د. رووبار مەجید لە دیدارێکدا بۆ کوردستانی نوێ:

تێپەڕاندنی ئەم یاسایە، مەترسییە بۆ سەر ژیانی هەموو تاکێک لە کۆمەڵگەدا

10:17 - 2024-11-04
دیدار
90 جار خوێندراوەتەوە

ئا: لاپەڕەی ژنان

 

د. رووبار مەجید مامۆستای کۆلێژی یاسا لە زانکۆی سلێمانی لە دیدارێکیدا لەگەڵ دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ سەبارەت بە مەترسییەکانی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عیراق و کاریگەریی بۆ سەر کۆمەڵگە، وتی: وەک دەبینین ئامادەکاری کراوە بۆ خوێندنەوەی دووەمی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عیراقدا، بەڕاستی تێپەڕاندنی ئەم یاسایە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هەموو تاکێک لە کۆمەڵگەدا، بۆیە دەبێت ئێمە بە ژن و پیاوەوە لە کۆمەڵگەدا یەک بگرین بۆ هەموارنەکردنەوەی ئەم یاسایە.

 

 
بۆ ئەو پێشکەوتنانەی لە کۆمەڵگەدا روویانداوە، واپێویست دەکات یاسای باری کەسێتی، بەشێوازێکی مەدەنی هەمواربکرێتەوە، نەک بەرگێکی مەزهەبیی بە بەردا بکرێت

زەقکردنەوەی مەزهەبگەراییە
د. رووبار دەربارەی ئەم پرۆژە یاسایە دەڵێت: نکۆڵی لەوە ناکرێت کە یاساکان لەگەڵ گۆڕانی کاتدا دەگۆڕێن، دەبینین ئەو پێشکەوتنانەی لە کۆمەڵگەدا روویانداوە واپێویست دەکات یاسای باری کەسێتی، بەشێوازێکی مەدەنی هەمواربکرێتەوە، نەک بەرگێکی مەزهەبیی بە بەردا بکرێت، لە راستیدا زەقکردنەوەیەکی مەزهەبگەراییە و ئەم شێوە هەموارکردنەوەیە گەڕانەوەیە بۆ مەزهەبگەرایی، لێرەدا نە گەڕاونەتەوە بۆ زانایانی (الفقها‌ء) شەریعەتی ئیسلامیی، چونکە لە یاسای باری کەسێتیدا دەڵێت: «ئەگەر یاساکە هیچ قانونێک یان چارەسەرێکی تێدا نەبوو بۆ مەسەلەیەکی دیاریکراو ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ ئەحکامی شەریعەی ئیسلامی» ناڵێت دەگەڕێینەوە بۆ مەزهەبەکان، بەڵام لەم هەموارکردنەوەیەدا دەڵێت: دەگەڕێینەوە بۆ مەزهەبەکان نەک بۆ (الفقها‌ء) زانایانی ئیسلامی، لێرەشدا ئەو کێشەیە دروست دەبێت مەزهەبەکان هەر یەکە و خۆی بە شەریعەی ئیسلامیی دەزانێت بەوەش بێسەروبەرییەک دروست دەبێت لە جێبەجێکردنی یاساکەدا.

 

دەنگمان یەک بخەین
بۆیە دەبێت ئێمە رێگە بەو هەموارکردنەوەیە نەدەین و دەنگمان بەرزکەینەوە بۆ هەموارنەکردنەوە و تێنەپەڕاندنی ئەو یاسایە، بێگومان ئەوەش لە رێگەی پەرلەمانتارە کوردەکان و پەرلەمانتارانی عەرەبی سوونەوە دەکرێت، کە دەنگیان یەک بخەن بۆ سەرنەگرتنی ئەم هەموارکردنەوەیە.   

بابەتە پەیوەندیدارەکان