‎شیعری شاعیرانی براوەی خەڵاتی نۆبڵ

10:38 - 2024-11-28
ئەدەب و هونەر
41 جار خوێندراوەتەوە

‎‎

ڤیسنت ئەلکسەندەر
1898-1984

براوەی خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 1977

شاعیری ئیسپانی ڤیسنت ئەلکسەندەر، ساڵی 1898 لەئیشبیلیە لە ئەندەلوس لەدایک بووە، ساڵی 1909 چۆتە مەدرید و لەوێ ژیاوە و هەر لە زانکۆی ئەوێ کۆلیژی یاسای تەواو کردووە.
‎لە ساڵی 1925 ەوە خۆی بۆ بواری ئەدەب تەرخان کردووە و یەکەم کۆمەڵە شیعری لە ساڵی 1928دا بڵاوکردۆتەوە. ساتەوەختی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لە ناوچەی کۆمارییەکان ژیاوە. ‎لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمیشدا بۆماوەی چوار ساڵ نووسینی لێ قەدەغە کراوە. ساڵی1944 کۆمەڵە شیعری (سێبەری بەهەشت)ی بڵاوکردەوە. هەر وەکو نووسەرێکی سەربەخۆ مایەوە و نەچووە ناو هیچ پارتێکی سیاسییەوە. لە میانەی ژیانیدا خەڵاتی ئەدەبیی نیشتمانیی وەرگرتووە و دواتر وەکو ئەندامی ئەکادیمیای ئیسپانیی هەڵبژێردراوە. ساڵی 1984 لە مەدرید کۆچی دوایی کرد. لە سەرەتادا شیعرەکانی شێوازی سوریالییان هەبووە و زۆر جاریش بەسەر سروشتدا شیعری هەڵدەدا کە وەک ئازادیی رۆح تەماشای دەکرد، ئەو ئازادییەی مرۆڤ لە دەستی دابوو .
‎خەڵاتی نۆبڵی پێ بەخشرا لە پای ئەو داهێنانەی ئەنجامیدا بۆ رۆشنایی خستنەسەر، دۆخی مرۆڤ لە نێوان بوون و کۆمەڵگادا. هەروەها بەشاعیرێکی نوێگەری ئیسپانیی دادەنرێت کە لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا ژیاوە.

‎جەستە و گیان

‎زۆر لەوە بەسوێ ترە

‎زۆر تر .. زۆر تر .. بەسوێ تر
‎وەک خەمی ئەو لقی دارانەی میوەکانیان دەوەرێت و
 کەس هەڵیان ناگرێتەوە!
‎زۆرتر .. زۆر خەمبارتر
‎وەک ئەو ئاخەی میوەیەکی رزیوو لەسەر زەوی
هەڵی دەکێشێت.
‎وەکو ئەو دەستەی لە لاشەیەکی مردووە بەرزدەبێتەوە
‎کە لەنێوان تابووتەکەیدا نووستووە.
‎ئەو دەستەی تەنیا دەخوازێت، بگاتە گڵۆپەکان.
‎بەوخەندە خەمبارەیەوە
‎بەو شەوگارە مەخمەلییە بێ دەنگەیەوە
‎شەوێکی رووناک بەسەر ئەو لاشە بێ گیانەدا درێژ بووە.
‎رۆح لەدەرەوەیە . . لەدەرەوەی لاشەکە!
‎دەکشێ بەنەرمیی، بەسەر ئەو شێوە خەماوییە
چۆڵ و هۆڵەدا.
‎گیانێک لە تەمومژێکی تەڕ
‎بەسەر کۆنە خۆشەویستەکەیدا مەلە دەکات.
‎جەستەیەکی بزڕکاو کە ناتوانێت هیچ بەرگرییەک بکات.
بە تێپەڕبوونی شەو زیاتر
‎سارد و سڕتر دەبێت.
‎بە تەنهایی و بە بێ دەنگیی، بە بەتاڵیی،
بە شێوازێکی جوان دەمێنێتەوە.
‎گیانی خۆشەویستیی کە بەرەوام چاودێریی دەکات، بەگومانە ‎تاخۆی رزگار بکات،
‎بەڵام لە دواجاردا بەشێوەیەکی جوان و سارد
‎کۆچ دەکات.

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
ئاوات حەسەن ئەمین

‎سەرچاوە:قصائد من شعراء جائزه نوبل
إختارها وترجمها د. شهاب غانم، مارس 2009

 


بابەتە پەیوەندیدارەکان