بەشانازییەوە، هەموومان لە (کەرکوک)ین

05:12 - 2024-11-20
کوردستان
2991 جار خوێندراوەتەوە




هەڵکەوت زەنگەنە

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی11ی2024، کەرکوکییەکان لە شارەکەی خۆیانن، لە کەرکوکی قەڵای سەوز و پتەوی کوردستان و کوردایەتین و چاوەڕێین لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عیراق 2024دا ناوی خۆمان تۆماربکەین.
لە دوێنێوە لە کەرکوکین، هەر لە ساتەوەختی بەڕێکەوتنمانەوە، تا پێشوازیی گەرموگوڕ لە ڕێگەی سلێمانی- کەرکوک، تا گەیشتنمان و میوانداریکردنمان لەلایەن خزم و کەسوکارە ئازیزەکانمانەوە، هەستێکی خۆش، دڵ و دەروونمان ئارام دەکاتەوە.
هەستێک کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شانازیی بەشداریکردن لە سەلماندنەوەی کوردستانیبوونی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، هەروەک سەرۆک مام جەلال لە مورافەعە مێژووییەکەدا لە ئەنجومەنی حوکم لە رۆژی 9ی2ی2004، لەبەرچاوی هەموواندا و بە نەخشە و بەڵگەی مێژوویی، ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرەی  سەلماندەوە و چەسپاندی.
لە هەمانکاتدا، خۆشحاڵییەکە، هەستکردنە بە رووبەڕووبوونەوەی ئەو زوڵم و ستەمەی کە بەزۆر لە خاکەکەی خۆمان دەریپەڕاندین و چەندین ساڵ لە دەرەوەی شارەکەی خۆمان و لە ئاوارەییدا ژیانمان بەسەربرد، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و ستەمە، کەرکوک بە شۆڕشی رزگاریخوازی و خەباتی دیموکراسی و ئەنجامی سەرجەم هەڵبژاردنەکانی دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق، تەنانەت بە عورف و عادات و میوانداریی خانەخوێیەکانیشی، سەلماندوویەتی هەمیشە کوردستانییە.
لە دوێنێوە، هەمووان بە میوان و خاوەن ماڵەوە، کە هەموومان خاوەن یەک خاک و یەک پرسین، هەست دەکەین جەژن و بۆنەیەکی نیشتمانییە.
لەدوێنێوە هەمووان ئاوێزانی یەکتر بووینەتەوە، هیچ ماڵێک نییە، ئامێزی بۆ چەند خێزانێک نەکردبێتەوە، ئامێزێکی گەرموگوڕ، گەرم وەک بڵێسەی ئاگرەکەی باباگوڕگوڕ کە سیاسەتی نەفرەتلێکراوی تەعریب و تەرحیل و تەبعیسی خستە زبڵدانی مێژووەوە، لەبری ئەوە سیاسەتی پێکەوەژیان و چەپکەگوڵ و چەسپاندنی برایەتی لەنێوان سەرجەم پێکهاتە و دانیشتووانی رەسەنی کەرکوکدا، چەسپاند و هەوڵی پەرەپێدانیشی دەدات.
سیاسەتێک کە لای دانیشتووانە رەسەنەکەی کەرکوک قبووڵکراوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش خاوەن و داکۆکیکاریی ئەو سیاسەتەیە، کەرکوکییەکانیش بەسەرجەم پێکهاتەکانیانەوە، تەنانەت لە دەرەوەی کەرکوکیش، هەست بەوە دەکەن کە هەر ئەو سیاسەته، رێگەی راستی خزمەتکردنی کەرکوکییەکانە بەبێ جیاوازی، نەک موزایەدە و سیاسەتی پیلان بۆ داڕێژراو لە بەرگی وروژاندنی هەستی نەتەوەییدا، کە بەداخەوە هەندێ لایەنی دیاریکراو پەیڕەوی دەکەن.
جێبەجێکردنی سیاسەتی راست و دروستی پێکەوەژیان، ئێستا ئیدارەیەکی نوێ و پارێزگارێکی نوێی بەخشیوەتە کەرکوکییەکان، کە ئەولەیەتی هەرەلەپێشی کارەکانیان تەنها خزمەتکردنی کەرکوکییەکان و راستکردنەوەی هەڵەکانی ئیدارەی سەپێنراوی پێشووە.
ئەمڕۆ کەرکوک لە سەردەمی ئیدارەی نوێ و رێبوار تەها پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکوکدا، لە هەموو روویەکەوە جیاوازە، بە هەر کوچە و کۆڵانێکی کەرکوکدا تێدەپەڕیت، دەبینیت تیمەکانی ئیدارەی نوێ، سەرقاڵی پرۆژەی خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی زیاترن، هەنگاوێکی گرنگی دیکەش پاکڕاگرتنی کەرکوک و لابردنی زبڵ و خاشاکی سەرشەقامەکان و ناو گەڕەکەکانە. 
گوێگرتن لە هەموو چینوتوێژەکان و بەدەنگەوەچوونی داواکارییەکانی هاووڵاتیان و راستەوخۆ لەناو خەڵکدا، سیمای نوێی ئیدارەی هەڵبژێردراوی کەرکوکە.
خزمەتەکانی ئەم ئیدارەیە لە ئاستێکدان، کەرکوکییەکان و دانیشتووانی سنووری پارێزگاکە پێش هەمووان، شاهیدیی بۆ ئیدارەی نوێی کەرکوک دەدەن و وەک خۆیان دەڵێن: بەردەوام دوعای خێری بۆ دەکەن و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازن.
ئێستا خەبات و تێکۆشانی کەرکوکییەکان و ئەنجامی سەرجەم هەڵبژاردنەکان و تامەزرۆیی کەرکوکییەکان بۆ خۆتۆمارکردن لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوواندا و پێشوازیی گەرموگوڕی دانیشتووانی کەرکوک لە کەرکوکییە رەسەنەکان، بەجۆرێک ئاوێزانی یەکتربوون، هەروەک سەرۆک مام جەلال دەڵێت: مومکین نییە هیچ هێزێک چەند بە دەسەڵات و بەتوانا بێت، راستیی کوردستانیبوونی کەرکوک بسڕێتەوە.
هەموو ئەو هەنگاوانەش، وتەکەی "مام"ی هەمووان زیاتر بەرجەستە دەکات کە هەر لەسەرەتای رزگاریی کوردستان و دوای راپەڕینی بەهاری 1991 تەئکیدی لەسەر کردەوە کە "کلیلی چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد، کەرکوکە و فەقەت کەرکوکە و هەر کەرکوکیش دەبێت".

بابەتە پەیوەندیدارەکان