پێكان و شوێنی یارییكردنی یاریزانان، كێشەیەكی نوێیە بۆ ریاڵ مەدرید

01:34 - 2024-11-26
وەرزش
38 جار خوێندراوەتەوە

یادگار ساڵح

 

 
ئەنجام و دەستكەوت، نازناو و باكگراوند و مێژوو، دەستپێكی هەڵسەنگاندنە بۆ شیكردنەوەی بارودۆخی ریاڵ مەدرید، بەر لەدەستپێكردنی هەر وەرزێك یان خول و پاڵەوانێتییەك، هەموو كات ریاڵ پاڵێوراوی سەرەكی بردنەوەی نازناوەكان دەبێت، لەگەڵ ئەمانەشدا ماوە ماوە نەخۆش دەكەوێت و دووچاری بارودۆخێكی خراپ دەبێت.

شێواز و پلانی یارییكردن
دوای ئەوەی وەرزی رابردوو میرەنگی توانی چەندین نازناو لەسەر ئاستی ئیسپانیا و ئەوروپا بەدەستبهێنێت، بەتایبەت (چامپیۆنس لیگ، لالیگا، جامی سوپەر)، بەڵام لەدەستپێكی وەرزی نوێدا، دووچاری چەند ئەنجامێكی نەخوازراو بوو، بەتایبەتی لەیاریی كلاسیكۆدا كە 0-4 بە ركابەرە سەرسەختەكەی خۆی بارسا دۆڕا، ئەم دۆڕاندنە پەردەی لەسەر کەم و كوڕییەكانی ئەو یانەیە هەڵماڵی.
 لە چامپیۆنس لیگیشدا دوو دۆڕاندنی بەرامبەر لیل-ی فەرەنسی و میلانی ئیتاڵی تۆماركرد، چاودێرانیش هۆكاری ئەنجامە خراپەكانیان دەست نیشانكردووە، كە كاریگەرترینیان پێكانی یاریزان و شوێنی یاریكردنی یاریزانان و پلانی یارییكردن بووە، بەتایبەت ئەنچیلۆتی ئەم وەرزە هەردوو پلانی(4-3-3 و 4-4-2) پەیڕەو دەكات.

پێكانی قورس
ساڵی  2024، 10 یاریزانی یانەكە دووچاری پێكانی پچرانی بەستەری ئەژنۆ بوون، كە قورسترین جۆری پێكانی وەرزشییە، ئێستاش هەریەك لە (دانی كارڤاخال، میلیتاو، ئالابا) ئەو پێكانەیان هەیە، پێستر و ئێستاش (كۆرتوا، چوامینی، رۆدریگۆ، ڤاسكێز) پێكانیان هەبووە، کۆرتوا چاک بۆتەوە، بۆیە ئەنچیلۆتی بۆ رزگاربوون لەو بارودۆخە هەوڵدەدات لەمیركاتۆی زستانەدا بۆند لەگەڵ چەند بەرگریكارێك بكات، دیارترینیشیان (ئیمریك لاپۆرت-یانەی نەسر، كاستیلۆ لۆكیبا-لایپزیگ، گۆریل هاتۆ-ئەیاكس ئەمستردام)، هەوڵێكیش هەیە دووبارە سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكارە لێهاتوەكەیان بگەڕێننەوە.

بێ ئومێدی مباپی
بەر لەئیمزاكردنی بۆند لەگەڵ كیلیان مباپێ، بەرپرسان و چاودێرانی وەرزش لەگەڵ هاندەرانیش پێیان وابوو مباپێ، بەهەمان شێوەی رۆناڵدۆ فریاد رەسی بارودۆخە قورسەكان دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە بێ ئومێدیەكی زۆر بەرامبەر ئەو یاریزانە دروست بووە، نەیتوانیوە نیوەی ژمارەی گۆڵەكانی لیڤاندۆڤسكی هێرشبەری بارسیلۆنا تۆماربكات كە پێشەنگی گۆڵكەرانە بە 15 گۆڵ و مباپێ 7 گۆڵی کردووە.

شوێنی یارییكردنی یاریزانان
ئەنچیلۆتی راهێنەر ئەم وەرزە و دوای هاتنی مباپێ، گـــــۆڕانكــــاری لـــەشوێنی یاریكردنی یاریزاناندا كردووە، هێشتا جێگەی گونجاوی بۆ بیلینگهام نەدۆزیوەتەوە، مباپێ لەناوەڕاستی هێرشبەراندا یاری پێ دەكات، لەكاتێكدا خۆی حەز بەیاریكردن دەكات لەلای چەپ، ئەمەش ئەو شوێنەیە كە ڤینیسیۆس –ی بەرازیلی یاریی تێدا دەكات، مباپێ و بیلینگهامیش تا ئەم كاتە نەیانتوانیوە گوشار لەسەر تیپەكانی بەرامبەر دروست بكەن، یاریی پێنەكرنی ئاردا گولەر یش كێشەیەكی ترە، ئەمانە هەموو پێكەوە و دوای شكستەكانی ریاڵ مەدریدیش لــــە لالیگـــا و چامپیۆنس لیگـــدا، ئـــەنـــچیلۆتی خستۆتە بارودۆخێكی خراپەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان