راپۆرتی: ئەسرین محەمەد
پاش بڵاوبوونەوەی سکچوون و رشانەوە لە گەڕەکێکی قەزای شارەزوور، بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ بە ئاوی خواردنەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو هاووڵاتیان دڵنیادەکەنەوە ئاوی بەلوعە خاوێنە و شیاوی خواردنەوەیە.
ئامانج جەلال وتەبێژی ئاوی سلێمانی بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند، ئاوی خواردنەوە پێش ئەوەی بگەیەنرێت بە هاووڵاتیان لە پرۆژەکانەوە کاری پاککردنەوە و فلتەرەیشنی بۆ دەکرێت و ماددەی کلۆری تێدەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە پرۆژەی ئاوی سەرچنار و هێڵی یەک و دووی ئاوی دوکان - سلێمانی، ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیانی شاری سلێمانی و ئەو قەزا و ناحیانە دابین دەکات کە دەکەونە سنورەکەیەوە.
وتیشی: تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رۆژانە لە تاقیگەکان پشکنین بۆ ئاوی بەرهەمهاتووی پرۆژەکان دەکەن لە تاقیگەی سەرەکی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاو و تاقیگەکانی ئاوی سەرچنار و ئاوی دوکان – سلێمانی، هەروەها بەردەوام کاری پاکژکردنەوەی بۆ دەکەن. سەرباری ئەمانەش بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە رێگەی تیمەکانی خۆپاراستنی تەندروستییەوە رۆژانە پشکنین بۆ ئاوی بەرهەمهاتووی پرۆژەکانی ئاوی سلێمانی دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە خاوێنی.
ئامانج جەلال ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئاوەی بۆ هاووڵاتیان دابینی دەکەین ئاوێکی پاک و بێ گرفتە و ئەگەر بزانین کێشەی تەندروستی هەیە دابەشی ناکەین بەسەر هاووڵاتیاندا، لەبەرئەوەی تەندروستی هاووڵاتیان لەپێش هەموو شتێکەوەیە.
ئەو حاڵەتەی روویدا لە گەڕەکی شارستانی قەزای شارەزوور بەهۆی کۆنیی بۆرییەکەوە بوو، لافاوی ماوەی رابردوو بووە هۆی کۆبوونەوەی ئاو لەو گەڕەکە و بووەتە هۆی شکاندنی بۆری ئاو و ئاوەڕۆی گەڕەکەکە و لە جۆینتەکانەوە هەردووکیان تێکەڵ بوون و ئەو حاڵەتە نەخوازراوەی لێکەوتەوە.
هەروەها، شیروان جەمال بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند، پاش زانینی حاڵەتەکە دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنەکە، کێشەکەیان دۆزییەوە و بۆرییەکانیان چاککردەوە، هەروەها تیمەکانی کۆنترۆڵی جۆری تانکییەکان و سەرچاوەی ئاوەکەیان پشکنی و لە دروستی دڵنیابوونەوە.
وتیشی: نموونەمان لە ئاوی گەڕەکەکان وەرگرتووە و ناردومانە بۆ تاقیگە، بەپێی ئەنجامی سەرەتایی دەرکەوتووە ئەو ماڵانەی ئاوەڕۆ تێکەڵی ئاوی خواردنەوەیان بوو بوو ئێستا ئاوەکەیان روونبووەتەوە و رێژەی کلۆریشی ستانداردە، پاش دەرچوونی ئەنجامی کۆتایی کۆنترۆڵی جۆری، هاووڵاتیان دڵنیادەکەینەوە دەتوانن ئاوی بەلوعە بخۆنەوە و ئەو ئاوەی دەگاتە لای هاووڵاتیان خاوێنە، ئەوەی رویداوە تەنها حاڵەتێك بووە.
باسی لەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەر لە هەڵمەتێكدا بە تانکەر ئاوی گەیاندووەتە ئەو ماڵانەی ئاوی پیسیان بۆ چووە، بۆئەوەی تانکی ماڵەکانیان خاوێن بکەنەوە و ئامادەبن بۆ تێكردنەوەی ئاوی خاوێن.