رۆماننوس و رەخنەگر
کەریم عەبدوڵڵا
چیرۆکی (ئەو شەوەی بڕیارم دا) کە لە نووسینی شەهلا فەیزوڵڵایە، بۆ خۆی لیکۆڵینەیەکی وردە بۆ ئەو ململانێ دەروونییەی بەردەوام ژن لەگەڵ خودی خۆیدا دەیکات، لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی داخراودا کە هەمیشە هەم خۆی و هەم داهێنانەکانیشی رووبەڕووی رەتکردنەوە و جیاوازیی رەگەزیی دەبنەوە. ئەم چیرۆکە تەنها گێڕانەوەی ژیانی رۆژانە و چەند هەڵوێستەیەکی سادە نییە، بەڵکو کورتکراوەی ژیانی تاکێکی ئازاردراوە کە جارجارە یادەوەریی و خەیاڵ، خۆیان دەخزێننە نێو واقیعە تاڵەکەیەوە. کارەکتەر لە ململانێ دایە لەنێوان هەڵبژاردنی دنیای نووسین و ئەو واقیعەی تیادا دەژی.
نووسین وەک ئاشکراکردنی بەرگرییەکانی ناخ
لەنێو دڵی چیرۆکەکەدا دەبینین نووسین بۆ خۆی دەبێتە کرداری بەرگریی و تەنیا چەکە کارەکتەر بەکاری دێنێ دژی جەور و ستەمی ناوەوەی خێزان و دەرەوی. نووسەر وێنای کارەکتەرێکی ئاڵۆزی بۆ دروستکردوین کە لەژێر فشارگەلێک دایە، چ وەکو ژیانی هاوسەرگیریی کە وێنای پیاوێکی خۆپەرست و زاڵممان پیشان دەدات، چ وەک ئەو یادەوەرییانەی پەیوەندییان بە رابردوویەوە هەیە. کارەکتەر هەر جارێک کە دەنووسێت، بیرکردنەوەکانی لەژێر کاریگەریی هێزی ئێستا و رابردوودایە. ئەم چیرۆکە پێمان دەڵێت نووسین تەنها خۆسەرقاڵکردن یان راکردن نییە لە واقیع، بەڵکو کرداری ئارام کردنەوەی دەروون و بەرجەستەکردنی ئازارگەلێکی قووڵە کە رەنگبێت زمان نەتوانێ گوزارشتیان لێبکات، پێناسەیەکە بۆ سەرلەنوێ دروستکردنەوەی ناخێکی تیکشکاو.
ململانێی ژنبوون و تێکشکانی کەسێتی
ئەم چیرۆکە پرسێکی تر دەوروژێنێت ئەویش ئەو تێکشکانە دەروونیی و کەسێتییە کە رووبەڕووی خودی ژن دەبێتەوە، بەهۆی ئەو کۆتوبەندانەی کۆمەڵگە دەیانسەپێنێت بەسەریدا. لە دیمەنی پەرشو بڵاوبوونەوەی پارچە شووشەکانی پەرداخەکە بەهۆی کەوتنە خوارەوەیەوەش، خوێنەر دەتوانێ وەکو هێمایەک بۆ تێکشکانی رۆحی کارەکتەر بیبینێت. کاتێکیش بەناو پارچە شکاوەکاندا دەڕوات و دەست دەکات بە کۆکردنەوەیان، رێک وەکو ئەوە وایە خەونە تێکشکاوەکانی خۆی کۆبکاتەوە. لەدەستدان لێرەدا تەنها ماددیی نییە، بەڵکو لەدەستدانی ئازادیی دەربڕینە، مافی ژیان و ئاشتەواییە لەگەڵ خودی ناخدا، بۆیە هەر جووڵەیەک، هەر وشەیەک لە دەمی هاوسەرەکەیەوە دەردەچێت بۆ خۆی زیندانێکی ترە، هەر جارێک کە دەنووسێت و تانە و تەشەری لێدەدات زیاتر گرژیی لەناو رۆحی کارەکتەردا دروست دەبێت. هاوسەر لێرە نموونەی هاوبەشی ژیان نییە، بەڵکو بەرجەستەی ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵگەیەکە، رۆڵی ژن تەنها لەناو بازنەی ئەرکەکانی ماڵەوەدا دەبینێ، بۆیە لە روانگەی ئەوەوە هەر هەوڵێک لەدەرەوەی ئەو بازنەیەدا کارێکی بێ بەهایە.
نووسەر وێنای ململانێی ناخی ژنێکمان پیشان دەدات، هەوڵی پاراستنی خود و رووخانی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان دەدات.
شەهلا فەیزوڵڵا
یادەوەریی مردن و ئەندێشە
لەم چیرۆکەدا یادەوەریی رۆڵێکی سەرەکیی دەبینێت لە دروستکردنی کارەکتەر و ئەندێشەکانیدا. ئەو کتێبەی کە باوکی دەیخوێندەوە بەناوی هەزار و یەک شەوە، دەبێتە هێمایەک بۆ لەدەستدان و چرکەساتە پڕ لە سۆزەکانی سەردەمی منداڵیی خۆی، کە هەمیشە بیری دەکات. کاتێک باوکی بیردەکەوێتەوە نووسینیش بۆ خۆی تێکەڵ بە یادەوەرییەکانی دەبێت، وەکو هەوڵێک بۆ گەڕانەوەی رابردوویەکی لەدەستچوو، بەڵام نووسەر لێرەدا جیاوازییەکی تاڵمان بۆ دەخوڵقێنێت، یادەوەرییەکانیش چەندە بەهێزبن بۆ دروستکردنی کەسێتی لەهەمان کاتدا ناتوانێت وەکو خۆی بیانگەڕێنێتەوە. تەنانەت کتێبەکەی باوکی لاپەڕەکانی هەمان ئەو بۆنەیان لێوە نایەت کە هەمیشە بیری دەکات. بۆیە کتێبەکە لێرەدا ئامرازێکە بۆ وەبیرهێنانەوەی رابردوویەک، کە لەهەمان کاتدا بۆ هەتاهەتایی لێی ونبووە.
پانتاییە هێمادارەکان، پارچە شووشە شکاوەکان و رەنگی رەش
پارچەی شووشە شکاوەکان کە لەسەر زەوییەکە پەرش و بڵاو دەبنەوە یەکێکە لە دیارترین هێماکانی ناو چیرۆکەکەن، ئەوە تەنها کەرەستەیەک نییە، دوای شکانی چاکنەکرێتەوە، بەڵکو ئەوە وێنای تێکشانی رۆحی خودی کارەکتەرەکەیە و هێشتا دەتوانێت پارچەکانی کۆبکاتەوە.
کرداری کۆکردنەوەی پارچە شکاوەکان لەم چیرۆکەدا پێمان دەڵێت: بەرگە گرتنی ئازار، سووربوون و خۆڕاگریی دەوێت، بەڵام جۆرێکیشە لە ئاڵنگاریی بەرانبەر دۆخی واقعێکی تاڵ، بۆیە ململانێی نێوان ئازار و داهێنان تەوەرەی سەرەکیی ئەم دەقەیە. سەبارەت بە رەنگی رەش کە بە روونیی لەم چیرۆکەدا دیارە و لەو جلانەدا بەرجەستە دەبێت کە بە تەنافی ماڵی کارەکتەرەکەدا هەڵخراون، تەنها رەنگێک نییە بەڵکو هیمایەکە بۆ، دڵتەنگیی، لەدەستدان و تەنیایی. هەروەها رەنگدانەوەی حاڵەتێکی گۆشەگیریی و هێمایەکە بۆ مردنی ناخی کارەکتەر دوای لەدەستدانی باوکی، ئەمەش هەستی هەموو مێینەیەکە. کەواتە رەنگی رەش لێرەدا پەیوەندیی بە مردنی لایەنی کۆمەڵایەتیی رۆحە داهێنەرەکەوە هەیە، کە لە هەوڵدایە بۆ گەڕاندنەوەی مرۆڤبوونی خۆی لە رێگای نووسینەوە.
لەم چیرۆکەدا یادەوەریی رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە دروستکردنی کارەکتەر و ئەندێشەکانیدا، ئەو کتێبەی کە باوکی دەیخوێندەوە بەناوی هەزار و یەک شەوە، دەبێتە هێمایەک بۆ لەدەستدان و چرکەساتە پڕ لە سۆزەکانی سەردەمی منداڵیی خۆی، کە هەمیشە بیری دەکات
داهێنان و ژیانی رۆژانە
لە رێگەی نووسینی بەردەوامەوە تەنانەت لە گەرمەی کارەکانی رۆژانەیدا کە کۆتاییان نایەت، نووسەر وێنای ژنێکی داهێنەرمان بۆ دەکات، رێگە نادات تێکبشکێت لەژێر گوشاری رۆژانەی ژیاندا. هاوسەنگییەک دروست دەکات لەنێوان کاری جەستە و کاری هزرییدا. نووسین بۆی دەبێتە هەناسەیەک دوور لەچاوی ئەوانی تر، بەڵام هەمیشە لەژێر هەڕەشەی شکستدایە بە هۆی ئەو ئاڵنگارییانەی ژیانی رۆژانە دەیسەپێنێ بەسەریدا. بۆیە نووسین لێرەدا وەبیرهێنانەوەی ئەو توانا سادەیەی مرۆڤە کە دەتوانێت لەناو ئاڵۆزییەکانی ژیاندا جیهانێکی تایبەت بۆ خۆی دروست بکات.
پوختە:
ئەم چیرۆکە ململانێیەکی دەروونیی دوورودرێژی مرۆڤمان بۆ دەخاتەڕوو، لەنێوان خۆدی خۆی و دونیای دەرەوەیدا، واتا نووسین تەنها کارێکی داهێنەرانە نییە، بەڵکو کردارێکە لەپێناو مانەوەدا، لەپێناو وەرگرتنەوەی خودی ونبوو لەنێو قەرەباڵغی و ئاڵۆزیی ژیان و ئازاردا. (ئەو شەوەی بڕیارم دا) چیرۆکی بەرەنگارییە، چیرۆکی گەڕانەوەی ئەو پانتایانەیە کە ئەوانی تر بەگرنگی نابینن، کەچی خۆی لە راستیدا هەموو شتێکە بۆ ژن.
لەکۆتاییدا نووسین گۆڕەپانێکە بۆ ئازادیی، بەڵام ئەو گۆڕەپانە پڕە لە فرمێسک، پڕ پڕە لەدڕک هەر وەکو پارچە شکاوەکانی شووشەکە.