رانیە، دێربی راپەڕینی بردەوە

11:09 - 2025-02-02
وەرزش
29 جار خوێندراوەتەوە

هەردوو تیپی تۆپی پێی یانەکانی قەڵادزێ و رانیە، لەیاریگای شەهید مامۆستا مەهدی لە قەڵادزێ، یەکێک لە یارییەکانی خولی جامی یانەکانی کوردستانیان کرد.
‏لە تایمی یەکەمی یارییەکەدا، یاریزانانی قەڵادزێ بە ئاستێکی باشترەوە دەرکەوتن و بە بەردەوامی هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵیان دەدا، لەو هەوڵانەشیاندا، جارێک ستوونی گۆڵ و جارێکی دیکەش گۆڵپارێزی یانەی رانیە رێگربوون لەبەردەم هێرشەکانی قەڵادزێ -دا.
دواتر تیپی رانیە ریزەکانی خۆی رێکخستەوە و لە دەقیقەی 29 –دا، هەڵوێست کەمال گۆڵێکی بۆ رانیە کرد و تایمی یەکەم بەو ئەنجامە، لەبەرژەوەندی یانەی رانیە کۆتاییهات.
لە تایمی دووەمیشدا، هەمان سیناریۆی تایمی یەکەم دووبارە بۆوە، یانەی قەڵادزێ بە هێرشبردن دەستیپێکرد، رانیەش بەرگریەکی تۆکمەی دەکرد، راهێنەری هەردوو تیپیش، چەند گۆڕانکارییەکیان کرد، یاریزانانی قەڵادزێ چەند جارێک نزیک بوون  لەوەی ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە، بەڵام بەرگریکارنی رانیە بەرگرییەکی باشیان کرد، سەرەنجام یارییەکە، بەگۆڵێکی بێ وەڵام لە بەرژەوەندیی رانیە کۆتاییهات و قەڵادزێ ماڵئاوایی لە جامی کوردستان کرد و یانەی رانیەش ئاهەنگی سەرکەوتنی گێڕا و بۆ قۆناغی دووەمی یارییەکانی خولی جامی یانەکانی کوردستان سەرکەوت.

جێگر خدر

بابەتە پەیوەندیدارەکان