براوەی خەڵاتی نۆبڵی 1963
شاعیری یۆنانی جیورجس سیفیریس 1971_1900
جیورجس سیفیریس ساڵی 1900 لەئاسیای بچوک لە ناوچەی سمیرنا لەدایک بووە، قوناغی ناوەندیی لە ئەسینا و دواتر یاسای لە پاریس خوێندووە. لەبواری دیبلۆماسیدا کاری کردووە لە هەر یەک لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەلبانیا، لە سەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانیدا لە وڵاتی خۆی لە یۆنان هەڵهاتووە و لەمیسر و خوارووی ئەفریقا و ئیتاڵیا گیرساوەتەوە. لەساڵی 1944 دا گەڕاوەتەوە بۆ ئەسینا و دووبارە کاری دیبلۆماسیی کردووە و لە چەند زانکۆیەکی سەنگین دکتۆرای فەخریی پێ بەخشراوە، ئەوانیش هەریەکە لە زانکۆکانی (کامبرج و ئۆکسفۆرد و بزنستن)بوون. لەبەرئەوەی زۆر گەشتی کردووە، کەوتۆتە ژێر کاریگەریی هێماگەرەکانەوە و جێدەستی شیعری گریکەکان لە بەرهەمەکانیدا رەنگی داوەتەوە. لەپای نووسینە شیعرییە لیرک ئامێزەکانی کە لە هۆشێکی قوڵەوە هەڵیهێنجاون ساڵی 1963 بەشایستەی خەڵاتی نۆبڵ زانرا و خەڵاتەکەی پێ بەخشرا.
ساتێک لە خۆشیی
دڵخۆشبووین بەدرێژایی ئەو بەیانییە
ئای خودا چەندە دڵخۆش بووین...
یەکەمجار بەرد و گەڵای دارەکان و گوڵەکان دەدرەوشانەوە،
دواتریش خۆر،
خۆر بەو قەبارە زەبەلاحەیەوە بەڵام زۆر دوور بوو لەئاسماندا.
لەوێندەرێش پەرییەک هەبوو خەمەکانی گرد دەکردەوە و
بەلقی دارئەرخەوانەکاندا هەڵی دەواسین،
لەوێندەرێ زیاتر لە ـ کیویدێک ـ و ـ ساتیرێک ـ هەبوون کە گۆرانیان دەچڕیی و
ساتێکی پڕ لەخۆشییان دەگوزەراند.
لەوێدا لەتوانادا هەبوو کە پەلوپۆی منداڵە پەمەییەکان
لەنێوان چەپکەگوڵە رەشەکاندا بەدی بکەیت.
ئێمە بەدرێژایی ئەو بەیانییە دڵخۆشبووین،
کە بۆشایی بیرێکی سەداخراو بوو.
ئایا .. تۆ قاقاکانمانت بیردەکەوێتەوە؟
ئای چەندە دڵخۆش بووین..
دواتر هەورەکان دابارین و زەوی تەڕتەڕ بوو
تۆش ئیتر لە پێکەنین کەوتی،
کە لەناو کوخەکەدا پاڵت لێ دایەوە و
دووچاوت بەزەقیی کردەوە و بڕیتە ئەو پەرییەی
کە شمشێرێکی ئاگرینی هەڵگرتبوو،
وتت: نازانم چۆن باسی بکەم نازانم چۆن
بۆیە دەڵێم: ئەستەمە لە کەسانێک تێبگەیت
کە یارییان بە رەنگەکان کردبێت و
تەنیا هەر رەش بنوێنن.
تێبینی:
ساتیر: گوزارشتە لە ئەهریمەن لەلای یۆنانییەکان.
فۆن: جنۆکەی گوندەکانە لەلای یۆنانییەکان
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
ئاوات حەسەن ئەمین
سەرچاوە:قصائد من شعراء جائزه نوبل
إختارها وترجمها د. شهاب غانم، مارس 2009