دیداری: ئالان محەمەد جەزا
ئومێد محەمەد پیرۆت خوێندكاری دكتۆرا لە ئەندازیاری لە زانكۆی روودن لە شاری مۆسكۆ-ی روسیای فیدراڵ و مامۆستا و توێژەر لە زانكۆی راپەرین دەربارەی خوێندن لە وڵاتی روسیا، بەتایبەتی ئەو خوێندكارە كوردانەی لەو وڵاتە دەخوێنن، لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ وتی :
کۆماری روسیای فیدراڵ وڵاتێکی خاوەن پیشەسازیی و ئابووریی زەبەلاحە، ئەوەش روونە رەوتی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک وابەستەی پێشکەوتنی زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانییەتی، ئەم وڵاتە لە ئێستا و چ لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا وەک لانکەی پێگەیاندنی زانایان و براوەکانی خەڵاتی نۆبل، شەرەفمەندی وەرگرتووە، بە تایبەت لە بوارەکانی فیزیا و کیمیا و ئەدەب و وێژەدا، لەوانە ( ڤیتاڵی گینزبرگ، نیکۆڵای سیمۆنۆڤ، میخائیل شکۆلۆڤ، میخائیل گۆڕباچۆڤ و...هتد). ئێستاش زیاتر لە (400) زانکۆی جۆراوجۆر لە روسیادا هەن، کە باشترینەکانی زانکۆکانن لەوانە: ( Mosco State university, Rudn University, Saint Petersburg University, Kazan University) نن بە گوێرەی سیستمی (QS). بۆ ئەمساڵیش زیاتر لە (350,000) خوێندکاری بیانیی لەوێ ئامادەی خوێندنن، کە لە تەواوی جیهانەوە روویان لە روسیا کردووە، هەڵبەتە خوێندکارانی کوردیش بەشێکن لەو ژمارەیە.
مامۆستا ئومێد سەبارەت بەوەی خوێندکاری کورد بە چ شێوەیەک دەچنە ئەو وڵاتە و دەخوێنن وتی: ساڵانە خوێندکارانی کورد چ لەسەر ئەرکی خۆیان بێت یان بەشێوەی سکۆلارشیپ دەچنە ئەم وڵاتە، بۆ هەر سێ ئاستی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا، بەڵام ماوەی دوو ساڵە تەنها خوێندکارانی سکۆلارشیپ رێگەیان پێدەدرێت بۆ خوێندن لە روسیا کە بۆ ساڵی (2024) نزیکەی (70) کورسی بۆ کوردستان بەردەستبوو، هەرچەندە ئاماری زۆر ورد لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە ژمارەی خوێندکارانی کورد، بەڵام بە گوێرەی هەندێک ئاماری سەرەتایی بێت ژمارەیان نزیکەی (300) خوێندکار دەبن کە بەسەر زۆربەی زانکۆکاندا دابەشبوون.
جەنگ کێشەی بۆ دروست کردوون
هاوکات ئومێد محەمەد سەبارەت بە جهنگی ئۆكرانیا و روسیا و تاچهند كێشهی بۆ خوێندكاره كوردهكان دروستكردووه وتی: هەڵگیرسانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، کۆمەڵێک دەرئەنجامی نێگەتیڤی بەدوای خۆیدا هێنا، وەک گرانبوونی شتومەک و کاڵای بیانی و دابەزینی بەهای رۆپڵی روسیی بە رێژەی (35 ٪) بە بەراوردی پێش جەنگەکە، بە گوێرەی راپرسییەک لە نێوان خوێندکارانی کورددا کراوە سەبارەت بەم پرسیارە، خوێندکاران باسیان لە کۆمەڵێک دەرهاویشتەی نێگەتیڤی جەنگەکە کردووە لە نێوخۆی وڵاتدا، وەک گرتنەبەری باری ئەمنی توندوتۆڵ لە فرۆکەخانەکان کە زۆرجار خوێندکار بۆماوەی چەندین سەعاتێک رادەگیرێت و رێگەی چوونە ژوورەوەی پێنادرێت و لێکۆڵینەوەی وردی لەگەڵدا دەکرێت، هەروەها بەشێک لە خوێندکاران پێیان وایە شەڕەکە کاریگەریی خراپی لەسەر دەروونی خوێندکاران هەبووە و خوێندکار تووشی سترێسی زۆر بووە. ئەمە جگە لەوەی ماوەی دوو ساڵە بەشێک لەو خوێندکارە کوردانەی کە دەیانەوێت لەسەر بودجەی خۆیان بخوێنن چانسی خوێندنیان پێنادرێت، بەڵام تەواوی خوێندکاران کۆکبوون لەسەر ئەوەی ئەم شەڕە هیچ کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر پرۆسەی خوێندن لە روسیا نەبووە.
هاوکاریی ناکرێن
هاوکات لەبارەی پرسیاری ئەوەی ئایا حكومهتی ههرێم هیچ هاوكارییهكی دارایی ئهو خوێندكاره كوردانه دهكات كه له روسیا دهخوێنن وتی: بەگوێرەی هەمان راپرسی خوێندکاران یەک دەنگ بوون لەسەر ئەوەی حوکمەتی هەرێم هیچ هاوکارییەکی خوێندکارانی کورد ناکات.
مامۆستا ئومێد محەمەد سەبارەت بەوەی گرفتی جهوههریی له سیستمی خوێندن له روسیادا چییە، وتی: سەرەڕای ئەوەی بەشێك لە زانکۆکانی روسیا لە ئاستی زانستی زۆر بەرزدان و سیستمی خوێندیان پێشکەتووە، بەڵام هێشتا بەشێک لە خوێندکاران و توێژەران گلەییان لە سیستمەکە و خزمەتگوزاریی خوێندن هەیە، وەک خراپیی شوێنی ژیان و گرانیی کرێی مانەوە، بەتایبەت لە شاری مۆسکۆ، ئاڵۆزی پرۆسەی خۆ تۆمارکردن بۆ خوێندکاری نوێ. گرفتی فێربوونی زمانی روسیی، یەکێکە لە سەرەکیترین گرفتەکان کە پێوستە ماوەی هەشت مانگ لە کۆرسی زماندا بەشداربن پێش کۆرسی ئەکادیمی، کۆرسی ئەکادیمیشی بە زمانی ئینگلیزییە. بۆیە سەختیی خوێندن و توێژینەوە بەم زمانە گرفتی بەشێکی دیکەی خوێندکارانە.