شیعری: ئەڤین حەمۆ *
دوای ساڵێک لە ئێستا
بووینەتە دوو سێبەر، بەسەر دیوارێکی درز بردووەوە
هیچ شتێک ناگۆڕدرێ جگە لە ناوی وەرزەکان و
دەستوپلمان کە لە گەرمیی یەکتر رادەکەن
وەک ئەوەی هەرگیز بەیەک نەگەیشتبن.
ئەو حیکایەتەت بیرماوە؟
ئەستێرەکەی لە ناوەڕاستی ئاسماندا خۆی کوشت؟
گوتمان لە ئێمە دەچێت
لە هەموو ئەو شتانە دەچێت کە کامڵ نین.
رووناکییش یارییەکی شکاو بوو
شەویش بێدەنگیی خۆی دەخواردەوە،
وەکو مردووەکان کە غیاب هەڵدەدەن.
ئێمە ئێستا لە کات دوورتر و
لە تەپوتۆز نزیکترین
کە ناگەڕێتەوە بۆ زەوی و
لە با دوور ناکەوێتەوە.
لە کۆتایی شەودا، کە دەست دەبەم بتگێڕمەوە
جگە لە کفنێکی کۆن هیچی تر نادۆزمەوە،
خەڵتانی شکستەکانی هەموو ئەوانەیە
کە بە بەر دڵمدا تێپەڕیون.
* شاعیرێکی خۆرئاوای کوردستانە
وەرگێڕانی: ڤینۆس فایەق