دیداری: نەرمین عوسمان محەمەد
سەرکردە مەزنەکانی هەموو گەلێک لە جیهاندا کە کوردیش یەکێکیانە، لە دوای شەهیدبوونی خۆیان سەربەرزانە چەند یادگارییەکی مەزن بەجێدەهێڵن، کە دەکرێت یاداشتەکانیان بێت یاخود نەوەکانیان بێت، کە دەبێتە هێمایەک بۆ پیرۆزی و شکۆی خەباتی ئەو نەتەوەیە لە مێژوودا، لەسەروبەندی یادکردنەوەی شەهیدی سەرکردە ئارام شاسواردا، یەکێک لەو یادگارییە مەزنانەی کە ئەم سەرکردەیە لە دوای خۆی بۆ گەلەکەی بەجێهێشتووە، کاک سوارەی کوڕیەتی کە ئەم دیدارە کورتەمان وەکو کوردستانی نوێ لەگەڵدا سازکردووە:
میهرەبانی و خۆشەویستی
*شەهیدی سەرکردە (ئارام) شاسوار، لای بەڕێزتان وەکو باوک، چۆن پێناسە دەکرێت؟
- باوک لای منداڵانی شەهیدان، بەشێوەیەکی گشتی وێنای باوکە نەک باوکی کرداری، چونکە هیچ منداڵی شەهیدێک نەیتوانیوە ئەوەندە کات لەگەڵ باوکیدا بەسەربەرێت، تا بتوانێت پێناسەیەکی درووست بۆ باوکایەتی بکات، تەنیا میهرەبانی و خۆشەویستی ئەوم لە یادە.
یەکەم یادەوەری
*چ یادەوەریەکی سیاسی یاخود کۆمەڵایەتی ئەو سەرکردەیە، بەزەقی لە زیهنی ئێوەدا ماوەتەوە؟
- یەکەم یادەوەریم لەگەڵیدا، ئەوەیە کە کاتێک هات بۆ مۆسکۆ بۆ لامان و بە دیاری ئۆتۆمبێلێکی بۆ هێنام، کە هەرگیز لەیادم ناچێت و دوای ئەوە بەپیاسە چووینە دەرەوە، هەرچەندە کاتەکەیشی ئێوارەی زستانی مۆسکۆ بوو، بەفر دەباری، کەشێکی زۆر دڵگیری هەبوو، تائێستاش ئەو یادەوەرییە لەیادمدایە، وەکو یادەوەری سیاسیش، ئەوەی لەیادمدایە تەنها بینینی چەند هاوڕێیەکی ئەو بوو، کە دەهاتنە ماڵمان و جارجاریش دەچووینە دەرەوە دەمان بینین، دواتر زانیم کە ئەمانە کەسانی سیاسین، لەوانە کاک سالار عەزیز و شەهید شازاد سائیب و شەهید خاڵە شەهاب و کەسانی دیکە، بەتایبەتی برادەرانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کە نەمدەناسین.
قوربانیدان بۆ خاک و نیشتمان
*ئایا درێژەپێدانی بەڕێزتان بە خەبات و باوەڕی پتەو بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاچەند کاریگەر بووە، بە فیکر و خەباتی سەرکردە ئارامەوە؟
- من هەرگیز نەمتوانیوە و ناشتوانم وەکو ئەوبم، بەڵام کاریگەری هەڵسوکەوت و قوربانیدانی بۆ خاک و نیشتمان، پەیوەستی کردووم بە درێژە پێدانی خەبات و تێکۆشانی ئەو لەناو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا.
لە گوندی تەنگیسەر یادی دەکەینەوە
*بەدیدی ئێوە وەکو بنەماڵەی سەرکردەیەکی دیار و تێکۆشەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ساڵانە پێتان باشە چۆن ئەو یادە بکرێتەوە؟
- ئێمە وەکو بنەماڵە و کەسوکار، هەموو ساڵێک لە رۆژی 31/1 دا سەردانی گوندی تەنگیسەر دەکەین و وەکو نەریتی لێهاتووە لەلامان، و هەرکەسێک بەشدار بێت لەگەڵماندا جێگای سوپاس و پێزانینە بۆ ئارام و رێبازەکەی.