عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری لەگەڵ بۆردی راگەیاندنی یەکێتی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا عیماد ئەحمەد لەبارەی سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی بۆ قۆناغی ئەمڕۆی هەرێم و حکومڕانی، رووداوەکانی ناوچەکە، پرسی ئاشتی لە تورکیا، کێشەکانی هەرێم و بەغدا هەڤاڵانی راگەیاندنی بەرچاوڕوون کرد و رایگەیاند، یەکێتی پەرۆشانە کاردەکات بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئاسایش و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دیالۆک و لێکتێگەیشتن بەشێوەیەک هاوبەشێتی راستەقینە بنەمای کاری هاوبەشمان بێت بۆ زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک و هەموو هەوڵەکانیشمان روو لەسەرخستنی پرۆسەی ئاشتییە لە تورکیا چونکە ئەم دەرفەتە مێژووییە پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنە هەیە کە یەکێتی پەرۆشانە پشتگیری لەم دەرفەتە دەکات و بە رێگاچارەی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتدا دەزانین، بۆیە دەبێت ئێوەی میدیاکاران لەم رووەشەوە هەماهەنگ بن.
لە بەرامبەر ئەم ستراتیژە نیشتمانییەی یەکێتی بۆ ئەم قۆناغە لەبەر رۆشنایی بڕیارو راسپاردەکانی سەرۆکی یەکێتیی و مەکتەبی سیاسی، عیماد ئەحمەد سیاسەتی میدیایی یەکێتیی دیاریکرد و داوای کرد میدیاکارانی یەکێتی لەسەر هەمان بنەما پەیامەکانیان ئاڕاستە بکەن و پابەند بە پەرسیارێتی کۆمەڵایەتی و پیشەیی هاوکار بن بۆ سەرخستنی ئەم ئامانجە نیشتمانییە.