سەمیر یەمینجی ئۆغڵو بۆ کوردستانی نوێ :

میدیاكارانی كەركوك رێچكەی پێكەوەژیانیان گرتۆتەبەر

11:47 - 2025-01-06
هەمەرەنگ
107 جار خوێندراوەتەوە

میدیاكار سەمیر عەبدوڵڵا نەجم یەمینجی ئۆغڵو كە بە (سەمیر جیهان) ناسراوە، لەگەڕەكی پیریادی شاری كەركوك ساڵی 1964 لەدایكبووە وخوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لەكەركوك تەواوكردووە و ساڵی 1987 دبلۆمی پیشەسازیی و كارەبا و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی بەدەستهێناوە و پەیامنێر و وێنەگر و رۆژنامەنووسە و زمانەكانی توركمانی، كوردی و عەرەبی دەزانێت و ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراقیشە .
سەمیر یەمینجی ئۆغڵو بە دوالاپەڕەی وت: من هەر لەسەرەتای قۆناغی ئامادەییەوە  هۆگری پیشەی فۆتۆگرافەری بووم و هەرگیز كامێراكەم جێنەهێشتووە و وەكو برادەری بەردەوام لەگەڵمدایە و دەزانم چۆن وێنەیەكی سەرنجڕاكێش بگرم  بۆ ئەوەی لە كاری میدیاییدا وەك وێنەگرێكی پرۆفیشناڵ لەنێو هاوتەمەنە پێگەیشتووەكانمدا جیابكرێتەوە.
 وتی: وەكو پەیامنێر و وێنەگر بۆ ژمارەیەك رۆژنامە و میدیاكان كاری كردووە و هەواڵی گرنگی لە لاپەڕەكانیاندا بڵاوكردووەتەوە لەوانە رۆژنامەی  (ئەلزەمان) كە بە توركی و ئینگلیزی بڵاو دەكرێتەوە و رۆژنامەی (توركمان ئیلی) كە لە كەركوك دەردەچێت و بەشداریشی لە چەندین چالاكی رۆژنامەوانی و راگەیاندندا كردووە و روماڵی دەیان كۆنگرەی رۆژنامەوانی لەكەركوك كردووە لەو چوارچێوەیەدا، هەروەها لەساڵی 2004 ەوە وەك پەیامنێر و وێنەگر بۆ ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندن كاری كردووە و لە ساڵی 2009 لە پارێزگاكانی كەركوك و سلێمانی وەك پەیامنێر و وێنەگری رۆژنامەوانی لە لایەن (ئاژانسی جیهان) كاری بۆ كردوون و لە ئێستادا وەك پەیامنێر بۆ ئاژانسی (IHA) كار دەكات.
سەمیر یەمنجی ئۆغڵو ئاماژەی بە وەشكرد كە بەشداریی لە ژمارەیەك خولی رۆژنامەگەری و راگەیاندن كردووە كە لە ناوەوە و دەرەوەی عیراق بەڕێوەچووە، لەوانە خولەكانی قاهیرە و توركیا و ئۆگاندا و چەند خولێكی تر كە لە بەغدا و كەركوك لەسەر پاشماوەكانی جەنگ و نێردەكانی پەیامنێری جەنگ لەلایەن خاچی سووری نێودەوڵەتی و پاراستنی رۆژنامەنووسان لە پارێزگای كەركوك لەلایەن كونسوڵخانەی ئەمریكا لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.
راشیگەیاند كە بە شانازییەوە لەگەڵ برایانی كورد و عەرەب و مەسیحی لەكەركوك كاری میدیایی خۆی ئەنجام دەدات و خۆشحاڵیشە كە میدیاكاران بە هەموو نەتەوەكانییەوە رێچكەی پێكەوەژیان دەگرنەبەر.
رزگار كەركوكی

بابەتە پەیوەندیدارەکان