کوردۆ کاروان
گیتارە هێمنەکە، بەڵێنە جوانەکانی ون کرد
منداڵیمان شوعلەی سۆزی ئەو کۆترانەن،
ناگەنە ئەوبەر کەناری فرمێسکە دڵخۆشەکان.
لە بورجی ئەم سەدەفە دەست پاکانەوە
میوەکانی عەشق
نابنە بادەگێڕی گزنگە بەدمەستەکان.
مەمکی ئاسمانێکی غەمگین
نقێمی ئاوی سازگاری لێ داخستن،
ئەو مێخەکە رووخۆشە گوڵاوی
بەردەکانی لێ سەندینەوە.
گۆرانیی ئاوێنە میهرەبانەکانە
کە بە دەستی دارستانە شەرمنەکان، دەسپێردرێن.
وەکو پێکەنینی زەیتوون، تێکەڵ بە ئاوی عەشقیان کردین.
پەلکە گیای مرواریی و
پەنجەی بێ دەنگی تریفەیان
پێ رەوا نەبینین.
زەماوەندی مردووەکان بردیانین
پێخەفی بارانە کریستاڵییەکانی
پەلکەزێڕینەی فریشتەیان لە ئێمە شاردەوە،
شەوە ئاوییەکان لە خەیاڵی سێوەکان
بەهەشتی گریانمان دەڕازێننەوە.
ئێمە لە گومانی ئەو هەورانە دەچین
گوڵی ئەرخەوان باوەشی بۆ گرتنەوە،
بۆنی تەنیایی سەفەر و بۆنی گەزۆبارین دەگرین.
فرمێسکی ئەو هێلانەیە
دەستەکانی ئاسمانی عەشقن
جێی ماڵئاوایی برینی گوڵەکان و
هەناسەی ڤینۆس بۆچی وا فریویانداین؟
ئاونگی ئەم وەهمە
سێوێکە لە گەمەی خەیاڵ و
ماچێکە لە شکۆفەی پەشێمانیی
قافڵەکان بارمتەی کامە عەزابن؟
لە ئاوێنەی تەنیایی بیابانەکاندا نووستون.
سپێدە پێغەمبەری نەورەسەکان
دەبێتە میوانی ئارەزووی شەفەق
بەیانیی یادداشتەکانی مانگ
لەسەر دەستی جوانترین قۆزاخەی
ماتەمی خوداوە کزکز بۆم دەگرین
بەیانیی یاقووتی باخچەکان
دەرگا لە زەنگەکانی گومان ناکەنەوە.
مردن لە سۆراغی شەونمە پەژموردەکانا
وەک مروارییە غەمبارەکان دەشنێتەوە
هەر ئەستێرەیە و رووخسەت لە
شەوە پیرەکان وەردەگرێ.
لەم گەنجینەی حەقیقەتی دڵەڕاوکێیەوە یەکەم
موچڕکەی دۆسێی گوناهەکان لە رەحمی پەرستگای
غوبارستانا تێک دەشکێن
گۆڕەکان داڵدەی شەوێکی
ئەو شمشێرە گرژومۆنانەمان نادەن.
سڵاو لە کەرنەڤاڵی تارماییە
گڵاوەکان دەکەن و
خەیاڵی برینی ئەو دار هەنارەن
کە لە مەرگی لێوەکانی دوێنێی
ئەو باخچەیە چنران.
بازنەکانی ئەو ماڵە تاریکە
لە خەیاڵتانا گۆڕاون بە ئەفیوون،
ئەفیوونی شەهوەتێک کە لە رەحمی
ئاوێنەی پەرستگایەکدا مۆمیاکراوە!
فرمێسکەکان کتێبێکن لە خۆڵەمێش.
پەیکەرێکن لە خەونی ئەو چرکانەی
کراسی نزا لەبەر پێی جوانیی ترسەکان رادەخەن.
تەنیا پرتەقاڵ زیارەتی برینی هەتاو دەکات
کە رووبار ماسییەکانی بیر دەچێتەوە،
شەپۆلی بەوەف، ئاوێنەی ئەستێرە دادەگرێ و
نازی تریقەی لمەکان دەکێشێت.
عەشقی درەخت لەوەدایە
گەوهەری گریانی ئاگر دەنووسێتەوە.
بەردیش ئاوازێکی هەیە لە بێ دەنگیی
دەست لە چاوەکانی مەدەن،
"با" ماچی گوڵاڵەسوورە ناگۆڕێتەوە
بە ئاوریشمی ئەو تەلارەی خوێنی چرای
لێ دەچۆڕێت.
سێوەکان ئفلیج بوون، وەرن کوچەی
ئەم ئەوینە رەجاڵەم هەڵبگرنەوە.
گۆرانیی ئاوێنەکان
ویقاری جوگرافیای رۆحێکن
لە بارانی گوڵی سپیی رەهابوون.
ئەستێرەی پاکیزەیی دەبەنەوە هەواری
موحیبەت و ئەو وەهمانەی
ئاونگ و شۆخی برینی هەتاون.
وای کە بۆنی تەنیایی سەفەر و
ژووانی ئاو و ئاگر و ئەوین دەگرن!