قوباد تاڵەبانی: تاوانە گەورەکەی سەیرانگای پەرەخ ویژدانی هەموو هاووڵاتییان هەژاند

03:53 - 2022-07-23
عیراق
478 جار خوێندراوەتەوە



قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پەیامێکی
 لەبارەی بۆردومانکردنی سەیرانگەی پەرەخ لە زاخۆ بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

لە گەرمای تەمموزی بەغدا و باشوورەوە هاتبوون تا جەستەی خۆیان بدەنە بەر فێنکایی تاڤگە و  شنەبای سەیرانگا و هاوینەهەوارەکانی کوردستان، کەچی بەداخەوە جەستەی خوێناویی بێ گیانیان رادەستی کەسوکار و خانەوادەکانیان کرایەوە.

تاوانە گەورەکەی سەیرانگەی پەرەخ ویژدانی هەموو هاووڵاتییانی عیراقی هەر لە دهۆک و هەولێر و سلێمانییەوە هەتا بەغدا و نەجەف و بەسرەی هەژاند و هەموو لایەکی تازیەبار کرد. ئێستا نەک هەر خانەوادەکانیان، بەڵکو هەموو عیراق خاوەن پرسەی نۆ شەهیدەکەی سەیرانگەی پەرەخن.

تاوانەکە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان واتایەکی دیکەشی هەبوو، هاووڵاتیانی کوردستان دووجار ویژدانیان هەژا. جارێکیان وەک هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکەی عیراق خەمبار و دڵگران بوون بەو رووداوە دڵتەزێنە و شەهیدبوونی نۆ هاووڵاتی مەدەنی. جارەکەی دیکەشیان وەک کوردێکی بێکەس و بێ پشتوپەنا، کە بەردەوام قوربانین و کەس هاواریان نابیستێت!

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرووی 100 هاووڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانەوە شەهیدەوە بوون، بۆ حکومەتی فیدراڵ جارێک هەڵوێستێکی جدی نەبوو؟

ئێمە خۆشحاڵین و جێی پێزانینە کە ئەمجارەیان حکومەتی فیدراڵ و پەرلەمان و لایەنە عیراقییەکان بە گشتی و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەڵوێستی شیاو و گونجاویان هەبوو، بەڵام جێی خۆشییەتی و بیریان بهێنێنەوە کە ئێمە لە رابردوودا بە دەیانجار داوای هەڵوێستی جدیمان لێکردن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاکی عیراق، کەچی بە داخەوە تەنها یەک دوو جار نەبێت کە بە ئیدانەکردنێکی سەرپێیی لەکۆڵ خۆیان کردەوە. 

ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگ بوو کارەساتی بەر لە چەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە، گەنجێکی جوان لە مانگی هەنگوینیی خۆیدا شەهید نەبوایە، لاشەی بێ گیانی منداڵێکمان بەفڕۆکە رەوانەی بەغدا نەکردایە!

من دەڵێم خوێنی کەس لەکەسی تر سوورتر نییە!

ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لەساڵی 2011 دا هەڵوێستی هەبوایە بەرامبەر تاوانی شەهیدکردنی سۆلین شەماڵ حسێنی منداڵ و شەش ئەندامی دیکەی خانەوادەکەی لە چیای کورتەک، ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی 2015 دا هەڵوێستی هەبوایە بەرامبەر شەهیدکردنی 8 هاووڵاتی مەدەنی گوندی زارگەلی، ئەگەر هەڵوێستی هەبوایە بەرامبەر بەشەهیدکرانی دەیان هاووڵاتی مەدەنی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئەستەم بوو ئەم رۆژانە تاوانەکەی سەیرانگەی پەرەخ روویدابایە.

بەپێی دەستوور پاراستنی سەرەوەریی عیراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە، ئەرکی حکومەتی فیدراڵە، هەربۆیە چ وەک حکومەتی هەرێم و چ وەک هاووڵاتیانی کوردستان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە فیدراڵییەکان ئەوەیە بێ هیچ فەرق و جیاوازییەک بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی سەرەوەری عیراق ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

داواکارم و کار بۆ ئەوە دەکەم ئەم رووداوە کارەساتاوییە تەبایی بێنێتە نێو لایەنە سیاسییەکانی عیراق و لەیەکیان نزیکبکاتەوە و وایان لێبکات دڵۆپێک خوێنی هاووڵاتییەکمان لە هەموو شتێکی تر پێ گرنگتر بێت. حکومەتێک دەتوانێت ژیانی هاووڵاتیان و سەرەوەری خاکەکەی بپارێزێت کە بتوانێت لەناوخۆدا کۆک و تەبابێت و جێی متمانەی هاووڵاتیانی بێت.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی گوندی پەرەخ و سەرجەم شەهیدانی بۆردومانەکانی ساڵانی رابردوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان