محەمەد عەبدولرەحمان
لە قەزای پێنجوێن، پاییزان وەرزی پێگەشتن و هەڵگرتنەوەی بەرهەمی پەتاتەیە، جووتیاران سەرقاڵی کۆکردنەوە و چنینەوەی بەرهەمەکانیانن و دڵخۆشن کە بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتەیان بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە.
ئارام عومەر جووتیاری نموونەیی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: کەش و هەوای قەزای پێنجوێن لەبار و گونجاوە بۆ بەرهەمی پەتاتە، ئەم ساڵ نزیکەی هەزار تۆن بنەتۆو چێندراوە لە هەردوو جۆری بازرگانی و پیشەسازی، بەراورد بە شوێنەکانی دیکە قەزای پێنجوێن زیاتر دەبڕیتك واتە بەرهەمی باشتر و زیاترە.
وتیشی: پەتاتەی پێنجوێن خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەویش بە هۆی باشیی بەرهەمەکەیەوە، چونکە قەزای پێنجوێن بە هۆی کەش و هەوای لەبار و گونجاوەوە، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی و بە تایبەتیش پەتاتە، ساڵ بە ساڵ رێژەکەی لە زیادبووندایە و لە کاتی پێگەیشتنی پەتاتەدا هەلی کار بۆ زیاتر لە هەزار کرێکار دابین دەکات.
دەرفەتی هەلی کار
چێنەر محەمەد، کرێکارە و بە کوردستانی نوێی راگەیاند: رۆژانە کاتژمێر دووی شەو لە قەزای شارەزوورەوە بەڕێ دەکەوین بۆ قەزای پێنجوێن شەشی بەیانی دەستبەکار دەبین بۆ چنیینەوەی بەرهەمی پەتاتە.
وتیشی: زیاتر لە 100 کرێکاری خۆم هەیە کە رۆژانە بە چەند پاسێک هاتوچۆیان پێدەکەین و خۆم سەرپەرشتییان دەکەم.
چێنەر دەڵێت: قەزای پێنجوێن هەلی کاری باشی تێدایە بۆ گەنجان و بە تایبەتیش لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی پەتاتەدا ماوەی زیاتر لە دوو مانگ دەرفەتی کار بۆ کرێکاران رەخساوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: زیاتر لە پێنج ساڵە لە کاتی پێگەشتنی بەرهەمی پەتاتەدا رۆژانە لەگەڵ چەند کرێکارێکدا دێینە قەزاکە بۆ کارکردن، ئەو کەسانەشی لە گەڵمان کاردەکەن کچ و کوڕن پێکەوە، زۆریان تێدایە، کە زانکۆ و پەیمانگەیان تەواوکردووە و دانەمەزراون.
رزگار حەمە خدر راوێکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە کوردستانی نوێی راگەیاند: هەرێمی کوردستان لە بەرهەمی پەتاتەدا توانای دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆی هەیە و ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە دادەچێنرێت.
زیاتر لە 100 کرێکاری خۆم هەیە کە رۆژانە بە چەند پاسێک هاتوچۆیان پێدەکەین و خۆم سەرپەرشتییان دەکەم
هەناردەی دەرەوەش دەکرێت
وتیشی: هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 600 هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆی هەبووە، دوو جۆر پەتاتەش لە هەرێمی کوردستان دەچێنرێت، پەتاتەی خۆراکی ناوخۆیی و پەتاتەی پیشەسازی، بە پێی رۆژمێری کشتوکاڵی ئەم ساڵ لە 1/4وە تا 31/1/2025 هاوردەکردنی پەتاتە لە دەرەوە قەدەغە کراوە، بە مەبەستی پشتیوانییکردن لە بەرهەمی ناوخۆ، تەنها پەتاتەی پیشەسازیی نەبێت کە ئەمساڵ لە مانگی 10وە رێگەمان داوە هاوردەبکرێت، چونکە %75ی پێویستیی کارگەکان لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.
ئەو پەتاتەیەی بۆ خواردن دەبێت، توانای دابینکرنی پێویستییەکانی ناوخۆی هەیە و هەندێکیشی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت، چونکە ئەم ساڵ بڕی بەرهەم زیادیکردووە، پەتاتەی ئەم ساڵمان 25 بۆ 30 هەزار تۆنی لێ هەناردەی دەرەوە کراوە بۆ وڵاتانی کەنداو و بەردەوامیش بۆ بازاڕەکانی خوارووی عیراق هەناردە دەکرێت.
بە گوێرەی ئامار و ژمارەی دانیشتوان، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی زیاتر لە 95 هەزار تۆن پەتاتەیە، بەرهەمی پەتاتەی ئەم ساڵیش پێویستیی ناوخۆ بە زیادەوە دابین دەکات.