عەباس عەبدولرەزاق
مەنسوور یاقوتی نووسەر و بیرمەند، ساڵی 1948 لە گوندی (کێونانی) شاری(سونقر و کلیایی) لە پارێزگای کرماشان لەدایکبووە و لەتەمەنی 76 ساڵیدا دنیای داهێنانی بەجێهێشت و کۆچی دوایی کرد.
یاقوتی چیرۆکنووس و شاعیر و رەخنەگری ئەدەبیی و لێکۆڵەر، لە بواری کورتە چیرۆک و رۆماندا کارامە بوو، چەندین بەرهەمی نایابی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە کە بە شاکارەکانی ئەدەبی ئێرانیی دەژمێردرێن. لەناو نووسەرانی ساڵانی چل و پەنجاکانی سەدەی رابردووی ئەدەبیی ئێرانییدا، کاریگەریی بەرچاوی هەبووە.
مەنسوور یاقوتی لە خێزانێکی کوردی گوندێکی کرماشان هاتۆتە دنیاوە و دواتر خێزانەکەیان بە ناچاریی لەبەر بژێوی، دەچنە کرماشان، لەوێ لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەخرێتە بەر خوێندنی سەرەتایی، لە خوێندنگەی(کزازی)ی دەستپێدەکات و دەتوانێت دواناوەندیی (دبلۆمی ئەدەبی) تەواو بکات. دواتر دەبێت بە مامۆستا لە گوندە کوردنشینەکانی کرماشان.
ساڵی 1961 بە فەرمیی لە وەزارەتی پەروەردە واتە (آموزش پرورش) دادەمەزرێت. بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە گوندە کوردنشینەکان وانە دەڵێتەوە، دواتریش لە خوێندنگەی (حسێن عەلی گویا) لە کرماشان دەستبەکار دەبێت.
لە ساڵی 1969 بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک و دەستنیشانکردنی هۆکار، لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە.
یاقوتی چیرۆکنووس و شاعیر و رەخنەگری ئەدەبیی و لێکۆڵەر، لە بواری کورتە چیرۆک و رۆماندا کارامە بوو، چەندین بەرهەمی نایابی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە کە بە شاکارەکانی ئەدەبی ئێرانیی دەژمێردرێن. لە ناو نووسەرانی سەدەی چل و پەنجاکانی ئەدەبیی ئێرانیدا، کاریگەریی بەرچاوی هەبووە
یاقوتی بەهۆی بیروباوەڕی چەپگەراییەوە، چەندینجار دووچاری گرتن و راوەدوونان بووەتەوە. یەکەمجار کاتێک خوێندکار بووە لە خوێندنگەی ناوەندیی (کزازی) دەستگیر کراوە، ساڵی 1967 بۆ جاری دووەم دەستگیر دەکرێت و رەوانەی زیندانی(شارەبانی کرماشان) دەکرێت، دوای ئەوەش بۆ زیندانی(بەشی دژە خراپییەکان) دەنێردرێت. پاش رووخانی رژێمی شای ئێران و دامەزراندنی(کۆماری ئیسلامیی ئێران) بەردەوام دەبێت لە کاری سیاسیی. ئەو نووسەرە ساڵی1981یشدا دیسانەوە دەخرێتە ژێر چاودێریی دەوڵەتەوە و بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەی 3 ساڵ خۆی دەشارێتەوە، تا لە ساڵی 1984دا دەستگیر دەکرێت و ماوەی 5 ساڵ لە زینداندا دەستبەسەر دەبێت.
نووسەرێکی گەورەی ئێران لەبارەی یاقوتییەوە دەڵێت: «بەپێی نووسراوێک لە بڵاوکراوەی (گەردوون) کە باسی جوانناسی و رستەسازیی و کورتیی و پوختیی ئەدەبی خۆماڵیی، بەبێ کاریگەریی دەرەکیی، لای یاقوتیی دەکات و نازناوی (چیخۆف)ی ئێرانی لێ دەنێت». یاقوتیی بەهۆی وەسفی فەزای سیحراویی گوندەکان و واقعی ژیانی جووتیارانەوە، لە هەمان کاتدا بەسەرهاتی واقعیی و رەخنەئامێزی لە کۆمەڵگەی گوندەکانی کوردستان، بۆشاییەکی گرنگی لە ئەدەبی خۆماڵییدا پڕکردۆتەوە. چیرۆکەکانی لە واقیعی کۆمەڵگەی کوردەوارییەوە سەرچاوەیان گرتووە، بە پشتبەستن بە بنەمای ژیان و منداڵیی خودی یاقوتیی بەرجەستە کراون و پڕن لە وێنەی نۆستالۆژیی سەبارەت بە گەرموگوڕیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی گوندنشینەکان. شاکارە ئەدەبییەکانی زۆرجار ریالیزمن و هەندێکجاریش ئەدەبی کرێکاریی (واقیعی سۆشیالیستی)ین و لە پانتاییەکی زۆردا پەلدەهاون. بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە رەنگدانەوەی ئەو بۆچوونەن کە لە باوەڕی کۆکردنەوەی ئەفسانەکان و بەدواداچوونی ئەدەبی فۆلکلۆرییەوە وەرگیراون و بەسوودوەرگرتن لێیان شا کارەکانی ئەنجامداوە. زۆرجار کارەکانی سەرنجی دەرهێنەرەکانی راکێشاوە بۆ دروستکردنی فیلم، وەک یاقوتیی خۆی دەڵێت: رۆمانی (چراغی بر فراز مادیان کوه) چەندینجار لەلایەن دەرهێنەرەکانی سینەماوە داوای وەرگێڕانی کراوە، بەڵام هەرجارە و بەبیانوویەک ئەنجام نەدراوە، بەڵام هەندێک لە سکانسەکانی فیلمی (داوا)، دەرهێنانی(ئیرەج قادریی) و نواندنی (ئیرەج قادریی و فەخری خوروش) لە رۆمانی (چراغی بر فراز مادیان کوه) وەرگیراوە.
مەنسوور یاقوتی، خەڵاتی باشترین کتێبی ساڵی ئێرانی لەلایەن (شورای کتاب کودک) بۆ کۆمەڵە چیرۆکی (مردان خدا) وەرگرتووە.
ئەم نووسەرە کتێبخانەیەکی گەورەی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، بەشێک لە بەرهەمەکانی ئەمانەن:
زخم و کل خاص (بۆ کوردیی وەرگێڕدراوە)، سالهای پرخاترە، کودکی من، داستانهای آهودرە، چشم هیچکاک و پاچوش، زیر آفتاب، چراغی بر فراز مادیان کوه، دهقانان، آیین یارسان در اساطیر کورد، بن بست – قصەهای زاگروس، حماسە بابک خرمدین.
بیرەوەرییەکانم لەگەڵ مەنسور یاقوتی
لەدوای تاوانی هەڵەبجە و ئەنفال ناچاربووین سنوورەکان ببڕێن، لە سەقز جێگیر بووم بەهۆی کارەکانمەوە کە لە تەلەفزیۆنی کرماشان بڵاودەکرانەوە، بەهۆی هونەرمەندان و نووسەرانی سنە و سەقز و بۆکان و مهابادەوە هاتوچۆمان بۆ وێنەگرتنی چالاکییەکانیان، ئاشنایەتیمان لەگەڵ نووسەرانی ئێرانیشدا پەیداکرد. لە رێگای رۆماننووسی گەورە لاری کرماشانییەوە زانیم، مەنسور یاقوتی لە زیندان ئازادبووە. هەرچەندە پێشتر من چەندین رۆمانیم خوێندبووەوە، وەک (چراغی بر فراز مادیان کوه) و (دهقانان) و (سالهای پرخاترە) و(بن بست) و..هتد، پێم خۆشبوو بە خزمەتی بگەم، لەگەڵ جەنابی لاری کرماشانیی قسەم کرد، پێی وتم کە یاقوتیی هات بۆ تاران ئاگادارت دەکەمەوە. ئەوە بوو یەکەمجار لە ماڵی لاری کرماشانیی یەکترمان بینی و قسەمان لەسەر زۆر شت کرد، بەتایبەتیی بەرهەمەکانی من لە شاخ، وادیار بوو لاریی پێشتر بۆی باس کردبوو. لەوێ بەرنامەیەکمان دانا کە لە کرماشان پێکەوە دانیشتنێک بکەین. لەگەڵ هاوڕێم (کامەران قازیی) لە ماڵی یاقوتیی شەوێک پێکەوەبین، منیش هەندێک لە کارەکانم بەتایبەتی وێنەکانی هەڵەبجە-م پیشاندا بە ئامادەبوونی خوشکەکەی (میترا یاقوتی)ی شاعیر. دواتر هاتوچۆ و سەردانمان هەبوو، مەنسوور یاقوتی شیعرێکی نووسیبوو بۆ هەڵەبجە و نوسخەی یەکەمی پێشکەشکردم، لەناو شیعرەکەدا باسی کامێراکەشم دەکات. چەندین جاری تریش لەگەڵ (رەمزی قوتبەددین) و (هادی غولام) دانیشتنی وامان کردووە. ئێستاش شیعرێکی بڵاونەکراوەی یاقوتیی لای منە کە بەرهەمی ئەو دانیشتنانەیە.
ماوەتەوە بڵێم یاقوتیی دووجار لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژدا لەگەڵ (عەلی ئەشرەف دەروێشیان) بەشداریی کردووە.