سەرۆک کۆماری ئێران: نە شەڕخوازین و نە بۆمبی ئەتۆمیمان دەوێت

10:13 - 2025-01-19
جیهان
68 جار خوێندراوەتەوە
جووڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە

ئا/ وێنە ئەمیری

سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشكیان لە چاوپێكەوتنێكیدا لە گەڵ تەلەفزیۆنی ئێن بی سی (NBC) ئەمریكا رایگەیاند: وڵاتەكەی لە جەنگ ناگەڕێت و گفتوگۆ و دانوستان رەت ناکاتەوە، بەڵام نیگەرانی ئەوەن كە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا پابەندی بەڵێنەكانی خۆیان نابن. ئاماژەی بەوەشكردووە كە تاران ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ ئەمریكا لەسەر بنەمای گفتوگۆی یەكسان و بە عیزەت و حیكمەت. 

 

ئێمە بە دوای جەنگ و خوێنڕشتن و كێشە و نائارامیی لە ناوچەكەدا نین، بەڵكو بە شوێن ئارامیداین، ئەوە ئیسرائیلە كە ناوچەكەی لە خوێن هەڵكێشاوە

ئەو دەڵێت: ئێمە وەك كۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە ئاگادارین كە ئەمریكا لە هەوڵی روخاندنی ئێمەدا بووە و لەو پێناوەشدا رۆژ بە رۆژ گوشارەكانی بۆ سەر ئێران زیاتر كردووە، ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە كە لە ناوچەكەدا بە ئارامی بژین، بەڵام سەد مەخابن سات لە دوای سات گوشارەكان زیاتر دەبن و جگە لەمەش سزاكان كێشەی زۆری بۆ ئێمە ناوەتەوە، بەڵام بە مانای ئەوە نایەت كە ئێمە توانای خۆڕاگریمان لەبەرامبەر سزاكاندا نەبێت. 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: هیوادارم ترەمپ ببێتە مایەی بە دیهێنانی ئاشتی لە ناوچەكە و جیهاندا، نەك ببێتە هۆكاری پەرەسەندنی جەنگ و نائارامی و خوێنڕشتن، ئەمە ئەو شتەیە كە ئێمە چاوەڕێی دەكەین. 

وەك خۆم بڕوام بەوە هەیە كە بە زۆر ناكرێت شت بەسەر خەڵكدا بسەپێنیت، ئێمە ئێستا لەگەڵ هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان لە گفتوگۆداین

سەبارەت بە گفتوگۆ لە نێوان تاران و واشنتۆن، پزیشكیان دەڵێت: كێشەی ئێمە لەگەڵ گفتوگۆكردندا نییە، بەڵكو كێشەكە پابەندبوونە بە بەڵێنەكانەوە، كە دوای گفتوگۆ دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. بەداخەوە كاتێك كە ئێمە گفتوگۆ دەكەین و بەڵێن بە یەكتر دەدەین، دەبینین كە پابەندی بەڵێنەكان نابن. بۆ نموونە ئێمە لە گفتوگۆكانی 5+1 كە ماوەیەكی دوور و درێژی خایاند، پابەند بووین، بەڵام بە داخەوە لایەنی بەرامبەر پابەندی نەبوون. هەر بۆیە ئێستا نازانین ئەگەر گفتوگۆ بكەین هەمدیسان ئەو حاڵەتە روو دەداتەوە یان نا؟ بۆیە جۆرێك بێ متمانەیی هاتۆتە ئاراوە كە هەرچەند ئێمە گفتوگۆش بكەین ئەم بۆچوونە هەیە كە ئەمریكا لە فیكری رووخاندنی ئێمەدان نەك لە بیری گفتوگۆكردن و چارەسەركردنی پرسەكە.
سەبارەت بەوەی تاكەی ئێران دەتوانێت لەبەرامبەر سزاكاندا خۆڕاگر بێت، پزیشكیان دەڵێت:  ئێمە سەرەڕای هەموو ئەو گوشارانەی لەسەرمانن، ژیانی ئاسایی خۆمان بەڕێوەدەبەین، هەرچەند زیانێكی زۆرمان لە سزاكان بینیوە، بەڵام دەستكەوتی گەورەشمان لەبەرامبەر ئەو گوشار و سزایانەدا بەدەستهێناوە، هەرچەند گوشارەكان زیاتر بكرێن، ئێمەش رێگەی زیاتر بۆ خۆدەربازكردن لە سزاكان دەدۆزینەوە. 
پزیشكیان دەڵێت: ئێمە بە دوای جەنگ و خوێنڕشتن و كێشە و نائارامیی لە ناوچەكەدا نین، بەڵكو بە شوێن ئارامیداین، ئەوە ئیسرائیلە كە ناوچەكەی لە خوێن هەڵكێشاوە، ئیسرائیل هەر لە سەرەتاوە دژی رێكەوتنە ئەتۆمییەكە و جێبەجێكردنی بوو، ناتانیاهۆ بە ئاشكرا رایگەیاند و وتی: هەموو كارێك دەكەم بۆ ئەوەی رێكەوتنەكە سەر نەگرێت و ئامانجی خۆی نەپێكێ. 
پزیشكیان لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئیسرائیل و ئەمریكا گفتوگۆیان كردووە سەبارەت بە هێرشی سەربازیی بۆ راگرتنی چالاكییە ئەتۆمییەكان، ئەگەر وەها هێرشێك بكرێت هەڵوێستی ئێران چی دەبێت؟ 
پزیشكیان: بەدڵنیاییەوە لەبەرامبەر هەر كردەوەیەكدا پەرچەكرداری گونجاومان دەبێت، ئێمە لە جەنگ ناترسێن و بە دواشیدا ناگەڕێین. ئەو هێرشەی ئەوان باسی دەكەن شمولی خاك و كەرەستە و ئامێرە، بەڵام ئەوەی ئێمە بە دەستمان هێناوە ئەندێشە و كارامەیی و تواناییە، خۆ ناتوانن ئەوانە لەناو بەرن. 
ئەمریكا باس لە ئاشتی و ئازادی و مافی مرۆڤ دەكات، بەڵام بە داخەوە پشتگیری و بەرگریی لە رژێمێك دەكات لە ناوچەكەدا كە پتر لە 50 هەزار ژن و منداڵ و پیر و گەنجی كوشتووە و خوێندنگەی لەناو بردووە، ئەمە بە هیچ جۆرێك قابیلی بەرگری نییە، جەنگ لە نێوان كەسانی سەربازییدایە نەك خەڵكی مەدەنی و بێتاوان ببنە قوربانی. 
سەبارەت بە ئەگەری جەنگ دژی ئێران بەپێی ئەو گرژیانەی كە لە نێوان وڵاتاندا هەیە، پزیشكیان وتی: بە دڵنیاییەوە هێرشی سەربازی، هەم زیانی بۆ ناوچەكە هەیە و هەم بۆ سەرتاسەری جیهان. ئێران غەزە و سوریا نییە، ئێران ئەو هێز و توانایەی هەیە كە لەبەرامبەر هێرشەكاندا بوەستێت و وەڵامی جەرگبڕی دەبێت، بەڵام ئێمە هەرگیز بە دوای ئەوەدا نین كە جەنگ هەڵگیرسێت، یان خوانەخواستە رەوتەكە بە ئاقارێكدا بڕوات كە ببێتە هۆی نائارامی لە ناوچەكەدا. 
سەبارەت بەو گرژییانەی لەناوچەكەدا هەیە پزیشكیان دەڵێت: ئەو گرژییانەی هەیە بە قازانجی هیچ لایەك نییە، خۆرئاواییەكان ئیمكاناتە ئەتۆمییەكانی ئێمەیان بینیوە و ئەو كارانەی ئێمە لەم بوارەدا كردوومانە، هەمووی ئاشتیخوازانەیە و بە دوای چەك و بۆمبی ئەتۆمییەوە نەبووین و نابین، ئەوەش بۆ باوەڕ و ئیمان و بڕوای ئێمە دەگەڕێتەوە. ئەوان بەزۆر دەیانەوێت بڵێن كە ئێمە دەستمان بە بۆمبی ئەتۆمی دەگات، ئەمە جۆرە روانینێكە كە دەیانەوێت لە جیهاندا دروستیبكەن و لەناوخۆی وڵاتەكانی خۆیاندا مەشروعییەت بۆ خۆیان پەیدا بكەن، ئەم جۆرە دەستێوەردانانە، بە دڵنیاییەوە زیانی بۆ ئەو كەسانە دەبێت كە وەها قسەیەك دەكەن. ئێمە بە هیچ جۆرێك نامانەوێت چەكی ئەتۆمی دروستبكەین و ئەمەشمان لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەدا نیشان داوە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم زۆرترین سەردانی بۆ بنكە و ناوەندەكانی ئێمە كردووە و پابەندی ئەو رێكەوتنەكە بووین و ئێستاش بەردەوام پابەندین و هەر پابەندیش دەبین. 
قسەی من ئەوەیە كە ئێمە لە ناوخۆی ئێران كارێك دەكەین كە هەموو خەڵك بتوانن لە سیاسەت و كارگێڕی و بڕیارداندا بەشدار بن، سەبارەت بە دراوسێكانیشمان هەوڵدەدەین كە بە دۆستایەتی و پەیوەندییەكی نەرمونیان بژین.
لەبارەی سوریاوە پزیشكیان وتی: ئەگەر خەڵكی سوریا دەنگیان بە هەركەسێك دا، ئێمەش پەیوەندیمان لەگەڵیدا دەبێت، چونكە ئێمە رەزامەندی و بەشداریكردنی خەڵكی سوریا و یەكپارچەیی و سەروەریی خاكی سوریامان دەوێت.  
سەبارەت بە هەوڵی كوشتنی ترەمپ لەلایەن ئێرانەوە، پزیشكیان وتی: بە هیچ شێوەیەك وا نییە و هەرگیز وەها مەبەستێكمان نەبووە و نابێت. 
لەبارەی ئاگربەستی غەزە و گۆڕینەوەی دیلەكانەوە، پزیشكیان وتی:  ئەمریكا و قەتەر و میسر، سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ ئەوەی ئاشتی لە غەزە بێتەدی، ئەوە ئیسرائیلە ئاشتی ناوێت و ئەگەر ئەوان پابەند بە ئاشتی بن، ئەوا دیلەكانیش ئازاد دەكرێن و ئێمەش هەرچی لە دەستمان بێت بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی لەناوچەكەدا دەكەین و درێغی ناكەین.   
سەبارەت بە رووداوە ناوخۆییەكانی ئێران، پزیشكیان وتی: لەهەر كۆمەڵگەیەك كۆمەڵێك كێشە و سەلیقەی جیاواز هەیە، بۆیە من وەك خۆم بڕوام بەوە هەیە كە بە زۆر ناكرێت شت بەسەر خەڵكدا بسەپێنی، ئێمە ئێستا لەگەڵ هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان لە گفتوگۆداین و هەوڵدەدەین كە فەزایەكی لێوان لێو لە رێكەوتنی هاوبەش بژین، بۆیە بۆ سیستان و بلوچستان كە سوننەن، پارێزگارێكی سوننەمان داناوە، لە خوزستان كە عەرەبن، پارێزگاری عەرەبمان داناوە، لە كوردستان پارێزگارێكی كوردی سوننەمان داناوە، ئەمە پێشتر وا نەبوو، ئێستا لە كابینەی وەزیراندا ژنان بەشدارییەكی زیاتریان پێدراوە، ئێستا ژن سەرۆكی زانكۆیە. 
هەوڵدەدەین كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەین نەك بە شەڕ و هەرا، ئەمە لەگەڵ دراوسێكانیش راستە، كێشەكان چارەسەر دەكەین هەم لەگەڵ دراوسێكان و هەم لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە ئاشتی و ئارامی دەژین.  
سەرۆك كۆماری ئێران دەڵێت: ئێمە چ تاوانێكمان كردووە كە نابێت لە زانست و تەكنۆلۆژیا و ئازادیی سەردەم بەهرەمەند بین و ژیانێكی سەربەستانەمان هەبێت،  ئەمریكا و ئەوروپا ئەگەر دەیانەوێت ئاشتی و ئارامی لە جیهاندا هەبێت دەبێت هەوڵبدەن كە دادپەروەرانە هەڵسوكەوت بكەن. ئێمە ئامادەی گفتوگۆین، بەڵام ناكرێت تۆ هەموو رۆژێ سزام بدەیت و دواتریش بێیت بڵێی وەرە گفتوگۆ بكەین، ئەگەر بە راستی ئاشتی و ئارامیتان دەوێت بۆچی هەموو رۆژێ هەڕەشە و سزا بەكار دەهێنن؟ ئێمە هەرگیز پەلاماری هیچ وڵاتێكمان نەداوە.

سەرچاوە: خەبەرگوزاری خەبەر ئۆنلاین

بابەتە پەیوەندیدارەکان