەوە و رێكخستن و سازدانی خەڵك،كە سەرئەنجام بەرەو تیرۆر دەچێت و لە كرداردا هەموو رێگا و چارەسەرەكانی دیكە، وەكو (هەنگاو و كارە سیاسییەكان، بەرەنگاری بێ توندوتیژی، مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانی جەماوەری و فراوان) وازدەهێنن. تیرۆریستەكان لاوازن، لەبەرئەوە نییە كە نوێنەرانی لاواز و پەراوێزكراوەكانن، بەڵكو دروست لەبەرئەوەیە كە نوێنەری ئەو هەژار و لاوازانە نین، چونكە نەیانتوانیوە لاوازەكان بخەنە بەرگری و نەیاریی بەهێزەوە لە مەیدانی سیاسیەتدا. تیرۆریستان بەبێ پشتیوانی رێكخراوی خەڵكی خۆیان كار دەكەن، لەوانەشە بەیانكاری توڕەیی و نەیاری هەندێك یان زۆرێك لە خەڵكیش بن، بەڵام نەك راوێژ و مۆڵەت و نوێنەرایەتی خەڵكیان نییە، بەڵكو تەنانەت هەوڵیشیان نەداوە بۆ بەدەستهێنانی بڕوا و لایەنگیری ئەوان. تیرۆریستان ستەمكارانە كار دەكەن و ئەگەر سەربكەون، بێگومان ستەمكارانە حوكم دەكەن.

بەهانەی سێیەم
بەهانەی سێیەم كەسانێك دەڵێن، تیرۆر نە دوایین چارەیە و نە تەنها چارەسەرە، بەڵكو رێگاچارەیەكی گشتییە و هەمووان پەنای بۆ دەبەن. سیاسەت(یان سیاسەتی دەوڵەتی) مانا راستەكەی ئەوەیە كە دەبێت شتەكان بە وردی و بە حیكمەت چارەسەر بكرێن. لەلای ئەوان هیچ شتێكی دیكە كارساز نییە، لۆجیكی ئەم پاساوە هەمان ئەو لۆجیكەیە كە دەڵێت:»لە عیشق و لە جەنگدا هەموو كارێك رەوایە». عیشق هەمیشە مانای هەڵگەڕانەوە و فریو دەدات، جەنگیش بەردەوام خوێنرێژییە و سیاسەتیش هەموو كات پێویستیی بە ترساندن و تۆقاندن هەیە. لە دونیای بوونەوەرانی تیرۆریستدا هەم دەرگای چوونە ژوورە هەم دەرگای هاتنەدەر هەیە. ئێمە هەمیشە لە دونیای تیرۆریستاندا ژیان دەكەین و بۆئەوەی بزانین رێگای تیرۆر چۆن هەڵدەبژێدرێت، دەبێت بزانین كە لەو دونیایەدا چی روودەدات(هەرچەند زۆرجار نموونە و نمایشی دیارییكراومان لەبەر دەستدا نییە). گروپێك لە خەڵك(كاربەدەستانی حكومەت یان چالاكانی سیاسی) لە دەوری مێزێك كۆدەبنەوە و بیردەكەنەوە كە ئایا رێگای تیرۆر بگرنەبەر یان نا؟ پاش ماوەیەك بەهانەكان دەست پێدەكەن و لە بەڵگە و پاساوەكاندا خۆیان نقوم دەكەن. هەڵبەت دەبێت بزانرێت كە لەوكاتەدا و لە دەوری مێزی گفتوگۆكەیان، هیچ سوودێكی نابێت كە لایەنگرانی تیرۆر بڵێن:» ئەمە ئەو كارەیە كە هەموو كەس دەتوانن بیكەن» چونكە ئەوان لەگەڵ كەسانێك رووبەڕوون كە رێگای دیكەیان پێشنیار كردووە، بەڵام سەرچاوەی تیرۆر هەمان ئەو بەڵگە و پاساوانەیە. یەكەمین قوربانییەكانیان هاوكارانی پێشوویانن، واتە ئەوانەی(نە)یان بۆ تیرۆر گوتووە. ئایا بەڵگە و سەلماندن هەیە كە ئەم دوو گروپە وەكو یەك تەماشا بكرێن؟

بەهانەی چوارەم
بەهانەی چوارەم لە راستیدا یارییكردنە بە چەمكی «بێ گوناهی» هەڵبەت كوشتنی بێ گوناهان كارێكی دروست نییە، بەڵام قوربانیان بە تەواوی بێ تاوان نین. لە چەوسانەوە سوودیان بینیووە و لە میوە ئاڵوودە و ناپاكەكانی ستەمكاری سوودمەند بوون. بۆیە، هەرچەندە كوشتنیان مایەی سەلماندن نییە، بەڵام شایانی تێگەیشتنە. ئایا رێگا و چاوەڕوانییەكی دیكە پەیدا نابێت؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە منداڵان و تەنانەت بە تەمەنەكانی قوربانی تیرۆر وەكو هەركەسێك كە چالاكانە لە جەنگ یان لە پاكسازیی نەتەوەیی و ئایینی یان لە سەركوتە سیاسی و وەحشیەكاندا بەشدارن، مافی بەهرەمەندییان لە تەمەنی سروشتی خۆیان هەیە، كە نابێت زوو لەناوببرێن یان خۆیان لەناوبەرن. ئەم بنەمایە ناوی» پاراستنی كەسانی بێتاوان و نا بەشدارە»كە نەك تەنها لە جەنگ، بەڵكو لە هەر كێشە و ناكۆكییەكی سیاسی مەعقول و ئابڕومەندانەدا دەبێت وەكو بنامەیەك پیادە بكرێت. كەسانێك كە لە پێناوی ساتێكی خۆشی خۆیان لە بەدبەختی و ئازاری كەسانی دیكە دەخەنە ژێر پێ و دەیانكوژن یان ئازاریان دەدەن، دەبێت بزانن كە نەك تەنها خەریكی بەهانە تاشینن بۆ تیرۆر، بەڵكو بەشێكن لە لاوازی پشتیوان و هاوكارانیان.
دواهەمین بەهانە ئەو بڕوا ناڕاستەیە كە دەڵێت، هەموو كاردانەوە و نەیارییەكان كە گوایە بەڵگە نەویستن بۆ رەتكردنەوەی تیرۆر و لەڕای گشتیشدا پەسەند كراون. لەراستیدا لە خودی تیرۆر خراپترن. دەڵێن كە هەر كار و هەنگاوێكی سیاسی یان سەربازی، تۆڵەسەندنەوە و كۆتاییهاتنی ئازادییە مەدەنییەكان و سەرەتای فاشیزمە و شایانی ناشیرینكردن و تاوانباركردنە. تەنها كاردانەوەی سەلمێنەری ئەخلاقی، نوێكردنەوە و پێداچوونەوەی ئەو سیاسەتانەیە كە تیرۆر بانگەوازیان دەكات و دەبێت هێرشیان بۆ بكرێت. بە بڕوایەكی رۆشنتر، دەبێت قوربانیان بڵێن كە دەمێكە ئەم بڕوایەمان زانیوە.
من هەموو ئەم پاساوانەم بیستووە و بینیم كە چۆن زۆربەی خەڵك بە رق و بێزارییەوە بەناوی یەكێتی و هێزی نیشتمانییەوە باسیان دەكەن، بەڵام دوو بەهانەی دوایی لەوانی دیكە زیاتر دەبیسترێن ئێمە(ئەمریكاییەكان) عیراقمان داگیرکرد، پشتیوانی لە ئیسرائیل دەكەین و هاوپەیمانی رژێمە عەرەبە چەوسێنەرەكانی وەكو عەرەبستانی سعودیە و میسرین. سەرئەنجام لەبەرامبەردا جگە لە تیرۆر چاوەڕوانی چی دیكەین؟ 
وێڕای ئەم باسە ناڕەوا و توندڕەوە، كە باسی توندوتیژی و تاوانەكانی ئەمریكایە، هەرچەندە دەتوانین لە چەند دەیەی دواییدا رەخنەی زۆر لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بگرین. زۆرێك لە لیبراڵە چەپڕەوەكانی وەكو ئێمە زۆرترینی تەمەنی سیاسی خۆمان لە نەیاری بەرامبەر توندوتیژییەكانی خۆمان گوزەراندووە(هەرچەند دەبێت ئەوەش بزانین كە من و زۆربەی دۆستەكان پشتیوانیمان كرد لە جەنگی كەنداو لە دژی سەدام حسێن، كە لە بەهانەی چوارەمدا باسمكرد). ئێمەی ئەمریكایی دەبێت بەرامبەر ستەمكارییەكانی دەوڵەتی خۆمان و ئەو دەوڵەتانەش كە پارە و چەكیان دەدەینێ هەڵوێست بنوێنین، بەڵام هیچكام لەم بەهانە و پاساوانە ناتوانن تیرۆریزم بسەلمێنن، هیچ كەس ناتوانێت لە باری ئەخلاقییەوە تیرۆر بسەلمێنێت. لەوانەیە دەروونناسان ئامۆژگاری و رێنماییان بۆ ئەم بڕوا و تێگەیشتنە هەبێت، بەڵام كاردانەوەی سیاسی لە بەرامبەر توندڕەوان و جەنگخوازە خۆكوژەكان، تەنها نەیاری و دوژمنایەتییە.

سەرچاوە: 
فلسفە و جامعە وسیاست، گزیدە وترجمەی عزت الله فولادوند، نشرماهی، چاپ 1387، ل ل 285-290.

بابەتە پەیوەندیدارەکان