ئیتالیا سەدان كۆچەر رزگار دەكات

09:55 - 2022-07-25
جیهان
511 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی بەیاننامەیەكی هێزەكانی ئێشكگری كەناراوەكانی ئیتالیا، لە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاستدا لە نزیك كەناراوەكانی لیبیا ‌و بە دووری نزیكەی 22 كیلۆمەتر لە كەناری كالابریا،  زیاتر لە 670 كۆچەریان رزگار كردووە، كە لە بەلەمێكدا بوون ‌و رەوانەی هەردوو شاری سیسیلیە ‌و كالابریا كراون.
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتالیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 34 هەزار كۆچەر خۆیان گەیاندۆتە وڵاتەكەیان، لە كاتێكدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو كۆچەرانەی خۆیان گەیاندبووە ئیتالیا، 25 هەزار‌و 500 كەس بوون.
رێكخراوە ناحكومییەكانی ‌و دەسەڵاتدارانی ئیتالیاش ئاشكرایانكردووە، كە تەنها لە ماوەی چەند رۆژێكدا زیاتر لە هەزار كۆچەر گەیشتوونەتە ئیتالیا ‌و سەدان كەسی تریش لە سەنتەری پێشوازی لە دوورگەی لامبیدوزا، چاوەڕێی كەشتییەكانی رێكخراوە مرۆییەكان دەكەن تا بچن بە هانایانەوە.    
نزیكەی 522 كەس كە زۆربەیان خەڵكی ئەفغانستان ‌و پاكستان ‌و سودان ‌و ئەسیوپیا ‌و سۆماڵن، شەوی شەممەی رابردوو لەڕێی 15 بەلەمەوە گەیشتوونەتە دوورگەی لامبیدوزا، كە لە تونس ‌و لیبیاوە بەڕێكەوتوون. بەپێی میدیاكانی ئیتالیاش، لەسەنتەری پێشوازی لە دوورگەكە، شوێنی 200 بۆ 300 كەس دەبێتەوە، بەڵام ئێستا نزیكەی هەزار ‌و 200 كەسی لەخۆگرتووە. 

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#كۆچەر # ئیتالیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان