دیداری/ چنار عەزیز
پەروەردە ناچارە پەنا بباتە بەر خوێندنی ناحکومی وەک هاوکارێک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە خزمەتگوزاریی خوێندنی حکومیدا دروست دەبێت
خوێندنگە ئەهلییەکان دامەزراوەی پەروەردەیین، لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێن، لە ماوەی رابردوودا بە شێوەیەکی خێرا پەرەی سەند، دەکرێت بڵێین مامەڵەیەکی بازرگانییە لەناو پڕۆسەی پەروەردەدا هاتۆتە ئاراوە، بە جۆرێکه بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی گرنگیدان بە خوێندنگەی حکومی و کەمبوونەوەی مامۆستای شارەزا تیایدا، بەهۆی چوونیان بۆ خوێندنگە ئەهلییەکان لەپێناو دەستکەوتنی داهاتی زیاتردا، لە کاتێکدا توانا و زانیاری ئەو مامۆستایەی لە خوێندنگەیەکی حکومی پێشکەشی دەکات، هەمان توانا و زانیارییە کە لە خوێندنگەیەکی ئەهلی پێشکەشی دەکات.
رزگار خدر مامۆستا و پسپۆڕی بواری پەروەردە دەڵێت: وەک لە یاسای وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمدا هاتووە ئامانج لە کردنەوەی دامەزراوە پەروەردەییە ئەهلییەکان رەخساندنی بواری زیاترە بۆ پرۆسەی پەروەردە و خوێندن، هاندانی پرۆسەی وەبەرهێنانی نیشتمانی و بیانییە لەو بوارەدا، ئەمەش نەک لە کوردستان بەڵکو لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا پەیڕەوکراوە، پەروەردە ناچارە پەنا بباتە بەر خوێندنی ناحکومی وەک هاوکار و یارمەتیدەرێک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە خزمەتگوزاریی خوێندنی حکومیدا دروست دەبێت، ئەوە بەرچاوە بەهۆی خوێندنگە ئەهلییەکانەوە ئەرکێکی زۆر لە کۆڵ حکومەت بووەتەوە و ئەو خوێندنگەیانە ژمارەیەکی یەکجار زۆر خوێندکاریان لەخۆ گرتووە هەر لە باخچەوە تا قۆناغی ئامادەیی و زانکۆ و پەیمانگەکان، بەڵام لە هەندێک رووەوە زیانیشیان هەبووە کە دەکرێت لێرەوە هەندێکی بخەینەڕوو:
-1 تێچووی خوێندن لە خوێندنگە ئەهلییەکان لە توانای هەموو کەسدا نییە و ئەوەش جیاوازی چینایەتی زیاتر زەق کردۆتەوە.
-2 لە قوتابخانە ئەهلییەکاندا زیاتر بایەخ بە زمانی بیانی دەدرێت، وەک لە زمانی کوردی، بە جۆرێک لە هەندێکیاندا بە تەواوەتی زمانی کوردی پەراوێز خراوە، بەجۆرێک کە دەچیتە ئەو خوێندنگانە هەر لە ناوی خوێندنگەکە و تابلۆ و نووسراوی سەر دیوار و پۆلەکان، بە دەگمەن نووسراو و دروشمێک دەبینیت کە بە زمانی کوردی نووسرابێت.
-3 سەرپەرشتیار و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێدەسەڵاتن لە لێپێچینەوە و سەپاندنی یاسا و رێنماییە پەروەردەییەکان و کوالیتی خوێندن بەسەر خوێندنگە ئەهلییەکاندا و تا رادەیەکی زۆر ئازادن لە کاری خۆیاندا .
-4 تا رادەیەک شکۆی مامۆستا پارێزراو نییە مامۆستا لە ترسی لە دەستدانی کارەکەی ناچارە بە کردنی هەر ئەرکێک کە پێی پسپێردرێت، ئەمە جگە لەوەی کە دەبێت زیاد لە پێویست نازی قوتابی هەڵبگرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکات، لەبەرئەوەی قوتابی پارە دەدات و سەرمایەیە بۆ قوتابخانەکە.
-5 بەهۆی ئەوەی خوێندن بە پارەیە، دەبێت کوالێتی خوێندن بەرزبێت، بەڵام ساڵانە رێژەی دەرچوون و ئاستی زانستی لە قوتابخانە حکومییەکاندا بەرزترە.