ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
لەگەڵ پەرەسەندنی ژیانی مرۆڤدا، هۆكارەكانی گواستنەوەش رۆژ بە رۆژ لە پەرەسەندندایە، مرۆڤ سەرەتا سوودی لە هۆكار و ئامرازە سروشتییەكان وەرگرتووە بۆ گواستنەوە، وەك بەلەمی بچووك، كە دانیشتوانی رەسەنی ئوسترالیا لە زۆر كۆنەوە بەكاریان هێناوە و لەو بوارەدا پێشەنگن، هەروەها بەكارهێنانی ئاژەڵ و وڵاخەبەرزە لە شارستانییە كۆنەكاندا بەكار هاتووە، تا دۆزینەوەی تایە لە ناوچەی میزۆپۆتامیادا و دواتریش لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازیدا گواستنەوەش گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا هات.
سێ هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر مرۆڤ تایەی داهێنا، دروستكردنی كەشتی و بەكارهێنانی بە شێوەیەكی رەسمی وەك هۆكارێك بۆ گواستنەوە لە ساڵی 1816وە دەستی پێكرد، یەكەم هێڵی ئاسن بۆ گواستنەوە بە شەمەندۆفێر لە ساڵی 1829دا دروستكرا، ساڵی 1885 مرۆڤ ئۆتۆمبێلی داهێنا، ساڵی 1903 فڕۆكەی دروستكرد و هەموو ئەمانەش سەرەتایەك بوون بۆ پەرەسەندنی هۆكارەكانی گواستنەوە.
نە میترۆمان هەیە و نە تراموا
ئێستا گواستنەوە لە رێگەی وشكانی و دەریایی و ئاسمانییەوە، بۆ گواستنەوەی نەفەر و شمەكیش لە هەموو جیهاندا پەیڕەو دەكرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە پێشكەوتنەكانی گواستنەوەی نەفەرە لە ناو شارەكاندا، كە لە رێگەی پاس، میترۆ، تراموا و شەمەندۆفێرەوە جێبەجێ دەكرێت.
ئەم ئامرازە نوێیانەی گواستنەوە لە یەك كاتدا ژمارەیەكی زۆر نەفەر دەگوازنەوە، هەر یەكەیان خێراییەكی گونجاوی هەیە و لە رووی سەلامەتییەوە، لە ئاستێكی بەرزدان، بێگومان ئەو شارانەش كە دەكەونە سەر دەریا، یان رووباری گەورە بە ناویاندا تێدەپەڕێت، كەشتی تایبەت بە گواستنەوەی نەفەر بەكار دەهێنن. هێڵی گواستنەوە لە هەرێمی كوردستان لە شەمەندۆفێر و میترۆ و ترموا بێبەشە و تەنیا پاس بەكار دەهێنرێت بۆ گواستنەوەی نەفەر، پاسەكانیش لە ئاست پێشكەوتنەكانی سەردەمدا نین و تەنانەت وێستگەی گونجاویشمان نییە بۆ وەستانی پاس و چاوەڕێكردنی نەفەر.