وتەبێژی یەکێتی: بەو بەرنامەیەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بڵاومانکردەوە، دەچێنە پەرلەمانەوە

12:29 - 2024-11-27
کوردستان
107 جار خوێندراوەتەوە

سەعەدی ئەحمەد پیرە  وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی بەو بەرنامەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاویکردوە دەجێتە پەرلەمان و بەشداری لەیەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات، جەختیش لەسەر هەڵوێستی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانێکی کارا دەکاتەوە.

وتەبێژی یەکێتی وتیشی، یەکێتی بەو بەرنامانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بڵاویدەکردنەوە، دەچێتە پەرلەمان و ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لەیەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەبەشداری ئەو ئەندامانەی کە دەنگی پێویستیان لەهەڵبژاردندا بەدەستهێناوە و ئەندامەکانمان بە رۆحیەتی پێکەوەیی کاردەکەن و دەیانەوێت قەرەبووی ئەو ماوەیە بکەنەوە کە پەرلەمانی کوردستان تێدا داخرابوو.

ئاماژەی بەوەش دا، دوای یەکەم دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکرێتەوە، هەرچەندە بەشێوەیەکی نارەسمی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان کراوە، دەرگاشمان کراوەیە بۆ هەر لایەنێک کە ئامادەی گفتوگۆ بێت، هاوکات تەئکید لە راستکردنەوەی رێرەوی حکومڕانی دەکەینەوە.

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، وەرگرتنی پۆستەکان و دابەشکردنیان بە گفتوگۆ دەکرێت، پێویستە لە ماوەیەکی کورتدا هەوڵبدەین بەشێوەیەکی دروست کاربکەین بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتێکی کارا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان