لەمساڵدا دەستگیراوە بەسەر زیاتر لە سێ تۆن ماددەی هۆشبەردا

ماددەی هۆشبەر، خەمە گەورەکەی هەمووان

09:42 - 2024-12-18
ڕاپۆرت
26 جار خوێندراوەتەوە
بەپێی ئامارەکان ئەمساڵ بەراورد بە 2023، بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر كەمتر بووە

دیداری/ ئالان محەمەد جەزا 


ماددە هۆشبەرەکان یەکێکە لە هەڕەشە بەردەوامەکانی سەردەم، بەهۆی ئەو کاریگەری و شوێنەوارە مەترسیدارانەی دروست دەبێت پاش بەکارهێنان یان بازرگانی پێوەکردن یان ئالودەبوون پێوەی.
مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر تەنها ناوچە و هەرێمێک ناگرێتەوە، بەڵکو زۆر کۆمەڵگە و ناوچەکانی جیهانی گرتووەتەوە، بەڵام بە رێژەی جیاواز، لەبەرئەوە رووبەڕووبوونەوەی بووەتە خەمێکی جیهانی، لە هەرێمی کوردستانیش هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە بۆ رێگریی لە هێنانی و دەستگیرکردنی بەکاربەر و ئەوانەش کە مامەڵەی پێوە دەکەن.

عەقید  سەلام عەبدولخالق بۆ  کوردستانی نوێ  : بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە شاری سلێمانی، سوپاسنامەی وەرگرتووە و سلێمانی بە پاكترین شار دانراوە لەسەر ئاستی عیراق لە رووی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە

 

رێگریی لە هێنان و بڵاوبوونەوەی
عەقید سەلام عەبدولخالق بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لەمساڵدا 2024 هەموو هەوڵەكانمان چڕكردۆتەوە بۆ دەستگیركردن و دەست بەسەراگرتنی ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان، مەبەستمانە هێنانی ماددەی هۆشبەر بنەبڕ بکەین و نەهێڵین هەرێم ببێتە شوێنی هێنان و بردنی ماددە هۆشبەرەکان و بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی دەبینەوە.
وتیشی: بۆ ئەم مەبەستە ئەمساڵ لەگەڵ حكومەتی ناوەند بە تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە بەغدا، نزیكەی 17 كاری هاوبەشمان کردووە، لەسەر ئاستی باڵا و لە رووی ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگری، پێكەوە توانراوە دەست بگرین بەسەر زیاتر لە سێ‌ تۆن ماددەی هۆشبەردا.
بەپێی ئامارێکی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمساڵ بڕی زیاتر لە  سێ تۆن ماددەی هۆشبەر لە جۆرە جیاوازەکانی، كریستاڵ، تاگۆن، هیرۆین، حەشیش و مەریوانا دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها دەستگیراوە بەسەر 121330 دەنک حەبی ترامادۆڵدا كە بە نایاسایی هێنراونەتە هەرێم.

ئاماری دەستگیرکراوان
عەقید سەلام عەبدولخالق دەڵێت: گرنگترین ئەو بابەتانەی باس دەكرێت لە رووی ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئاستی كارەكانمان زۆر لە پێشەوەیە و پێشكەوتن لە كارەكانماندا لە ئاستێكی باڵادایە، هەر ئەمساڵ دوو سوپاسنامەی زۆر گرنگمان بە دەست گەیشتووە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عیراقەوە.
وتیشی: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە شاری سلێمانی بە تایبەتی و دەوروبەریشی سوپاسنامەیان وەرگرتووە، کە شاری سلێمانی بە پاكترین شار دانراوە لەسەر ئاستی عیراق لە رووی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە.
بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاند: لەمساڵدا 1019 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کراون، کە 44 کەسیان بازرگانی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەر بوون و سەرجەمیان رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
وتیشی: دەستگیركراوەكان تەمەنیان لە نێوان 18 ساڵ بۆ 64 ساڵدایە، رەگەزی مێ‌ ئەمساڵ كەمترە، كە ژمارەیان 49 كەس بووە و تیایەتی بازرگانی ماددەی هۆشبەر بووە، دەستگیرکراوەکانی دیکەش کە ژمارەیان 970 کەسن لە رەگەزی نێرن.

 

لەمساڵدا 1019 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون، کە 44 کەسیان بازرگانی نێودەوڵەتی بوون

هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا
ئاماژەی بەوەشکرد: بەپێی ئامارەکان ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی 2023، بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر كەمتر بووە، بەهۆی ئەوەی سلێمانی لە رووی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرەوە لە ئاستێكی زۆرباش و باڵادایە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چالاكییانەی لەمساڵدا كراون بۆ سەقامگیریی و رێگریی لە بڵاوبوونەوەی، پلانمان بۆ ساڵی 2025 بریتییە لە زیادكردنی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی، لەناو خوێندنگە و سەرجەم كایە گشتییەكاندا.
هەروەها عەقید سەلام عەبدولخالق بۆ کوردستانی نوێ وتی: شانازی دەكەین بەوەی ئەفسەر و كارمەندەكانمان شەو و رۆژیان خستۆتە سەریەك بۆئەوەی رێگربین لە بڵاوبوونەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێم، هەروەها پێزانینمان هەیە بۆ هاووڵاتیان هەمیشە هاوكارمانن بە پێدانی زانیاری.
دەربارەی تۆڕە نێودەوڵەتییەكانی ماددەی هۆشبەر، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت: توانیومانە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ 12 تۆڕی نێودەوڵەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەڵبوەشێنینەوە و چەندین بازرگانی نێودەوڵەتیش دەستگیر بکەین، کە ماددەی هۆشبەریان بۆ هەرێم دەنارد.
وتیشی: لە ناوخۆی هەرێمیش تۆڕی ماددەی هۆشبەر هەیە کە هەر یەکەیان لە سێ بۆ چوار کەس پێکهاتوون، لەمساڵدا توانراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا 13 تۆڕی ناوخۆیی ماددەی هۆشبەر هەڵبوەشێنینەوە و کەسەکان دەستگیر بکەین. هەماهەنگیمان لەگەڵ بەغدا بەو ئامانجەیە هەرێمێكی سەقامگیرمان هەبێت و رێگە بە هیچ کەسێک نادەین لەژێر هیچ پاساوێکدا ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتیان تێکبدات و لەو پێناوەدا هەوڵەکانمان زیاتر چڕ دەکەینەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان