وه‌هبی رەسول
فره‌یی ره‌نگ و چاره‌سه‌ره جیاجیا و تایبه‌ته‌كانی، پله تێر و كاڵه‌كانی، پله تاریك و رووناكه‌كانی رۆڵێكی تایبه‌ت و كاریگه‌ر له پێكهاته‌ی فۆڕمییانه‌ی تابلۆ به‌لایه‌ك و به‌لایه‌كی تر له‌سه‌ر چاوی بینه‌ر و بینینی، ده‌گێڕن
هونه‌رمه‌ند ئێمه‌ی وه‌رگری رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێک تابلۆ كردۆته‌وه، كه له نمایشی تابلۆكانی پێشانگه‌ی پێشوویه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه و له دوا هه‌ڵكشانێكی ستوونی زیاتر له‌و نمایشه، له‌م پێگه ستوونییه‌دا هه‌ڵوەسته‌یه‌كی كردووه(كه ئه‌مه حاڵه‌تێكی ته‌ندروسته له ئه‌زموونی كاركردنی هونه‌رمه‌ندا گه‌ر نه‌ڵێم پێویستە). ئه‌مه هه‌ڵوەسته‌یه‌كی زه‌مه‌نیی كورته، كورت وه‌ك ته‌مه‌نی ئه‌زموونكردنێكی ئیستاتیكیانه كه‌له‌خۆیدا زه‌مه‌نێكی فیزیكیی درێژی كاركردن و سۆراخ و تێڕامانی هونه‌ریانه‌ی وردی ده‌وێت. له‌م هه‌ڵوەسته‌كردنه‌دا یاخود ئه‌م هه‌ڵوەسته‌كردنه، له‌پێناو بڵاوبوونه‌وه‌یه‌كی ئاسۆییانه‌ی بینین و كاركردن و به‌خشینی هونه‌رمه‌ند، كه له‌م ئاڕاسته بڵاوبوونه‌وه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت زۆربه‌ی (گه‌ر نه‌ڵێم سه‌رجه‌م) ره‌هه‌نده ته‌كنیكی چاره‌سه‌ره فۆڕمییه‌كانی له دووتوێ و نه‌خشه‌یه‌كی نه‌ترازاوی شێوازگه‌راییه‌وه ئه‌زموون بكات و به‌سه‌ربكاته‌وه. ئه‌و ئه‌مه بۆیه ده‌كات تا هێنده‌ی بتوانێت هه‌موو توانا ئیستاتیكی و ته‌كنیكی و ته‌نانه‌ت واتاییه‌كانی ئه‌و نه‌خشه شێوازه كاركردنه له‌خۆبگرێت و بپێكێت.
بۆ ئه‌و ئه‌مه ساتی له نزیكه‌وه ده‌ستدانه له زۆربه‌ی ئیحتیمالیه‌تی توانا ئیستاتیكی و به‌خشه‌ر و په‌خشكه‌ره‌كانی فۆڕم. فۆڕم جارێك وه‌ك ده‌ستنیشانكراوی و په‌تیكراوه، جارێكی تر وه‌ك دیارییكراوی نادیارییكراوی(كه زۆرێك له چانسی ئه‌م دیاریكراوییه‌ی فۆڕم به‌ر فۆڕمی ئه‌ندازه‌یی و نیمچه ئه‌ندازه‌یی كه‌وتووه) جارێكی تریش به ئه‌بستراكتكراویی له به‌جێهێشتنی دنیای سێ ره‌هه‌ندیی به چوونه نێو دنیای دوو ره‌هه‌ندییانه. جارگه‌لێكی تریش به ئاوێته‌یی ئه‌و سێ چاره‌سه‌ره ته‌كنیكییه‌ی فۆڕم. جا هه‌رسێکیان پێكه‌وه یاخود هه‌ر جاره‌ی به تێكه‌ڵ و ئاوێته‌بوونی دووانیان به‌جیا. ئه‌مانه گشت له‌پاڵ هێزێكی فشارگه‌رایی چاره‌سه‌ری فۆڕم، كه وه‌ك هێزێكی میتافۆڕی واتایی له نساره دووره ده‌سته‌كانی نه‌ستی هونه‌رمه‌نده‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، كه لێره‌دا نامه‌وێت ده‌روازه‌ی شرۆڤه و لێكدانه‌وه كراوه و نه‌بڕاوه‌كانی بخه‌مه سه‌رپشت، كه وه‌ك چ هۆكارێك ئه‌م هێزه فشارگه‌رایه ئاماده‌بووه و كارایه و كار ده‌كات. ئه‌م چاره‌سه‌ره فۆڕمییه‌ش خۆی له به‌خشینی هه‌ستی جێگه ده‌بینێته‌وه، كه ئه‌مه جێگه‌یه‌ك نییه وێناكراو یاخود گریمانه‌یی(گه‌رچی له‌چه‌ند تابلۆیه‌كی كه‌مدا چۆ‌ته ئه‌و دوو حاڵه‌ته‌شه‌وه) به‌ڵكو هونه‌رمه‌ند جه‌ختی له ئاماده‌ییه فیزیكییه‌كانی ئه‌م جێگه‌یه كردۆته‌وه، كه ئه‌مه‌ش به‌شێكی زۆر له پانتایی تابلۆكانی پێكهێناوە.
وه‌ك بڵێی ئه‌و ویستوویه‌تی ناوبه‌ناو بمانگێڕێته‌وه بۆ جێگه‌یه‌ك یا زه‌مینه‌یه‌كی واقعی، به‌تایبه‌ت له به‌شی خواره‌وه‌ی یا زه‌مینه‌یی تابلۆكانی، له‌م ده‌سته كاركردنه و به‌م هۆكاره به‌جێهێنانه ته‌كنیكییه، هونه‌رمه‌ند خۆی له رۆخه‌كانی سوریالیزم نزیك كردۆته‌وه. ئه‌م هه‌ستكردن به بوونی زه‌مینه جێگه‌ییه، وه‌ك دیارده و چاره‌سه‌رێكی ته‌كنیكی له به‌شێكی تری تابلۆكانیدا ئاوێته‌گه‌راییانه ئاماده‌بۆته‌وه، ئاماده‌ییه‌ك گه‌ر نه‌شی بینی ئه‌وا نزیكانه په‌ی پێ ده‌به‌یت و دواجاریش ئه‌م په‌یبردنه ئه‌گۆڕێته سه‌رهه‌ست پێكردن.
لێره‌دایه جارێك له‌ته‌ك چاره‌سه‌رێكی ئه‌بستراكتیانه و جارێكی تر له‌میانی ئاماده‌ییه‌كی ناسك و كریستاڵیانه‌ی كیوبیزمێكی شیكاریدا، كه خودی به‌جێهێنان و پراكتیزه‌كردنێكی شیكارییانه‌ی كیوبیزم، وێڕای ئاماده‌بوونی به‌شه‌كیانه‌ی له زۆرێك له تابلۆكان، ئه‌وا ئاماده‌ییه‌كی هه‌مه‌كیی داگیركردووه له به‌شێكی كه‌م له كاره‌كانی تری‌دا، ئه‌مه‌ش به هۆكاری كارامه‌یی و ده‌سه‌ڵات به‌سه‌رداشكاندنێكی ته‌كنیكییانه‌ی تایبه‌تی هونه‌رمه‌ند، وه‌ك كاریگه‌رییه‌كی دوور و درێژبۆوه توانیویه‌تی به‌و ڕێژه‌یه‌ش بێت ئاماده‌یی خۆی بخاته‌وه‌ڕوو.
فره‌یی ره‌نگ و چاره‌سه‌ره جیاجیا و تایبه‌ته‌كانی، پله تێر و كاڵه‌كانی، پله تاریك و رووناكه‌كانی رۆڵێكی تایبه‌ت و كاریگه‌ر له پێكهاته‌ی فۆڕمیانه‌ی تابلۆ به‌لایه‌ك و به‌لایه‌كی تر له‌سه‌ر چاوی بینه‌ر و بینینی ده‌گێڕن. ئه‌مه له پاشخانی شاره‌زاییه‌كی تایبه‌تی نیگاركێشانی ئه‌كادیمییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و هونه‌رمه‌ندیش ئه‌م لێزانییه‌ی باش هه‌ڵسووڕاندووه له خزمه‌تی به‌دیهێنانی رووته‌ختێكی سه‌رنجڕاكیشی تابلۆدا. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و وته‌زایه له‌نێو تابلۆدا به‌دی بێنێت كه ده‌ڵێت: بێ په‌روایه جه‌نگ له‌گه‌ڵ خوودی تاریكی‌دا، ئه‌وه ته‌نها رووناكییه كه ده‌توانێت شكست به تاریكیی بێنێت. جا ئه‌م تاریكییه تاریكییه‌كانی ده‌روون بێت یاخود تاریكیی له‌سه‌ر ئاسته گشتگیره‌كه‌ی.
ئه‌و له‌م ده‌سته كاركردنه‌دا قووڵتر و وردتر رۆچۆته دیوه جیاجیاكانی شێوازه‌كاركردنی خۆی كه ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی كه‌م نییه، سه‌ودای كایه كاركردنیه‌تی. تاڕوونتر و راشكاوتر هه‌موو هێزه چاره‌سه‌رییه‌كانی بۆ ده‌ركه‌وێ و تا قۆناغه‌كاركردنی دواتر بڕیار له‌سه‌ر شیاوی و خۆڕاگری هه‌ر كامیكیان بدات بۆ مانه‌وه و كارتیاكردن. بۆ به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵێک له راگره چاره‌سه‌ری ته‌كنیكی دروستتر و پته‌وتر له‌نێو پانتایی ته‌كنیكی و شێوازگه‌رایی تابلۆ به‌دیهاتووه‌كانی ئه‌مڕۆیدا. گرنگی ئه‌و له‌م ده‌سته‌كاركردنه‌دا، وه‌ك شێوازی په‌یڕه‌وكراوی كاركردنی نه‌ترازاوه‌ته ناوچه كاركردنی په‌رت و دوور له‌یه‌ك، ئه‌و ئه‌گه‌ر جیاوازیش بێت ئه‌وا جیاوازییه‌كه‌ی جیاوازییه‌كه به لێكچوون نه‌ك لێكچونێك بێت به جیاوازیی. هه‌ربۆیه له‌هه‌موو ئه‌و پێگه ته‌كنیكییه كاركردنانه‌ی به‌كاریبردووه، ئاماده‌یی خودی هونه‌رمه‌ند هه‌ستپێكراوه، كه‌م تا زۆر، دوور یان نزیك. ئه‌مه‌ش ئه‌و پنته ئه‌رێنییه گرنگ و به به‌هاییه كه دواتری كه‌سایه‌تی تایبه‌تمه‌ندیی هونه‌رمه‌ند ده‌توانێت خۆی له‌سه‌ر بونیات بنێت. به گه‌یشتن به ئامانجێكی وه‌ها ئومێدی به‌رده‌وامی و به‌خششی زیاتری لێده‌كه‌م و بۆ ده‌خوازم.
یەکێک لە تابلۆکانی نیاز عوسمان