كەركوك، كردنەوەی پیشانگەیەكی تایبەت بە بانگهێشتكردنی وەبەرهێنەران

12:53 - 2024-12-26
کوردستان
1200 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد
دەستەی وەبەرهێنانی كەركوك ئامادەكاریی بۆ كردنەوەی پیشانگەیەكی تایبەت بە خانووبەرە دەكات، سەرۆكی دەستەكەش داوا لە بەڵێندەران و وەبەرهێنەرانی شارەكانی هەرێم و بەغدا دەكات بێنە شارەكە و كاری وەبەرهێنان بكەن و لە پیشانگەكەشدا بەشداربن.
لەبارەی كردنەوەی پیشانگەكەوە، دلێر زێدان بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی كەركوك، بە كوردستانی نوێ -ی راگەیاند: پیشانگەكە هاوشێوەی پیشانگەكانی هەرێم و بەغدا دەبێت، مەبەستمانە شاری كەركوك بكەینە پێشەنگی كاری وەبەرهێنان، وتیشی: لە كەركوك، چەندین مۆڵ و باڵەخانەی مۆدێرن دروستكراون، هەروەها چەندین كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون دروستكراون و بەنرخی گونجاو و بە قیستی درێژخایەن دراوە بە هاووڵاتیانی شارەكە.
هەر لەوبارەیەوە، عومەر مامۆ جێگری بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی كەركوك، بە كوردستانی نوێ -ی راگەیاند: وەكو ژووری بازرگانیی كەركوك، پێشنیازی ئەوەمان كرد كە كۆمپانیایەكی تایبەت بە ریسایكلینی خۆڵ و خاشاك بهێنرێتە شارەكە، ئەم كارەش ئەركێكی گەورە لەسەر ئیدارەی ئێستای كەركوك كەمدەكاتەوە و هەلی كاریش دابیندەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان