کۆسرەت رەسوڵ عەلی پیرۆزبایی لە کوردستانی نوێ دەکات

02:16 - 2025-01-12
کوردستان
136 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێزان سەرنووسەر و رۆژنامەنووسان و ستافی کاری رۆژنامەی کوردستانی نوێ

(٣٣)هەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستانی نوێ لە جەنابتان و سەرجەم خوێنەران، میدیاکاران و سەرجەم ئەو رۆژنامەنووسانەی رۆژێک لە رۆژان لە رۆژنامەکە کاریان کردووە پیرۆز دەکەم و ئاواتەخوازم هەمیشە لە پێشکەوتندا بن و بەردەوام بن لە خزمەتکردنی رەوتی رۆژنامەگەری کوردی.

(٣٣) ساڵ لەمەوبەر، لە سەرەتاکانی ئازادکردنی کوردستان لە چنگی رژێمی بەعسی داگیرکەر، لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵان بیرۆکەی دەرکردنی رۆژنامەیەکی رۆژانەمان هەبوو، لەگەڵ جەنابی مام جەلال باسمان کرد و بەخۆشحاڵییەوە هەموو پشتیوانیەکی بۆ دەربڕین.
دوای ئەوە لەگەڵ نووسەران و رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران لە هەولێری پایتەخت گفتوگۆمان کردو بەپشتیوانی هەموو لایەک، بۆ یەکەمجار لەسەر خاکی کوردستان رۆژنامەیەکی رۆژانە بەزمانی کوردی چاپ و بڵاوکرایەوە.

لەوساوە بۆ ئەمڕۆ، سەرەڕای کێشەو قەیرانەکان، هەمیشە و لە وێستگە جیاوازەکان، رۆژنامەی کوردستانی نوێ وەک رۆژنامەیەکی رۆژانە بەردەوام بووەو بەیانیان لەگەڵ خۆر هەڵاتووە، خوێندنگەی پێگەیاندنی دەیان و سەدان رۆژنامەنووسی بەتوانا بووەو مینبەری گەیاندنی حەق و راستی بووە.

لە (٣٣)هەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ژمارەیدا، وێڕای دووبارە پیرۆزباییم لەستافی رۆژنامەکە، ئومێد دەکەم وەک هەمیشە کوردستانی نوێ رۆژنامەی هەمووان بێت و مینبەری دەنگی ئازادو بۆچوونە جیاوازەکان بێت، لەپاڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و گەشەسەندنی میدیای ئەلیکترۆنی، هیواخوازم بەخۆگونجاندن لەگەڵ پێشکەوتنەکان بەپاراستنی ناسنامە رەسەنەکەی بەردەوام بێت و وەک هەمیشە دەنگی دلێرو هەقی سەرجەم کوردستانیان بێت.


کۆسرەت رەسوڵ عەلی

#کوردستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان