چالاكوان و شاخەوان ڤێنا كەمال عەلی، ساڵی 1985 لە سلێمانی لەدایكبووە و فەرمانبەرە و چەندین ساڵە وەك چالاكوانی بواری مەدەنی كار دەكات و هاوكات شاخەوانیشە و ماوەی 10 ساڵە سەرقاڵی شاخەوانییە.
ڤێنا كەمال بە دوالاپەڕەی وت: لەگەڵ گروپێكی شاخەوانیم و بە پێی توانا لە زۆربەی گەشتەكاندا بەشداریی دەكەم، نازانم كە چەند گروپی تەواوی شاخەوانی لە سلێمانی هەیە، چونكە رۆژانە گروپە شاخەوانییەكان لە زیادبووندان.
سەبارەت بە كێشەكانی شاخەوانی وتی: كەوتن و پێكانی بەشەكانی جەستە بە تایبەتی دەست و قاچ و ئێسكی پشت بەهۆی بەربوونەوە، كێشەی زۆربەی شاخەوانەكانە، هاوكات پەستانی خوێن و دڵ و دابەزینی شەكرە و بێهێزی و ماندووبوونیش لە كێشەكانی شاخەوانەكانن.
ئەو شاخەوانە وتی: ئەوەندەی من بزانم هیچ رێكخراوێك، یان لایەنێك، سپۆنسەری گروپە شاخەوانییەكان ناكەن، بەڵام هەندێكجار رێكخراوێك یان لایەنێك كارئاسانی بۆ شاخەوانەكان دەكەن.
سەبارەت بە رۆڵی ژنان لە گروپە شاخەوانییەكاندا وتی: ژنان بەشە گرنگەكەی شاخەوانین بەهۆی ئەوەی لە رووی رۆحییەوە زیاتر پێویستییان بە بەركەوتنی سروشت و دووركەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەی رۆژانەیە، بەپێی كەشوهەوا گەشتەكان رێكدەخرێن هەندێك لە گەشتەكان یەك رۆژەن و هەندێكجار شەویشی تێدەكەوێ و بە گشتی ساڵانە نزیكە چل بۆ پەنجا گەشت دەکرێت.
لە كۆتاییدا ڤێنا كەمال داوای لە شاخەوانەكان كرد كە پاك و خاوێنی سروشت بپارێزن و ژینگە بە ماڵی خۆیان بزانن و نەیشێوێنن.
ئالان محەمەد جەزا