هونەرمەند ئاریان كەریم: هەندێك، هونەری گۆرانی كوردییان شێواندووە

10:43 - 2024-10-30
هەمەرەنگ
74 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئاریان كەریم قادر لە هەڵەبجە لەدایكبووە و ئێستا لە سلێمانی دەژیت و خاوەنی زیاتر لە 35 گۆرانییە.
هونەرمەند ئاریان كەریم بە دوالاپەڕەی وت: سەرەتای دەستپێكردم بۆ ساڵی 2009 دەگەڕێتەوە، ئەوكاتە كە لە بەرنامەی كوردستار دەركەوتم و توانیم پلەی یەكەم بەدەستبهێنم، هەر ئەو ساڵەش یەكەمین بەرهەمی خۆم بە ناوی(تاج) تۆمار كرد كە تایبەت بە كیمیابارانی هەڵەبجە بوو. 
 وتیشی: تا هەنووكە زیاتر لە 35 بەرهەمم هەیە و زیاتر حەزم بە دەنگی هونەرمەندان سەید عەلی ئەسغەر، مەزهەری خالقی، ناسری رەزازی، نەجمەدینی غوڵامی، عەدنان كەریم و سوارە محەمەد و هەندێكی تر لە هونەرمەندان هەیە. 
سەبارەت بە ستایلی گۆرانی وتن، وتی: من زیاتر كەیفم بە ستایلی سوونەتی دێت و زیاتر بە تۆنی (سۆڵ و لا) گۆرانی دەچڕم. 
لەبارەی لایف میوزیكیش روونیكردەوە كە لایف میوزیك دەكات بە مەرجێك كە ئەگەر شوێنێكی گونجاو هەبێت و تەنها گۆرانی كوردی دەڵێت و خۆی لە قەرەی گۆرانی عەرەبی و فارسی و .. هتد، نادات. 
لەبارەی بەرهەمی نوێی خۆیشی وتی: ئێستا سەرقاڵی دوو بەرهەمی نوێم كە ئاوازی مامۆستا ئازاد ساڵح –ە، تێكستەكەشی هی دیاری هەڵەبجەییە، بڕیاریشە بەمزووانە لەگەڵ دوو هونەرمەندی دیكە كۆنسێرتێك لە هەڵەبجە ساز بكەین و تا هەنووكە چەندین كۆنسێرتم لە شارەكانی هەڵەبجە، سلێمانی، هەولێر، ستۆكۆڵم هەبووە و بەشداری چەندین فێستیڤاڵم لەناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا كردووە.   
لە كۆتاییشدا وتی: هونەرمەند لەم وڵاتە ناتوانێ لە رێگەی هونەرەكەیەوە بژی و هونەر ناتوانێت بژێوی بۆ هونەرمەند دابین بكات، بەداخەوە هەندێك كەس هەن كە هونەری كوردییان شێواندووە و ئەوانەش زۆربەیان سوودمەند بوون.
ئالان محەمەد جەزا 

بابەتە پەیوەندیدارەکان