پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێزدەکات

لە زستاندا، كونجی و خورما گەرمیانییەكان كۆدەكاتەوە

09:38 - 2024-11-25
ڕاپۆرت
195 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ حسێن عەزیز


ساڵانێكی زۆرە لە سنووری گەرمیان، شەوگاری درێژی زستان بە كوتان و دروستكردنی كونجی و خورما لە بەشێك لە ماڵ و لەناو خێزانەكان و گروپە وەرزشی و كۆمەڵایەتییەكاندا بەسەر دەبرێت و وەك نەریتێكی باو ساڵانە دووبارە دەكرێتەوە و زیاد دەكات، ئامانج لێی بەسەربردنی كاتێكی خۆش و كۆبوونەوەی خزمان و هاوڕێ و پتەوكردنی پەیوەندییە هەمەلایەنەكانە، كوردستانی نوێ شەوێك لەگەڵ كۆمەڵەی هەردەوانی گەرمیان لە كەلار بەسەر دەبات و پێتان دەڵێت، کونجی و خورما چۆن ئامادە دەکرێت.

ئامادەکردنی کونجییەکە
سەلام عارف باجەڵان ئەندامێكی بە تەمەنی كۆمەڵەی هەردەوانی گەرمیانە و شەوانی كۆبوونەوەی كۆمەڵەكە سەرپەرشتی كوتانی كونجی و خورما دەكات، لەبارەی جۆری كونجییەکە و چۆنێتی ئامادەكردنی بۆ كوردستانی نوێ وتی: دوو جۆر كونجی هەیە لە جۆری بەهێز و ئاسایی ئەوەی پێی دەڵێن بەهێز كونجییەكەی گەورە ترە و لێرە كەمترە، ئەوەی بۆ كونجی و خورما بەكاردێت كونجی ئاساییە و لە سنووری گەرمیانیش بەرهەم دێت.
لە گوندی قەریاتاغی سەر بە ناحیەی قەرەتەپە کونجی بەرهەم دەهێنرێت، سەرەتا دەبێت كونجی رەشی ئاسایی لە بەرد و خاشاك پاكبكرێتەوە و بشۆردرێتەوە و چاوەڕوان بكرێت بۆئەوەی بەباشی وشك بێتەوە، دواتر لەسەر ئاگرێكی هێواش دەبرژێندرێت و دەبێت لە كاتی برژاندندا بە بەردەوامی تێكبدرێت بۆئەوەی نەسووتێت و زیاد نەبرژێت. دواتر لەناو دنگ و دەسكەوان یان ئەو دنگانەی كە لە داری بەهێز و ئەستوور دروستدەكرێت، بە تەنیا بە جوانی بكوترێت، لەبەرئەوەی ئەگەر بەباشی نەكوترێت دواتر كونجی و خورماكەی بەباشی دەرناچێت.

 

کوتینی کونجی و خورما چێژێکی تایبەتی هەیە، هەروەها شەوێكی خۆش بەڕێ دەکەین و پەیوەندیی خزمایەتی  و هاوڕێیەتیشمان بەهێزتر دەكەین

 

چۆنیەتی کوتینی کونجی و خورما

محەمەد سدیق یەكێكی ترە لە ئەندامانی كۆمەڵەكە و خاوەن باغ و كێڵگەی كشتوكاڵییە و دانیشتووی گوندی شێخ لەنگەری سەر بە قەزای كفرییە و زۆرجار خورمای باخەكەی خۆی دەكاتە خۆراكی شەوانی كۆبوونەوەی كۆمەڵەكە و بۆ كوردستانی نوێ دەڵێت: باشترین جۆری خورما بۆ كونجی خورما لە جۆری زەهدیە كە جۆرێكە لە خورمای وشك و لە سنووری گەرمیان هەیە، تا وشكبێت باشتر و زووتر ئامادە دەبێت، سەرەتا كڵاوەكەی لێدەكرێتەوە و دواتر هەر بە ناوكەكەوە دەكرێت بەسەر ئەو گونجییەدا كە پێشتر كوتراوە، لەبەرئەوەی ناوكەكەی رەقە یارمەتی كوتانەكە دەدات و زووتر دەشكێت. دواتر بە نۆرە هەریەكە و بەپێی توانا و هێزی خۆی بە دەستكەوان یان دارێكی گەورەی قورس دەیكوتێت بۆ ماوەیەكی زۆر تا تێكەڵ دەبێت و وردە وردە رۆن دروست دەكات، تا ئەوكاتەی لەگەڵ كوتاندا پرشی رۆن هەڵدەداتە دەرەوە و رەنگ و بۆنی دەگۆڕێت، پاشان دەردەهێنرێت و كەسێك دەیشێلێت و دەیكاتە پارچە پارچە یان تۆپەڵەی خڕی بچووك و بەسەر دانیشتوانی كۆڕ و کۆبوونەوەکەدا دابەش دەكرێت و خواردنێكی خۆش و بە سوود و بەتامی لێ بەرهەم دێت.

بەسەربردنی کاتێکی خۆش
ئەو ئەندامەی كۆمەڵەكە وتیشی: لە پاڵ شاخەوانی و هەردەوانی و یاری بالەی هەردەوانیدا ناو بەناو شەوان بە یاری كوردەواری و كوتانی كونجی بەسەر دەبەین و بە نوكتە و قسەی خۆش و بەسەرهاتەكانی رۆژانی گەشتەكانمان شەوێکی خۆش بەڕێ دەكەین، هاوڕێیانە و برایانە بە هەرەوەزی و پێكەوەی كارەكان دەكەین.
بەشێك لە خێزان و ماڵ و دیوەخانەكانی گەرمیان، هەموو ساڵێك كونجی و خورما هاوڕێ یان خزمەكان لە دەوری یەک كۆدەكاتەوە، سەلاح عەبدولكەریم شاكەلی دانیشتووی ناحیەی رزگارییە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بە كوردستانی نوێی وت:  نزیكەی 10 ساڵە لە وەرزی باران باریندا تا نزیكەی 10ی مانگی دوو چەند جارێك كونجی و خورما لە ماڵی خۆماندا دەكوتین و هەندێكجار كۆمەڵێك لە خزمان و زۆر جاریش هاوڕێ و مامۆستایانی خوێندنگەكەمان كۆدەكەمەوە و پێكەوە دەیكوتین.
وتیشی: کوتینی کونجی و خورما لە وەرزی سەرمادا چێژی تایبەتیی هەیە و شەوێكی خۆش بەڕێ دەکەین، هاوکات پەیوەندیی خزمایەتی و هاوڕێیەتیمان خۆشتر و بەهێزتر دەكات.

 

کونجی و خورما کوتین لە گوندێکی گەرمیان

بابەتە پەیوەندیدارەکان