زۆربەی نۆڕینگەی گەڕەکەکان مۆڵەتیان نییە و بە نایاسایی کاردەکەن

250 کۆمپانیای هاوردە و سێ کارگەی بەرهەمهێنان لە هەرێم هەن

09:59 - 2024-11-24
ڕاپۆرت
104 جار خوێندراوەتەوە
#نزیكەی 1800 دەرمانخانەی رەسمی لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە

دیداری/ رەوەست نەوزاد

سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازان بۆ کوردستانی نوێ  : کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان لە ئاستی پێویستدا نین، بۆ نموونە تاقیگەكانیان بێتوانان، پێویستە باش بكرێن و هەموو دەرمانەكان بپشكنن

لە هەرێمی كوردستان، هێنان و مامەڵەکردن بە دەرمانەوە چووەتە قۆناغێکی ئاڵۆزەوە بەهۆی كێشەكانی کوالێتی لەلایەك و بازرگانیكردن پێیەوە لەلایەكی تر، قەبارەی بازرگانیکردنی دەرمان ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت، زۆرجاریش باس لە ساختەكاریی یان فرۆشتنی دەرمانی بێ کوالێتی دەکرێت بە نەخۆش، لە کاتێکدا ئەو بەرهەمە لەپێناو مرۆڤایەتی دروستکراوە نەک بازرگانیکردن. لە دیدارێکدا بۆ کوردستانی نوێ د.بارێف زاهیر سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان باس لە دۆخی دەرمان و دەرمانسازان دەکات.

*کاری سەرەکی سەندیكای دەرمانسازان چییە؟
-كارەكانمان بریتییە لە چاودێریكردن و رێكخستنی پەیوەندیی نێوان دەرمانسازان و دەرمانخانەكان و شوێنی دەرمانسازەكان.

*لە هەرێم چەند دەرمانخانە هەیە ؟
-نزیكەی 1800 دەرمانخانەی رەسمی لە هەرێمی كوردستان هەیە.

*ژمارەی دەرمانخانەكان بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان گونجاوە؟
-تائێستا ژمارەی دەرمانخانەکان ئاساییە و ستانداردی تێنەپەڕاندووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیان زۆرە، لەبەرئەوەیە ئێستا هەشت كۆلێژی ئەهلی دەرمانسازی كراوەتەوە جگە لە سێ كۆلێژی حكومی، كە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر پزیشکی دەرمانساز دەردەچن، کە ژمارەیەکی زۆرە.

*پێتوانییە دەبێت ژمارەی ئەو هەموو دەرچووە ساڵانە كەمبكرێتەوە؟
-بۆ كەمكردنەوەیان پێویستە كۆلێژەكانی دەرمانسازی لە هەرێم بۆ ماوەی 5 تا 6 ساڵی تر دابخرێن بۆئەوەی رێژەی دەرچووان كەم ببنەوە، لە رابردوودا ساڵانە 200 كەس دەردەچوون، بەڵام ئێستا ساڵانە بە دەرچوانی ئەهلی و حكومی ژمارەیان لەوانەیە بگاتە 1200 بۆ 1300 دەرچوو.

*ژمارەی كۆمپانیاكانی دەرمان لە هەرێم چەندن؟
-كارەكانی كۆمپانیاكانی دەرمان سەر بە وەزارەتی تەندروستین، بەڵام ئێستا ژمارەیان نزیكەی 250 كۆمپانیان كە هەموویان هی كەرتی تایبەتن.

*سەبارەت بە ژمارە و كارەكانی نۆڕینگەی ناو گەڕەكەكان چی دەڵێن؟  
-داتای تەواو لەلای سەندیكای كارمەندانی تەندروستییە، بەڵام ئەوەی زانراوە زیاتر لە هەشت هەزار نۆڕینگە لەناو گەڕەكەكاندا لە هەرێم بوونی هەیە، زۆرینەیان مۆڵەتی رەسمیان نییە و بە نایاسایی کاردەکەن.

*مادام بە نایاسایی کاردەکەن هۆكاری دانەخستنیان بۆچی دەگەڕێتەوە؟ 
-هۆكاری دانەخستنیان نازانم، بەڵام ئەوانەی كراونەتەوە هەموویان مەترسین بۆ سەر تەندروستی خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئەویش بەهۆی پێدانی دەرمان، لە کاتێكدا مۆڵەتی ئەو كارەیان پێنەدراوە یان ناتوانن بەشێوەیەكی دروست و زانستی دەرمان بدەنە نەخۆش.

*سەندیکای دەرمانسازان چاودێریی دەرمانخانەكان دەكەن؟
-لیژنەیەكی هاوبەشمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەیە كە دەچن پشكنین بۆ دەرمانخانەكان دەكەن، شوێن هەبووە بەهۆی سەرپێچییەوە سزادراوە، كاری كۆنترۆڵی دەرمان بە هاوبەش دەكرێت و ئێمەش و وەزارەتی تەندروستی بە تەنیا ناتوانین بیکەین، بەڵکو پێویستە هەماهەنگی هەبێت، بەڵام هەماهەنگی بۆ 
مەسەلەی دەرمان كەمە.
*سەبارەت بە دەرمانی ساختە چ رێوشوێنێك دەگرنەبەر؟
-بەدواداچوون بۆ دەرمانی ساختە دەکەین، چەندینجار لەلایەن ئێمە یان لیژنەكانی وەزارەتی تەندروستییەوە دەست بەسەر دەرمانی ساختەدا گیراوە و رێوشوێن لە بەرامبەر ئەنجامدەرانیدا گیراوەتەبەر و دراون بە دادگا.

*سەندیكای دەرمانسازان خاوەنی چەند ئەندامە و تەنیا دەرچووانی بەشی دەرمانسازین؟
-بەڵێ تەنیا دەرچووی كۆلێژی دەرمانسازی ئەندامن لە سەندیكاكەمان كە نزیكەی چوار هەزار ئەندامن.

*دیاردەی فرۆشتنی بڕوانامەی دكتۆری دەرمانسازی لە هەرێم بۆ كردنەوەی دەرمانخانە بوونی هەیە؟
-بە یاسا ئەو كارە رێگەپێنەدراوە، بەڵام هەموو پزیشکێکی دەرمانسازیش شوێنی دەستناكەوێت بۆ ئەوەی دەرمانخانە بكاتەوە، بۆیە پێویستە لە یەكێكی تر بەكرێ وەریبگرێت، بەڵام خەڵك هەیە ئەو كارە دەقۆزێتەوە و بەشێوەی تر گرێبەستی لەگەڵ دەکات و لە بەرامبەردا پارە وەردەگرێت.

*چەند كارگەی بەرهەمهێنانی دەرمان لە هەرێم هەیە؟
-سێ كارگە هەیە كە هی كەرتی تایبەتن، یەكێكیان لە شاری هەولێرە و دوانەكەی دیکە لە شاری سلێمانین كە رێژەی بەرهەم و كوالێتیشیان باشە.

*سەندیكای دەرمانسازان چ گلەییەکی لە وەزارەتی تەندروستی هەیە؟
-گلەیی سەندیكای دەرمانسازان لە وەزارەتی تەندروستی لەڕووی هەماهەنگییەوەیە، كاتێك رێوشوێن دەگرنەبەر بۆ پشكنینی دەرمانخانەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێمە نایکەن، تەنانەت لە كاتی سزادانی شوێنەكانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێمە نایكەن و خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن، ئەوە بۆ زۆریەی کارەکانی دیکەش هەروایە.

*راتان چییە سەبارەت بە بەڕێوبەرایەتی كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان؟
-کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆلێتی کۆنترۆڵی دەرمان لە ئاستی پێویستدا نییە بۆ چاودێریکردنی دەرمان لە هەرێم، بۆ نموونە تاقیگەكانیان بێتوانان پێویستە باش بكرێن و پڕۆفیشناڵ بن و هەموو دەرمانەكان بپشكنن.

*سەندیكای دەرمانسازان چ كەموكوڕییەکی هەیە؟
-سەندیكاكەمان لەهەموو روویەكەوە بێ كێشەیە، بەڵام پێویستمان بەوەیە حكومەت ئەو دەرچووە تازانەی كۆلێژی دەرمانسازی كە خوێندن تەواو دەكەن دایانمەزرێنێت.

* نرخی دەرمان لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی تر گرانە یان هەرزان؟
-بە نزیكەیی نرخی دەرمان لە هەرێم وەك نرخی وڵاتانی جیهانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان