میوزیكژەن و گۆرانیبێژ نەریمان گۆران لە ساڵی 1964 لە شاری كەركوك لەدایكبووە و لە قۆناغی دواناوەندییەوە خۆی فێری ژەنینی ئامێری ( گیتار )كردووە، هەر لەوكاتەوە دەستی بە گۆرانی وتن كردووە و بە دەنگە خۆشەكەی لاسایی هونەرمەندان، ناسری رەزازی و مەزهەری خالقی و داریوشی كردووە، ئێستاش لەهەندەران نیشتەجێیە .
هونەرمەند نەریمان گۆران بە دوالاپەڕەی وت: ساڵی 1984 چوومە زانكۆی تەكنۆلۆژی بەغداد، لەوێ بەشداریم لە ئاهەنگەكاندا كردووە، بەتایبەت ئاهەنگەكانی ئادار و نەورۆز، لەساڵی 1989 یەكەم كاسێتی گۆرانیم بە هاوكاری تیپی مۆسیقای بێلان تۆمار كرد بەناوی (كەجێم دێڵی) ، لەسەرەتای 1990 كاسێتی دووهەمیشم بڵاوكردەوە بە ناوی (رۆژان ئەڕوات) ، دواتر لە ساڵی 1992 تا ساڵی 1994 لە زۆربەی ئاهەنگەكانی كەركوك لەگەڵ تیپی بێلان بەشدارییم كردووە، پاشان رووم لە هۆڵەندا كرد و لەوێ كۆلیژی ئەندازیاری مەدەنیم لە زانكۆی ئەمستردام تەواو كرد و وەك ئەندازیار لە شارەوانی ئەمستردام كارم كردووە. لە هەمان كاتدا لەگەڵ كۆمەڵێك هونەرمەندی لێهاتوو و بە توانا تیپی مۆسیقای نەورۆزمان دامەزراند، دوای چەند ساڵێك تیپی گەرمیانمان لەگەڵ چەند هونەرمەندێك دامەزراند، تا ساڵی 2003 لەگەل مامۆستا ئاكۆی پیانۆژەنی بەتوانا و گیتارژەنی بەتوانا منیر گۆران تیپی مۆسیقای بێلانمان دامەزراند، هەر لەو ساڵەدا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كولتورە هەمەڕەنگەكان لە (RASA) ی شاری (Utrecht) پلەی یەكەممان بەدەستهێنا ، پاشان لە فێستیڤاڵی (Dunya) زۆربەی ڤیستیڤاڵەكانی ناو هۆڵەندا و ئەڵمانیا و بەریتانیا بەشداریمان كرد.
نەریمان گۆران وتی : لەساڵی 2004 چەند گۆرانییەكی لە (cd) بڵاوكردەوە بەناوی (لە درزی خەونەوە) هەروەها لە ساڵی 2000 لەگەڵ كۆمەڵێك هونەرمەندانی باكوور چەند گۆرانییەكی تری لە (cd) بڵاوكردەوە بە ناوی (koma stran dicle) هەروەك لەگەڵ هەمان تیپ گەلێك ئاهەنگیان بە زاراوەی كرمانجی ئەنجامداوە، دوای ساڵی 2011 ماوەیەك لە هونەر دووركەوتمەوە بەهۆی باری تەندروستی، بەڵام لە ساڵی 2019 دووبارە گەڕامەوە بۆ هونەرو چەندین گۆرانی نوێم پێشكەش كرد، لەوانە: كەركوك و ژینا ، شار خامۆشە و .. هتد .
وتیشی: ئێستا سەرقاڵی تۆمار كردنی cd تازەم و رەنگە كۆتایی ئەمساڵ تەواو بێت و هیوادارم كە بەردەوام خزمەتی هونەری میوزیك و گۆرانی كوردی بكەم .
كەركوك - رزگار شوانی