لە کوردستانی نوێ-وە بۆ بەرچاوی لێپرسراوان

کێشە و داواکاریی هاووڵاتیان لە هەولێر

01:13 - 2024-10-31
کوردستان
296 جار خوێندراوەتەوە
بینای خوێندنگەکەی بێركۆتی نوێ

رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی، ئەم ژمارەیە تایبەتە بە کێشە و کەمیی خزمەتگوزاری لە بەشێک لە گەڕەکەکانی پارێزگای هەولێر.

ئامادەکردنی/ رەوەست نەوزاد 

 

داواکاریی دانیشتوانی گەڕەكی ماردین

ماوەی چەند ساڵێكە پارچە زەوییەك لە نزیك گەڕەكی ماردین لە شاری هەولێر بۆتە شوێنی كۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاك، هیوا عەبدوڵڵا دانیشتووی گەڕەكی ماردین دەڵێت: ئەو زەوییە بۆتە هۆی پیسبوونی ژینگەی گەڕەكەكەمان، نە دەكرێتە سەوزایی بۆئەوەی ژینگەی گەڕەكەكەمان پاكتربێت و نە پاكیش دەكرێتەوە، جگە لەوەش شەو و رۆژ سەگ لەو شوێنەدا كۆدەبێتەوە.
وتیشی: خۆڵ و خاشاکەکە بووەتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگیی لە بەردەم هاتوچۆی هاووڵاتیان و داوا لە شارەوانی هەولێر دەكەین چارەسەرێك بۆ ئەو كێشەیە بدۆزێتەوە.

 

پیسیی ژینگەی گەڕەكی پێنجی حەسارۆك

ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی فڕێدانی پاشماوەی تێكدانی خانووی كۆن لە نزیك گەڕەكی پێنجی حەسارۆك، ژینگەی گەڕەكەكە پیس بووە و خۆڵ و خاشاکەکە وەک گردێكی گەورەی لێهاتووە.
محەمەد ئەنەس كارمەندی ماركێتێكی ئەو گەڕەكەیە، وتی: ئەو پاشماوانەی لێرە فڕێدراون بۆنێكی ناخۆش و ژینگەیەکی پیسیان دروستکردووە، زۆركات بینیومە دوای فڕێدانی زبڵەكە دەیسووتێنن و ئەوكاتیش بۆنی ناخۆشتری لێ دروست دەبێت، بۆیە داوا لە شارەوانی هەولێر دەكەم رێگریی لەو پیسبوونە بكات و پاشماوەكان لابەرن.

دووسایدی سەرەكیی گەڕەكی فەرمانبەران قیرتاو نەکراوە
ئارام عومەر گەنجێكی گەڕەكی فەرمانبەرانە لە شاری هەولێر، لەسەر شەقام لەگەڵ چەند گەنجێكی تر یاری دووگۆڵییان دەكرد، وتی: ماوەی 12 ساڵە لەم گەڕەكە دەژین، هێشتا ئەو دوو سایدە قیرتاو نەكراوە، لە ماوەی رابردوودا لایەنی بەرپرس هاتن چاڵ و چۆڵی شەقامەکەیان پڕکردەوە و بە تەواونەکراوی بەجێیان هێشت.
وتیشی: بەهۆی دروستبوونی تۆز و خۆڵی شەقامەكە لە كاتی رۆیشتنی ئۆتۆمبێل بە سەریدا، خەڵكی گەڕەكەكە تووشی ناڕەحەتی زۆر دەبن و شۆفێرەكانیش لە دەست تەپوتۆزەكەی بێزاربوون.

پیسبوونی ژینگەی كۆڕنیشی هەولێر
ماوەی چەندین ساڵە كۆڕنیشی هەولێر كە بەشێكی دەكەوێتە نێوان هەردوو گەڕەكی سەركەوتن و فەرانبەران بۆتە زبڵخانەیەكی گەورەی شارەكە، ئەویش بەهۆی فڕێدانی زبڵی گەڕەكەكانی تری شارەكە لەو شوێنەدا.
شیلان محەمەد دانیشتووی گەڕەكی سەركەوتن دەڵێت: هەموو رۆژێک بە پیكاب و ماتۆڕی باركردن، زبڵ و پاشماوەی خانوو كە چەندین ماددەی خراپی دژی ژینگە و تەندروستیی تێدایە، دەهێنرێنە كۆڕنیشی نزیك گەڕەكەكەمان و فڕێی دەدەن.
وتیشی: هەندێك لەو کەسانەی زبڵ دەهێنن هەر لە کۆڕنیش ئاگری تێ بەردەدەن و دەیسوتێنن، ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی دوکەڵێکی ژەهراوی بەسەر ماڵەکانماندا، داواكارم لە شارەوانی و ژینگەی هەولێر سنوورێك بۆ ئەم دیاردە مەترسیدارە دابنێن، كە دەتوانن بە دانانی كامێرای چاودێری ئەو دیاردەیە بنەبڕ بكەن و سزای ئەو كەسانەش بدەن كە زبڵ لە کۆڕنیش فڕێ دەدەن.

خوێندنگەکەی بێركۆتی نوێ تەواو نەکراوە
بێركۆتی نوێ یەكێكە لە گەڕەكە تازەكانی شاری هەولێر، پێویستی بە چەند خزمەتگوزارییەك هەیە، لەوانە خوێندنگەی ناوەندی كە چەندین ساڵە بیناکەی دروستكراوە و بە تەواونەکراوی بەجێهێڵراوە.
شێروان قادر دانیشتووی گەڕەکی بێركۆتی نوێ وتی: ماوەی پێنج ساڵە باڵەخانەی قوتابخانەی ناوەندیی لە گەڕەکی بێركۆتی نوێ دروستكراوە، بەڵام تەواوی ناكەن، بۆیە ئێستا خوێندكارانی ئەو گەڕەكە بە ناچاری بە پاس دەچنە خوێندنگەی گەڕەكەکانی تری هەولێر دەخوێنن، كە زۆربەیان هەژارن و خانەوادەكانیان توانای دابینكردنی كرێی پاسیان نییە.
وتیشی: خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی گەڕەكەكە لەناو كابینە دەخوێنن، لە کاتێکدا کە دەوامی قوتابخانە نامێنێت کابینەکان ئاژەڵی تێدا بەخێودەکرێت.

 

بۆنی ئاوەڕۆی گشتیی هەولێر، گەڕەکی توڕەقی هەراسان کردووە 
ئاوەڕۆی گشتیی هەولێر كاتێك دەچێتە دەرەوەی شارەكە بەناو گەڕەكی توڕەقدا دەڕوات، ئەوەش بۆنێكی ناخۆشی بۆ دانیشتوانی گەڕەکەکە دروستكردووە.
ئەحمەد عومەر یەكێكە لە دانیشتوانی گەڕەکی توڕەق وتی: ئاوەڕۆکە بۆنێکی ناخۆشی هەیە و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەهۆی کۆبوونەوەی مێش و مێشوولە لە سەری مەترسی بۆ سەر تەندروستی و ژیانمان دروست کردووە، جگە لەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر منداڵێك كەوتە ناویەوە و خنكا، داوا لەلایەنی پەیوەندیداری حكومەت دەكەین جۆگەكە وەك گەڕەكەكانی تری هەولێر بە شێوەی ئاوەڕۆی سندوقی دابخات.

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان