کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە و بارانی بەلێزمە و هەورەتریشقە و رەشەبای بەهێز دەستپێدەکات.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەکاتەکانى بەیانى تاوەکو دواى نیوەڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت بە گشتی، لە ئێوارەدا بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت. لەدرەنگانى شەودا کاریگەرى نزمەپاڵەپەستۆى دەریای ناوەڕاست روو لە ناوچەکە دەکات و دەستپێکى کاریگەرى ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە لەسەر سنوورى پارێزگاى دهۆک دەبێت لەکاتەکانى ئێوارەدا .
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا بەگشتى لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان باران بەشێوەی نمەبارانى کەم دەبارێت لەشەودا کاریگەرى شەپۆلەکە درێژدەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوچە جیاجیاکان، ئەمڕۆ بارانبارین لەکاتەکانى شەودا بەشێوەى نمەبارانى پچڕپچڕ دەستپێ دەکات و لە هەندێک ناوچە بارانى مامناوەند دەبێت، لە ناوچە شاخاوییە بەرزە سنوورییەکان و لوتکەى شاخە بەرزەکان لە درەنگانى شەودا کەمێک بەفر دەبارێت .
ئەوەش هاتووە، بۆ ئەمڕۆ خێرایی با لەسەرخۆو مامناوەند دەبێت و پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە نزم دەبنەوە، بەڵام سبەی خێرایی با بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا زیاد دەکات و پلەکانی گەرما ٤ بۆ ٦ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
کەشناسیی راشیگەیاندووە، سبەی هەینی، ئاسمان بەگشتى هەوری تەواو دەبێت، کاریگەرى شەپۆلى بارانبارین لەسەر ناوچەکە زیاد دەکات و سەرجەم هەرێم دەکەوێتە ژێر کاریگەرى شەپۆلەکەوە، بەتایبەت لە کاتەکانى دوانیوەڕۆى رۆژى هەینى بارانبارین بەشێوەى بارانى مامناوەند و هەندێک ناوچە لێزمەبارانى پچڕ پچڕ دەبێت، بەتایبەت لە بەشێک لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و بەشێک لە ئیدارەى راپەرین.
ئەوەش خراوەتە روو، هەندێک کات بەتایبەت لە کاتەکانى شەوى هەینى، خێرایی با زیاددەکات و دەگاتە سەروو ٤٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، هەروەها لەکاتى بارانە بەلێزمەکەدا هەورەتریشقەشی لەگەڵدا دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : ١٥
سلێمانی : ١٣
دهۆک : ١٤
کەرکوک : ١٦
هەڵەبجە : ١٤
زاخۆ : ١٥
گەرمیان : ١٦
سۆران : ١٣
حاجی ئۆمەران : ٧