کەسوکار و بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین، مامۆستا عەلی حەوێز
هەڤاڵانی یەکێتیی و پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ماڵئاوایی یەکجارەکی هەڤاڵ عەلی حەوێز ئەندامی هەرە پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانتان پێڕادەگەیەنین.
مامۆستا عەلی سەرکردە و خەباتگێرێکی دێرینی گەلەکەمان و یەکێتی و شۆڕشی نوێ و هەڤاڵ و دۆستی نزیکی سەرۆک مام جەلال بوو.
هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە تێکەڵی خەباتی نەتەوایەتی و دیموکراتی گەلەکەمان بوو. لە سەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێشەوە بەوپەڕی لە خۆبردوییەوە وەک پێشمەرگە و خەباتگێری نەبەز و سەرکردەیەکی دیار و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەکەمان لەم کاروانە دوور و درێژەی خەباتی پێشمەرگایەتی و رێکخراوەییدا رۆڵی جوامێرانەی گێڕاوە.
وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی دەڤەری کۆیە و تێکڕای کوردستانیش خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و ناو جەماوەر بوو.
بە داخەوە بە هۆی نەخۆشییەوە شەوی ١٧ لەسەر ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥ لە شاری هەولێر لە نەخۆشخانە ماڵئاوایی یەکجارەکی لە هەڤاڵان و دۆستانیکرد و گەیشتە کاروانی نەمران.
بەم بۆنەیەوە مەکتەبی سیاسیی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی مامۆستا عەلی حەوێز و هەڤاڵانی یەکێتی و خزمانی کۆیە دەکات.
لە خوای گەورە داواکارین مامۆستا جێگەی بەهەشتی بەرین بێت.
یاد و بیرەوەری هەمیشە لە دڵ و دەروونی هەڤاڵەکانی ، فەرماندە و تێکۆشەرانی کوردستاندا زیندووە و ناویشی لە تۆماری شۆرشی نوێ و کاروانی خەباتدا درەوشاوە بێت.
نەمری بۆ مامۆستا عەلی حەوێز و گشت شەهیدان و گیانبازانی یەکێتیی و تێکەڕای شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٨-١-٢٠٢٥