دەوڵەتی میرنشینی سۆران

هەوڵێکی زانستییانە بۆ راستکردنەوەی مێژووی نەتەوەکەمان

11:07 - 2024-12-16
کەلتور
143 جار خوێندراوەتەوە



عومەر ئیسماعیل باوزێیی



ناوی کتێب: دەوڵەتی میرنشینی سۆران 1813-1847
نووسەر: ئارێز عەبدوڵڵا
چاپخانە: باشووری کوردستان
ساڵی چاپ: یەکەم/ 2024
لاپەڕە: 200


ئارێز عەبدوڵڵا لەم یەک دوو ساڵەدا(4) بەرهەمی دانسقە و ناوازەی تایبەتی بە مێژووی میرنشینی سۆران خستە بەردەستی خوێنەران. سەرەتا بە دوو رۆمانی مێژوویی (پاشای گەورە و خانزاد) دەستیپێکرد و لەلایەن شەیدایانی بواری مێژوو، پێشوازییەکی باشیان لێکرا، نووسەر و توێژەرانیش بە چەندین وتار و لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆری ئەکادیمی هەڵسەنگاندنیان بۆ بەرهەمەکان کرد و دیالۆگ و دەنگدانەوەیەکی باشیان بە دوای خۆیاندا هێنا. دڵنیام ئەمە هێز و هاندانێکی باشبوو بۆئەوەی ئارێز عەبدوڵڵا زیاتر هەڵوەستە لەسەر لایەنە جیاوازەکانی مێژووی میرنشینەکە بکات.
لەم دواییانەشدا بە هاوبەشی لەگەڵ مامۆستا سدیق ساڵح دەستنووسێکی مەلا ئەسعەد خەیلانی نزیکەی(100) ساڵ لەمەوبەریان لە تەپوتۆز لەسەر نیشتنی زیاتر و فەوتان رزگارکرد بە ناوی (تەئریخی ئیمارەتی سۆران)، کە هەموو بەرهەمەکان مایەی دڵخۆشی و دەستخۆشی و رێز و پێزانینی زۆرن. 
بە بڕوای من، هەتا ئێستا هیچ نووسەرێکی کورد نەیتوانیوە وەک ئارێز عەبدوڵڵا خزمەت بە مێژووی میرنشینی سۆران و خودی پاشای گەورە بکات، لەبەرئەوەی بەڕێزیان چەند ساڵێکە لە هەوڵی بەردەوام و شەونخونی بێوچاندایە بۆئەوەی هەموو ئەو چەواشەکاری و شێواندن و ناڕاستیانە راستبکاتەوە، کە لە رابردوودا دەربارەی ئەم میرنشینە گەورە و بەهێزەی کوردستان نووسراوە. لەم پێناوەشدا و لەدوا بەرهەمی نووسینیدا توێژینەوەیەکی زانستی بە ناوی(دەوڵەتی میرنشینی سۆران) چاپ و بڵاوکردەوە، بێگومان ئەمجارەیان پشتبەست بە چەندین سەرچاوە و ژێدەری کوردی، فارسی، عەرەبی و ئینگلیزی، توانیوویەتی کورت و پوخت شەنوکەوی رووداوەکان بکات و پەنجە بخاتەسەر لایەنە گەش و پڕشنگدارەکانی سەردەمی فەرمانڕەوایی(محەمەدپاشا 1713-1836)ی میری سۆران، هەتا دوا رۆژەکانی رووخانی میرنشینەکە لە ساڵی (1847)دا.
لە راستیدا گرنگی و سەنگینی ئەم توێژینەوە لەوەدایە، ئارێز عەبدوڵڵا سەرەڕای ئەزموونی چەند ساڵەی دەربارەی مێژووی میرنشینی سۆران و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی چەندین سەرچاوە و بەڵگەنامە و دەستنووس لەمبارەیەوە، بەڵام بە توانا و پسپۆڕییەتی خۆی دڵی ئاوی نەخواردۆتەوە، بەڵکو د. نەجاتی عەبدوڵڵا، کە یەکێکە لە ناوەدیار و ئەکادیمییەکانی مێژووی نوێ و هاوچەرخی کورد، لە رووی زانستییەوە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ توێژینەوەکە کردووە. جگەلە هەڵەبڕی و بژارکردنی لایەنی زمانەوانی، هەروەها بەهۆی خۆشەویستیشی بۆ کارەکە لە دووتوێی بەرگێکی سەرنجڕاکێش و بە فۆنتێکی جوان کتێبەکە چاپکراوە، بۆیە خۆشبەختانە کەمترین نەنگی و هەڵەی تایپ و رێنووس لە توێژینەوەکەدا بەرچاودەکەوێت.
توێژەر بەو ئەزموونە باشەی هەیەتی، لە بەکارهێنانی وشەی رەسەنی کوردی و شێوازی تایبەت بەخۆی و نەرمی زمانی نووسین لە بەرهەمەکانیدا، لە دەستپێک و سەرەتای خوێندنەوەی پێشەکی توێژینەوەکەدا ئەم خاڵە گەش و سەرنجڕاکێشە بەرچاودەکەوێت، هەروەها لە کۆی توێژینەوەکەشدا چەندین پرسیار دەوروژێنێت و بەشێک لە وەڵامەکانیش بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵێت، بۆئەوەی دواتر لۆژیکیانە بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێت. لە باسی سێیەمی بەشی یەکەمدا بەراوردێکی زانستی لە نێوان تیۆری(نیکۆلا ماکیاڤیلی 1469-1527)، هۆنراوەکانی(ئەحمەدی خانی 1650-1707) و شێوازی دەسەڵاتداری و فەرمانڕەوایی پاشای گەورە دەکات، کە ئەم ژانرە لە شێوازی نووسینی ئەکادیمی مێژووییدا تازە و ناوازەیە. ئەگەرچی سەردەم و شوێن و رووداوەکان جیاوازیشبن، بەڵام توێژەر هەوڵیداوە بە ئاماژەدان بە چەند دەق و بابەتێک باسەکەی دەوڵەمەند بکات. 
لە باسی سێیەمی بەشی دووەمیشدا لەسەر زاری فەیلەسوف و بیرمەندە گەورەکانی جیهان بە وردی بنەماکانی دەوڵەت و حوکمڕانی شیکردۆتەوە، بۆئەوەی بیسەلمێنێت دوو سەدە پێش ئێستا میرنشینی سۆران دەوڵەتێکی گەورە و بەهێزی سەر گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی ناوچەکە بووە، بێگومان ئەم پرسەش هەتا ئێستا لە نێو توێژەران و بواری ئەکادیمیدا باسنەکراوە. بەشی چوارەمیش، کە لە چوار تەوەری جیاواز پێکدێت، تایبەتکراوە بە زانای گەورە و موفتی میرنشینی سۆران، مەلا محەمەدی خەتێ و لێکدانەوە بۆ بەناو(فەتوا)کەی و چۆنیەتی ئەم باسوخواس و قەوانەکۆنەی نزیکەی سەدەیەکە مێشکی خوێنەر و تاکی کوردی پێ ئاخنراوە، بابەتەکە بەراوردکراوە لەگەڵ چەند توێژینەوە و بۆچوون و بیروڕایەکی ئەکادیمیدا. لە ئەنجامیشدا توێژەر بە دێڕێکی سەرنجڕاکێش و شیرین و سادە، بەڵام قوڵ لە واتا و دەربڕیندا، دەڵێت: «چەندە مانگگیران بە تەنەکە لێدان بووبێتەوە، هەرئەوەندەش سۆران بە فەتوایەکی نەدراوی مەلای خەتێ رووخاوە».
لە کۆتاییدا، وێڕای پیرۆزبایی و دووبارە دەستخۆشی لە ئارێز عەبدوڵڵا، نامەوێت بەم وتارە خاڵ بە خاڵ لەسەر هەرپێنج بەش، باس و تەوەرەکان بوەستم، مەبەستمە خوێنەران بەدوای دەستخستن و خوێندنەوەی توێژینەوەکەدابن، بۆئەوەی گەواهیدەری قسەکانی ئێمە و هەڵسەنگێنەرێکی بابەتیانەی کتێبەکە بن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان