کەژاڵ نوری- ی شاعیر...

لەنێوان خوێنەری کوشندە و نامەئلوف و مەئلوفی شیعردا..

12:27 - 2024-11-28
ئەدەب و هونەر
59 جار خوێندراوەتەوە

بەکر دەروێش

خوێندنەوە سەلیقەی ئەوێ، بەبێ بوونی پێشینەیەکی کلتوریی ئەستەمە ببیتە خوێنەرێکی باش، بەتایبەت لەبواری ئەدەبدا، لەوەش تایبەتیتر لە بواری شیعردایە، خوێنەری شیعر خوێنەرێکی تایبەتە، چونکە لەگەڵ دەقێکی تایبەتدا مامەڵە دەکات کە بناغەکەی لەسەر چەمکی فانتازیا و خەیاڵ داڕێژراوە. ئەگەر خوڵقێکی شاعرانەت نەبێت بەئاسانیی لەدەقی شیعریی تێناگەیت و ناتوانی جوانییەکانی ببینی، یەکێ لەکێشە گەورەکانی خوێنەری کورد ئەمەیە، کە دەقە ئەدەبییەکانیش  بەچاوێکی سیاسیانە یان دینیانە دەخوێنێتەوە، بۆیە لە جیاتی ئەوەی وەک خۆی هەڵیسەنگێنێ یان جوانییەکانی دەربخات دێت بچووکی دەکاتەوە، ئەدۆنیس ئێژێت: دەقێک چەنێ گەورە بێت ئەگەر ئەقڵێکی بچووک خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکات ئەوە ئەو دەقە بچووک دەبێتەوە. 

            کەژال نوری

یەکێ لەو  جوانیانەی لەلای خوێنەری کورد غایبە، بەتایبەت لەشیعردا بوونی مەئلوف و نامەئلوفە کە بەیەکێک لەجوانییەکانی رەوانبێژیی و فەنتازیای شیعر دادەنرێت، کاتێک شاعیرێک دێت لە رێگای قەسیدەیەکەوە یان دەقێکی شیعرییەوە نامەئلوفێک دەکاتە مەئلوف و دەیکاتە رووداوێک وەک ئەوەی بەچاوی خۆت بینینی، ئەمە پێی دەوترێت داهێنان، چونکە تەنیا شیعر و خەیاڵی شیعریی دەتوانێت کارێکی وا ئەنجامدات، یان بەپێچەوانەوە مەئلوفێکی رۆژانە کە وەک رۆتینێک سەیر دەکرێت، دەیکاتە دیاردەیەکی نامەئلوف و کارێکی سەیر و عاجبایەتی ئەمەش دیسان داهێنانە، بەڵام خوێنەری عەوام کە هیچ سەلیقەیەکی ئەدەبیی و هونەریی نییە لەمە تێناگات و بەکارێکی هەڵە و ناشرینی دەزانێت، پێی وایە ئەوەی کراوە و وتراوە ناچێتە ئەقڵیەوە و بۆی هەرس ناکرێ، لەجیاتی ئەوەی بە خۆی و ئاستی رۆشنبیریدا بچێتەوە، دێت پەلاماری شیعرەکە و شاعیرەکە دەدات، پلارو تەشەری تێ دەگرێت، بەچاوێکی کەم و بێ بەها سەیری دەکات، لەکاتێکدا کردنی  مەئلوف بە نامەئلوف پێگەیەکی باڵایە و توانیایەکی خەیاڵیی دەوێت، بەهەموو کەسێ ناکرێت، بۆنموونە خاتوو کەژاڵ نوریی لەدایکبووی دەربەندیخان و دانیشتووی هەندەران، لەبەرنامەی پێشڕەوانی کەناڵی ئاسمانیی کەرکوک دیمانەیەکی بڵاوکرایەوە، لەو دیمانەیەدا چامەی (گڵکۆی جەستە)ی خوێندەوە، دواتر لە لاپەڕەی فەرمیی کەناڵی ئاسمانیی کەرکوک دەقەکە بەجیا لە بەرنامەکە بڵاوکرایەوە. راستەوخۆ بە شێوەیەکی فراوان و زۆر بەخێرایی بە هەموو پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیای کوردییدا بلاوبۆوە و بوو بە بابەتی رۆژ. خاتوو کەژال نوری لەو شیعرەکەیدا ئێژێ :

بێیتە بەردەرگام
چی پەنجەرە هەیە تێت دەگرم،
هەموو دەرگاکانت پیا دەکێشم
ئەو ساڵانەت پێوە دەنێم کە لەم ماڵەدا خۆشم ویستی 
لە چی قوژبنێکدا ماچێکت کردبم
دەیبڕمە تامی دەم و بۆنی هەناسەت)
ئەمە بە نامەئلوف کردنی مەئلوفە، چونکە پەنجەرە ناگیرێتە کەس و دەرگاش ناکێشرێت بەکەسدا، مەگەر لەقەسیدەیەکی ئاوادا، ئەگینا کێ دیویەتی ساڵ بنرێ بەکەسەوە؟ ئەوەی دەنرێت گولەیە نەک ساڵ، یان کەس بینیویەتی قوژبن ببڕدرێتە تامی دەم؟
 ئەمانە بۆ خوێنەری سادە هەرسکردنیان زۆر زەحمەت و ئەستەمە، چونکە ئەو سەلیقەیەی نییە و خاوەنی کەلتورێکی قوڵ نییە لەبواری خوێندنەوەدا، بۆیە ناتوانێ لەمە تێبگات، چۆن چۆنی ئەمانە روودەدەن، چۆن شتی وادەبێت؟ لەوە تێناگات ئەمانە لە شیعردا نەک ئاسایین بەڵکو ئەوپەڕی جوانیی و داهێنان بەڕای من، ئێستا ئەوەی ئیشکالیەتی بۆ شیعر و شاعیر دروستکردووە ئەمجۆرە خوێنەرە کوشندەیەیە کە ئەدۆنیس ئاماژەی پێ دەکات، ئەوەش ناشیرین کردن و ناوزڕاندنی شیعر و شاعیرە پێکەوە.
هەروەها کاتێک ئێژێ:
(لە سەر سنگی خۆشم دەنوسم:
وما للنفس ذائقة الموت
کوڕە ناهێڵم مردنەکەشت ئاسایی بێت
دەبێ تا مردویت لە مندا هەناسە بدەی
دەبێ لە باڵای مندا سەرەو خوار رێک راوەستی
دەبێ لە پێڵاوەکانما بە سەر بڕۆی
دەبێ لە بری تەوقە و تەسریحە
ئەگریجە و بسکم بە نینۆکی قاچەکانت کۆکەمەوە
کوڕە ناهێڵم بە ئارامی لە گۆڕێکدا پاڵ کەویت و
سەرت بنێی بە کێلی گۆڕەکەتەوە..)
ئەوەی لەلای ئێمە ئاشکراو باوە و رۆژانە روودەدەن مردنە، ئەوەتا لەقورئانیشدا خودا ئێژێت:کل نفس ذائقة الموت، كەچی شاعیر هاتووە ئەم مەئلوفەی کردووە بە نامەئلوف و ئێژێ: وماللنفس ذائقة الموت..واتە نەفس نامرێ و چێژی مردن ناچێژێ، لێرەدا شاعیر دێت رێگریی مردن لە مەعشوقەکەی دەکات و بۆ سزادانی بەزیندوویی لە لەشی خۆیدا سەرەوخوار دەیهێڵێتەوە، بەزیندوو راگرتنی کەسێک تائەبەد وەک سزایەک رووداوێکی نامەئلوفە، ئەوەی مەئلوف و  ئاساییە ئەوەیە کە مرۆڤ بمرێ و لەناوبچێ، بەڵام بمێنێ و بەردەوام بێت لەژیاندا نامەئلوفە، ئەمە بۆ خوێنەری عەوام ئاسایی نییە،  بۆیە ئەو کاتێک لە شیعرەکە تێناگات پەلاماری ئەداو گاڵتەی پێ دەکات، پیشاندانی  وێنەی پیاوێک بەم زەلیلییە لە ژنێکدا بۆ "خوێنەری نێر" کە بەوێنەی خۆی دەزانێ ئازاربەخشە، لەجیاتی ئەوەی لەجوانیی وێنە شعرییەکە بڕوانێت و خوێندنەوەی بۆ بکات ، دێت بەناشیرینترین شێوە دەیخوێنێتەوە و خاوەنەکەی جنێوباران دەکات و گاڵتەی پێ دەکات و دەیکاتە ترێندی سۆشیال-میدیا، بەداخەوە کۆمەڵگەی کوردیی پڕە لەمجۆرە خوێنەرە کوشندەیە کە هەر دەقێکی ئەدەبیی بەدڵی ئەو نەبوو بە دژەدین و سوکایەتیی بە ئایینی دەزانێت، بەمشێوەیە هەموو جوانییەکانی دەق دەکوژرێت و خاوەنەکەشی لەجیاتی رێز و خۆشەویستیی سوکو ڕسوا دەکرێت، وەک ئەوەی لەگەڵ ئەم دەقەی کەژاڵ نوری – ی کردیان، کە بە ناشریینترین شێوە خوێندنەوەی جنێونامەیان بۆکرد لەجیاتی دەستخۆشیی و سوپاس، کردیانە ترێندی ناشیرینیی و ئابڕوبردن، ئابەم شێوەیە بەشێک لە شاعیر و ئەدیبی ئێمە، پاداشت دەدرێنەوە و خوێندنەوە بۆ بەرهەمەکانیان دەکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان