بەغدا و هەرێم: چارەسەری كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور

10:02 - 2022-07-25
عیراق
715 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی باڵای بەغدا، تەئكیددەكەنەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور.
رۆژی 23/7، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدای كرد. لەبارەی سەردانەكەشەوە، سایتی رەسمیی حكومەتی هەرێم، لە راگەیەنراوێكدا ئەوەی خستۆتەڕوو كە سەرۆكی حكومەت، لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، كۆبۆتەوە و ئامانجی سەردانەكەش، «گفتوگۆكردنە لەپێناوی گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی لە دۆسێی نەوت و گازدا».

كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەت و سەرۆك وەزیران
رۆژی 23/7، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبۆوە و گفتوگۆیان لەبارەی تەواوی دۆسێ نیشتمانییەكان و ئەو پرسانە كرد كە بۆ ژیانی هاووڵاتیان گرنگن، هەروەها پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و رێگەكانی بەردەوامیدان بە كاری هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا.
لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا بە توندی دەستدرێژییەكانی توركیایان بۆ سەر خاكی عیراق سەركۆنە و ئیدانەكرد، كە بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی بێتاوان بوونە قوربانی، جەختیش لە گرنگیی رێكەوتن لەسەر دیدگایەكی یەكگرتوو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دەستدرێژییە و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی كرایەوە، بەو ئاڕاستەیەی كە سەروەریی عیراق بپارێزرێت‌ و كار لەسەر ئەوە بكرێت،‌ لە ئایندەدا پێشێل نەكرێت. هەروەها گفتوگۆكرا لەبارەی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی فیدراڵ و هێزەكانی پێشمەرگە، بەو ئامانجەی جارێكی دیكە تیرۆریستانی داعش نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی عیراق.
گرنگیی رەخساندنی دۆخێكی گونجاو بۆ گەشەپێدانی ئابووری، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، لەوبارەیەوە جەختكرایەوە لە گرنگیی بەهێزكردنی میكانیزمەكانی هاوكاری و هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغدا. هەر لەو چوارچێوەیەشدا، رێكەوتن كرا لەسەر قووڵكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و بەردەوامیدان بەكاركردن لەپێناوی گەیشتن بە چارەسەرێكی هاوبەش و گەیشتن بە حاڵەتێكی یەكگرتوو لە بەڕێوەبردنی دۆسێی نەوتدا، بەشێوەیەك كە بەرژەوەندیی باڵای گەلی عیراق بەدەستبهێنێت. هەروەك كاركردن بە گیانی یەكتیمی و گرنگیدان بە پرسە هاوبەشەكان، تەئكیدی لەسەر كرایەوە.

 


كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
لە كۆبوونەوەیەكیشدا سەرۆكی حكومەت و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانیان تاوتوێكرد.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە پێویستی و گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرایەوە بەشێوەیەكی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور. لەوبارەیەوە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، وتی: دەرفەت هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكان و هاووڵاتیان. سەرۆكی حكومەتیش دووپاتیكردەوە كە هەرێمی كوردستان، هەمیشە ئامادەیە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان لەڕێگەی گفتوگۆوە، بەشێوەیەك مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان پارێزراوبێت.

كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی

هەروەها، سەرۆكی حكومەت، سەردانی فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراقی كرد و دەربارەی گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، گفتوگۆیان كرد.
سەرۆكی حكومەت، جەختیكردەوە كە دەبێت وەكو قەوارەیەكی فیدراڵی و دەستووری، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكرێت. لای خۆیەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، پشتگیریی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور دەربڕی كە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا بێت.

#هەرێم و بەغدا

بابەتە پەیوەندیدارەکان