چیرۆک

دادە*

10:38 - 2025-02-13
ئەدەب و هونەر
138 جار خوێندراوەتەوە

شیرین. ك


دادە لەدوورترین یادەوەریی مندا هەیە، بیرم نایەت گەنج بووبێت، لەو یادەوەرییانەدا هەیە كە لە خەو دەچـــن... پیاوەكــان كـــەلوپەل و شتومـــەكیان دەخســتەلــۆرییــەكــەوە، ئەوكاتەی چەندین جانتای گەورە و سەبەتەیان خستە پشتی جێبەكەی باوكم، منیش رەوڕەوەی برا بچووكەكەمم هەڵگرتبوو دەمویست بیخەمە پشتی جێبەكە و دەستم نەدەگەیشتێ، دادە هات لەدەستی وەرگرتم و خستییە پشتی جێبەكە و ئینجا كردمییە باوەشی و منیشی كردە ناو جێبەكەوە و خۆشی سەركەوت و لەلامەوە دانیشت.
دادە لەهەموو یادەوەرییەكانی مناڵیمدا هەیە، لەو ماڵەدا كە ئێوارەیەك تەرزەی گەورە گەورە باری و حەوشە و هەیوانەكەی پڕكرد، ئێمەی مناڵانیش كۆماندەكردەوە و جارجاریش بە دزییەوە دەمانخستە دەممانەوە، دادە كە دایكم ناردبووی گۆیژمان بۆ بكڕێت لە پڕ و بەهەڵەداوان خۆی كردەوە بەماڵا، سەرتاپای لەئاو هەڵكشا بوو، بەدایكمی وت: لافاوە.. دنیا ئاو بردی!! بۆ یەكەمجار ئەو وشەیەم بیست، لافاو!! واتە كوژانەوەی كارەبا و دەنگێكی ترسناك كە هاواری دەكرد و نەمدەزانی چی دەڵێت، ژن و پیاو و مناڵی گەڕەك هەموو هاتبووینە بەر دەرگا، تەنانەت من و خوشك و براكەشم، كە دایكم قەت نەیدەهێشت بچینە بەر دەرگا، جۆگەلەیەكی ئاوی بەخوڕیش بە ناوەڕاستی كۆڵانەكەدا دەڕۆیشت، گەورەكان دڵی یەكتریان دەدایەوە بەوەی گەڕەكی ئێمە لافاو نایگرێتەوە و سەلامەتە.
دادە لەهەموو رووداوە ترسناك و ناخۆشەكانی مناڵیما هەیە، ئەو بەیانییە هاوینەیەی لە دەنگی هیلیكۆپتەوەر و دەنگی زلی پیاوێك بەخەبەر هاتم بەموكەبەرە دەینەڕاند: كەس لەماڵ نەیەتە دەرێ، لە دەنگی دەستڕێژی گوللە و كردنەوەی دەرگای حەوشەكە خەو لەچاوما نەما، دادە بە پەلەپڕوزێ خۆیكرد بەژوورا و دایكم وتی: ئەوە لەكوێ بووی نەگبەت! ئەی گوێت لێ نییە مەنع تەجوولە؟ 
ئەویش وتی: دنیا چۆڵوهۆڵە دوكانەكان و نانەواخانەكەش داخراوە، ئاخر دادە دەبوو هەموو بەیانییەك پێش ئێمە هەستێ و بچێت نانی گەرم و بەرچایی تازە بهێنێت، ناخۆشترین كاتیش ئەوە بوو كە دادە نەخۆش دەكەوت و نەیدەتوانی ئیشەكەی بكات، دەبوو من و خوشكەكەم بچین شیر و ماست بكڕین لە ماڵی باجی مریەم کە لەسەرشەقامی ئەودیو بوو، ئەو كارەم پێخۆش نەبوو چونكە هەمووجارێ خوشكەكەم دەترسا و دەیویست بەژێر چوخمەكەدا نەڕۆین و بەمزگەوتەكەدا بڕۆین، ئەو مزگەوتەی دوو دەرگای هەبوو و پێش چوخمەكە بوو، بەڵام من حەزم لێی نەبوو چونكە رێگاكە دوور دەكەوتەوە، هەرچەندە منیش كەمێك دەترسام و ئەو ژێر چوخمە سامێكی هەبوو بەهۆی ئەو حیکایەتانەی منداڵان دەیانگێڕایەوە، بەڵام لەلایەكی تریشەوە حەزم بەو سەركێشییە بوو كاتێك دەگەیشتینە ژێر چوخمەكە بەهەموو هێزمان راماندەكرد و جاری واش هەبوو پڕ بەو ناوە ئەمان زریكان یان قاقامان لێدەدا، بەڵام لەمسەر نەدەكرا راكەین چونكە شووشە شیر و مەنجەڵە ماستمان پێبوو، بۆیە بەهێواشی دەڕۆیشتین و بیسمیلامان دەكرد.
دادە لە رۆژە خۆشەكانی مناڵیم و یادگارە جوانەكانی منداڵیشما هەبوو، وەكو ئەو شەوەی باوكم لەیەك كاتدا گوێی لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەكەش دەگرت و خەڵكی گەڕەك هەموو هاتبوونە دەرێ، ریكۆردەریان هێنابووە كۆڵان و دەنگی گۆرانیی و سرودی(پێشمەرگەم بەهەڵمەتم پاڵەوانی میللەتم..) لەو كاتانەدا خۆشیی و شادییەكی سەیر لەرووی هەموو گەورەكانی خێزانەكەم دەباریی، دادە دەمێك دەچووە كۆڵان و دەمێك دەهاتە ژوورێ دایكم لێی پرسی: دادە ئەوە چییە ئەو هەرایە؟ وتی وەلڵا نازانم دەڵێن حەقی كوردیان داوە، هەموو دایانە قاقای پێكەنین، تومەز هەر بۆ بەزم ئەو پرسیارەی لێكرد، ئیتر تاچەند رۆژ بەو قسەیەی دادە پێدەكەنین و تا چەند ساڵیش لە بۆنەی جیاوازدا دەمانووتەوە.. 
 دادە لەهەموو ئەو خانووانەی منداڵیم تیا گوزەراند هەبوو، لەگەڵ هەموو ماڵ گواستنەوەیەكدا ئەویش دەهات، نازانم كەی بوو لەخۆم پرسی دادە چی ئێمەیە؟ تەنیا لەخۆم پرسی، خۆم بیرم لێدەكردەوە، ئەو یەكێك نەبوو لەو كەسانەی ئیشیان بۆ دایكم دەكرد، لەوە پیرتر بوو هیچ ئیشێك بكات، بەس بێشكەی رادەژند یا پاڵی جۆلانەی مناڵە ساواكەی دەنا، یان لە باوەشی دەگرت و لەبەرخۆیەوە دەیلاواند.. دادە لەوە پیرتر بوو هیچ ئیشێك بكات، بۆیە كە وانەی دۆی دادە رژاوەم دەخوێند، بەزەییم بە دادەدا دەهاتەوە، ئەو قسانەم بیردەكەوتەوە جارێكیان گوێم لێبوو بۆ دایكمی باس دەكرد، كە چۆن مێردەكەی هەمووجار لێیداوە، وامدەزانی لەبەرئەوەی دۆكەی رژاوە!!
دادە، هێندە باوكمی خۆش دەویست بۆیە زۆرجار سەرم لێ تێكدەچوو وامدەزانی دایكێتی، بەڵام كە بیری نەنكمم دەكەوتەوە دەمزانی وانییە، ئاخر باوكم كەسێكی كەمدوو و تۆزێ مڕومۆچیش بوو، بەڵام زۆرجار سوعبەتی لەگەڵ دادە دەكرد، چاوێكی لە دایكم دادەگرت و دەیووت: ئا ئەمە كەم نییە ئەو مێردەی كوشت.. ئەشیوت قەزاوقەدەر بووە، دادەش توڕە دەبوو و هەزار سوێندی دەخوارد كە دەستیداوەتە تفەنگەكە لایبەرێ لە دەستی، كەوتۆتە خۆارێ و ئیتر تەقیوە و فیشەكێ بەر سەری كابرا كەوتووە و دەستبەجێ مردووە. باوكم لەسەری دەڕۆیشت و دەیووت: بەخوا من نەبوومایە ئێستاش لە زیندان دەبووی..
دادە قەت بۆ هیچ شوێنك نەدەچوو، هیچ كەسێكیش نەدەهات بۆ لای، لەو چەند گەڕەكە بترازێ هیچ شوێنێكی تری پێ نەدەزانی، قەتیش لەگەڵمان نەدەهات بۆ هیچ جێیەك..ساڵی جارێك یان دووجار پیاوێكی لاواز كە قاچێكی بەدوای خۆیدا رادەكێشا دەهات بۆ لای دادە، دایكم دەیووت ئەوە كوڕە تاقانەكەیەتی، پێكەوە نانی نیوەڕۆیان دەخوارد دوایی دەهات لای باوكم كەمێك دادەنیشت دوو سێ چای دەخواردەوە و بەهێواشی قسەی بۆ باوكم دەكرد كە من لێرەوە هیچی لێ حاڵ نەدەبووم، سەریشی هەڵنەدەبڕی تەماشای كەسیشمانی نەدەكرد، كە هەڵدەستا بڕوات باوكم لەگەڵی هەڵدەستا و تا دەرگای حەوشە لەگەڵی دەچوو، كە باوكم دەگەڕایەوە دایكم پێی دەووت خێرت بنووسێ.
دادە دیمەنێكی نەگۆڕی ژیانمان بوو، نە من نە هیچ یەكێك لەخوشك و براكانم بە بیرمان نایەت كەی هاتۆتە ماڵمان، چاومان كردۆتەوە ئەو لەوێدا بووە، من و خوشك و براكانم گەورە دەبووین و ئەویش وەكو یەكەم یادەوەریم، هەر پیر بوو، بە بێدەنگیی بە كۆمەكۆم بەماڵەكەدا دەهات و دەچوو، دەهاتە هەموو ژوورەكان، گوێی گران بوو بەڵام ئاگای لەهەموو كەین و بەینێك بوو، چاوی كز و كزتر دەبوو، بەڵام هەر كە شتێكمان لێبزر بووایە بۆی دەدۆزینەوە.. دادە لەمێژبوو ئا لەوێدا بوو تا رادەی نەبینین، وامدەزانی بۆ ئەبەد هەر لەوێدا دەمێنێتەوە. 
دادە مرد، لەیەكێك لە ساڵە سەختەكانی ئەم شارەدا، دادە مرد و من لەوێ نەبووم، كە گەڕامەوە و خۆم كرد بە حەوشەكەدا ئیدی دادە لەهەیوانەكە نەوەستابوو گوێقوڵاغی ئەوە بێت، بانگی فەرمووە یان نا!!، كە چوومە هۆڵەكە بینیم تەزبیحە سەد و یەك دەنكییە قەزوانەكەی كرابوو بەو بزمارەی وێنە رەشوسپییە گەورەكەی باپیرەمی پێدا هەڵواسرابوو، كە چوومە ژووری خەوتنی كچەكان خوشكە بچكۆلەكەم بینی لەسەر بەرماڵەكەی دادە نوێژی دەكرد، ئەوە یەكەمجارم بوو بیبینم خوشكەكەم نوێژ بكات، لەبەرخۆمەوە سڵاوێكم لێكرد، چاوانی هەڵبڕی بۆم و ئەلحەمدولیلاكەی بەدەنگێكی كەمێك بەرز وت و چاوانی پڕ لە فرمێسك بوون.. چوومە نهۆمی دووەم بە هەموو ژوورەكانیدا گەڕام، وەكو ئەوەی بە دوای شتێك، كەسێكدا بگەڕێم، كە هاتمە خوارێ بینیم سۆلەكانی دادە لەژێر پلیكانەكاندا جووتكرابوو، دڵم پڕبوو لەگەڵ فرمێسكەكەمدا بزەیەكیش گرتمی ئەوەم بیركەوتەوە كەس نەیدەوێرا ئەو سۆلانەی لەپێ بكات، چونكە بەوە زۆر توڕە دەبوو یەكێك پێلاوەكانی لەپێ بكات. بە مردنی دادە یەكەم بۆشایی كەوتە ئەو دیمەنە نەگۆڕەی ژیان و ماڵمان.. بۆشاییەكان زیاتر و گەورە تر بوون تا دیمەنەكە بە تەواوەتی كاڵ بووە و ژاكا. 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان