تاهیری خەلیلی

کەنارییەک لە چیاکانەوە

10:22 - 2024-12-12
کەلتور
178 جار خوێندراوەتەوە

 رۆژگار نانەکەلی


دەستپێک
زوو زوو کەسایەتییەک، لە ئاسمانی شین و بێگەردی وڵات ون دەبێ، ئەم کەسانەش لە هەربوارێکی ژیان بن، ئەسپی لێهاتوویی خۆیان تاو داوە و شەونخونییان کردووە و ئازاری جەستەیی و دەروونیشیان چەشتووە، یەکێک لەم بوارانەش بواری هونەری گۆرانییە، لەم بوارەشدا گەلی کورد دەیان شاسواری هەبووە و توانیویانە لەم بوارەدا ببنە خوێندنگە یاخود پەیمانگە بۆ ئەوانی دی.
لەبواری گۆرانی دڵداری و مەقام و سروودی نیشتیمانیشدا، چەندان کەڵەهونەرمەند وەک ئەستێرە دەرکەوتوون و توانیویانە ببنە نموونەیەکی باڵا لەم بوارەدا(تاهیری خەلیلی)یش یەکێک بوو لە ئەستێرەکانی بواری مەقام و گۆرانی دڵداری و سروودی نیشتمانی.

ناساندن
تاهیری خەلیلی لە ساڵی 1956لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، هەر لەتەمەنی حەوت ساڵییەوە گوێی داوەتە گۆرانییەکانی محەمەدی ماملێ و عەلی مەردان و حەسەن زیرەک و حەمەساڵح دیلان و تایبەتتریش سەرسام بووە بەگۆرانی و مەقامەکانی تاهیر تۆفیق.

یەکەمین گۆرانی
عەشقی گوێگرتن لەم کەڵە هونەرمەندانەی کە ناویان هات، هاندەری رۆحی خەلیلی بوون بۆ وتنی یەکەمین گۆرانی، ئەمە لەکاتێکدایە تەمەنی تەنها پازدە ساڵ بووە. دوای گوێ بیستبوونی یەکەمین گۆرانی تاهیری خەلیلی لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، وایکرد دەزگا راگەیاندنەکانی شاری تاران گرنگی پێ بدەن و بانگهێشتی بەرنامە هونەرییەکانی بکەن و دیمانە و گفتوگۆی هونەریی لەگەڵ ساز بکەن، لە تەلەفزیۆنی مەهاباد هەلی بۆ رەخسا و توانی گۆرانییەکانی وەک(دەنگ و رەنگ، شەوی تاریک و بێدەنگ، گوڵی مەهاباد، کیژۆڵەی کوردستان) تۆمار بکات.
پاشان تاهیری خەلیلی هەستی بەرزی نەتەوەیی و کوردایەتی دەبزوێت و چەکی شەرەف و بەرگی لەشان دەکات و پەیوەندیی دەکات بە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دواتر لە باشووری کوردستان لە شۆڕشی نوێدا، پەیوەندیی کردووە بەڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە.

سەردەمی زێڕینی تاهیری خەلیلی
نیوەی دووەمی ساڵی هەشتاکان بەسەردەمی زێڕین و پڕ بەرهەمی خەلیلی دادەنرێ، بەڵام هەردوو حکومەتی عیراق و ئێران نەیاندەهێشت خەلیلی گۆرانی و سروودەکانی بە ئاسانی تۆمار بکات و بڵاویان بکاتەوە، بۆیە هەندێکجار نازناوی بەکاردەهێنا، دەوڵەمەندان و بازرگانانی خانەقین و مەندەلی بەنهێنی لە شاری بەغدا کاسێتەکانی تاهیری خەلیلییان دەکڕی و لە شوێنەکانی خۆیان بڵاویان دەکردەوە، بەڵام حکومەتی شۆڤێنی بەعس، کاسێتەکانی بە زەبری هێز کۆدەکردەوە و لەناویدەبردن.

سەفەرکردن بۆ غەریبی
دوای بەدواداچوونی رۆژنامەوانی و پرسیارکردن لە هاوڕێ نزیکەکانی تاهیری خەلیلی، ناوبراو لە ساڵانی دووهەزارەکاندا، سەفەر دەکات بۆ ئەوروپا و لە نەرویج نیشتەجێ دەبێ، هەرلەم وڵاتەش ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتوونێکی پەرستاری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکدەهێنێ.

سروود و هەڵوێستەکانم منیان هێنایە غەریبی
پرسیار لە تاهیری خەلیلی دەکرا بۆچی هاتووی بۆ نەرویج، ئەویش دەیگوت، لەبەر هەڵوێستەکانم لەپێناو وڵاتمدا من لێرەم، عەشقی وڵات لە خوێنمە، خەونی شەوانم ئەوەیە کوردستانێکی سەربەخۆ ببینم.

گەڕانەوەی یەکجارەکی
تاهیری خەلیلی، بۆ کاری تایبەتی و هونەری، چەندینجار لە نەرویجەوە دەگەڕایەوە باشووری کوردستان، دواجار بڕیار دەدات نەچێتەوە ئەوروپا، بۆیە لە شارەحەیاتەکەی سلێمانی و لەگەڕەکی راپەڕین نیشتەجێ دەبێت.

 

تاهیری خەلیلی کەسێکی دەم بەخەندە و خۆش مەشڕەب بووە، سادە و خاکیی بووە بەڵام سەنگین بووە و لە هەموو شوێنێک قەدر و بەهای خۆی زانیوە

بواری کۆمەڵایەتی هونەرمەند
تاهیری خەلیلی کەسێکی دەم بەخەندە و خۆش مەشڕەب بووە، سادە و خاکیی بووە بەڵام سەنگین بووە و لە هەموو شوێنێک قەدر و بەهای خۆی زانیوە، پەرۆش و خەمخۆری هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بووە و بە قسەی خۆش و نوکتە و بەسەرهات و چیرۆکەکان، خەم و ئازاری دووری و هەژاری لە کۆڵی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکردەوە و نێوانی لەگەڵ پیران و منداڵان زۆرخۆش بووەو سەربردەی پڕ لە پەند و ئامۆژگاری بۆ پیران وتووە و بۆ منداڵانیش سروود و گۆرانی نیشتیمانی چڕیوە.

 گۆرانیبێژی بەهاو ئەمانەتە
ئەو  لەگەڵ زۆری و بۆری نەبووە لە گۆرانی و سروود وتندا، بەڵکو هاوڕابووە لەگەڵ کاری هونەری ناوازە و پڕ لەبەها، رۆحە هونەرییەکەی بەرزبووە و دەیتوانی هەمووساڵێک بەرهەمێک بڵاوبکاتەوە، هەروەک دەیگوت من بەرهەمێک بڵاوناکەمەوە تەنها لەسەر زاران بێ و دوای ماوەیەک کەس لە بیر و هزری نەمێنێ، بەڵکو کار لەسەر بەرهەمێک دەکەم لەسەردڵان بنیشێ، ئەم هەڵوێستەی خەلیلی سەلمێنەری ئەوەیە کە خاوەن رۆحێکی بەرزی هونەری بووە و زانیویەتی هونەر ئاوێنەی گەلە.

هانی دەداین چۆن بین لەگەڵ یەکتر
تاهیری خەلیلی خاوەن پەیامی قووڵ و جوان بووە بۆ مرۆڤەکان، دەیگوت ئەگەر منت خۆشدەوێ ئێستا پێم بڵێ، لەوانەیە بەیانی درەنگ بێ، ئەمەش هانمان دەدات بێ پێچ و پەنا یەکترمان خۆشبوێ ببینە هەوێن و بڵاوکردنەوەی وانەی خۆشەویستی لە ژیانماندا. تەئکیدیشی دەکردەوە کە دوای مردن پەشیمانی و خۆزگەخواستن هیچ سوودیان نییە، بۆیە تا زیندووین با پەیامە جوانەکانی خۆشەویستی بۆ یەکتر بنێرین.

لە قەندیلی سەربەرزەوە
شیعری لە قەندیلی سەربەرزەوە، لەسەرەتادا ناوی لە (تەرەغە)ی سەربەرزەوە بووە،(تەرەغە) گوندێکە مەفتەنی (هەژاری موکریانی)بووە، شاخی پشت ئەم گوندەش هەرناوی تەرەغە بووە، پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات زۆر سوودیان لەم شاخە دیتوەو پشت و پەنایان بووە، کاتێک خەلیلی سەردانی چیای سەرکەشی قەندیل دەکات، سەری سووڕدەمێنێ لە جوانی سروشتەکەی و سەختییەکەی، بۆیە ناوی تەرەغە لادەبات و ناوی قەندیل  دەنووسێ، ساڵانەش سەردانی قەندیلی دەکردو دۆش دادەما لە تاوێر و تەنگەبەر و گوڵ و دەوەنەکانی. بەم جۆرە شیعرەکەی کردە دیاری باڵای زراڤ و نەچەماوەی چیای قەندیل و هەرخودی خۆی ئاوازیشی بۆ دانا، ئەم سروودە دەنگدانەوەیەکی زۆری پەیداکرد و وەک ئەی رەقیب لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەوترایەوە.

یەکەمین نەخۆشکەوتن
تاهیری خەلیلی، لەناکاو تووشی گیرانی دوو دەمار دەبێ لەدڵیدا، بۆئەم مەبەستەش دەچێتەوە نەرویج و توانرا دەمارە گیراوەکان بکرێنەوە و حەب و دەرمانی زۆرباشیشی بۆ داندرا، خۆشبەختانە لەم حاڵەتە رزگاری بوو. بەڵام بەداخەوە هونەرمەند و پێشمەرگە تاهیری خەلیلی، لە 2023.11.26 بە جەڵتەی مێشک، لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی، کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی(سەید سەفا) بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا، هەزاران دروود بۆ گیانی بەرزەفڕی هونەرمەند و پێشمەرگە و کەنارییەکەی سەرچیا تاهیری خەلیلی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان