قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە میانەی سەردانێکدا بۆ کەرکوک بە جیا لەگەڵ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبووەوە.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەممە (6/2/2025) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ ئیدارەی نوێی کەرکوک و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دووپاتکردەوە و دەستخۆشی لە پارێزگار و ئیدارەی نوێی کەرکوک کرد کە لە ماوەیەکی کورتدا توانیویانە هەنگاوی زۆر گرنگ بنێن لە خزمەتکردنی هاووڵاتییانی کەرکوک وەک پاککردنەوەی کۆڵان و شەقامەکان و دانانی بەردی بناغەی چەندین پڕۆژەی گرنگ.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی دا بە دۆخی تایبەتی کەرکوک و وتەی سەرۆک مام جەلالی بیرهێنایەوە کە هەمیشە کەرکوکی وەک شاری برایەتی پێناسە دەکرد و رایگەیاند ئەم ئیدارە نوێیەی کەرکوک خۆشبەختانە هەڵەی ئیدارەکانی پێشوو دووپات ناکاتەوە و هەوڵی بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان دەدات و بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو کەرکوکییەکان دەکات. هەر لەم چوارچێوەیەدا داوایکرد ئیدارە نوێی کەرکوک رۆژ لە دوای رۆژ بە هەنگاوەکانی لە خزمەتکردنی بێ جیاوازیی هاووڵاتییان زیاتر بیسەلمێنێت کە بە کردار حکومەتی هاووڵاتییانە.
جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد کە بەداخەوە لە چەند ساڵی رابردوودا بە هۆکاری جۆراوجۆر وەک پێویست خزمەتی کەرکوک نەکراوە و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لە شارەکە جێبەجێ نەکراوە. جەختیشی کردەوە کە ئەم ئیدارە نوێیەی کەرکوک پێویستە هانی وەبەرهێنەران بدات و ئاسانکارییان بۆ بکات بۆ وەبەرهێنان لە شارەکەدا و هەروەها هەوڵ بدات گرنگی بە سەوزکردن و باشترکردنی دۆخی ژینگەی کەرکوک بدات و پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتریش لە شارەکەدا جێبەجێ بکات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا داوایکرد حکومەتی فیدراڵ لە رووی دابینکردنی بودجەی پێویستەوە هاوکاریی ئیدارەی نوێی کەرکوک بکات.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە بە فەرمی دانی نا بە ئەنجومەنی پارێزگا و ئیدارەی نوێی کەرکوک دا. لەم بارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد ئەو لایەنانەی کە تا ئێستا بایکۆتی پڕۆسەکەیان کردوە، بگەڕێنەوە بۆ ناو ئەنجومەنی پارێزگا و دەنگی ئەو هاووڵاتییانە بگەیەنن کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان پێداون.