رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.
ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا
وێنە و توانج
ئەوەی لە وێنەكەدایە داڕمانی بەشێک لە راگری یەكێك لە گردۆڵكەكانی شەقامی رێگە كۆنەكەی بەكرەجۆیە و گڵەکەی هاتووەتە دەرەوە.
ئەو شەقامە رێگەیەکی سەرەکییە و داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین، بە زوویی چاکی بکەن تا راگرە چیمەنتۆ رووخاوەکە بە تەواویی نەکەوتووە و کارەساتێکی لێ نەکەوتووەتەوە.
داڕمانی راگرێک لەسەر رێگە کۆنەکەی بەکرەجۆ
ناڕەزایی گوندنشینانی قەیوانی بچووك
گوندی قەیوانی بچووك 35 ماڵی تێدایە و گرفتی خراپیی رێگەوبانی گوندەکەیان هەیە.
حاجی جەبار دانیشتووی گوندی قەیوانی بچووك بۆ كوردستانی نوێ وتی: لە ماوەی رابردوودا چەندینجار داوای قیرتاوکردنی شەقامی سەرەکی گوندەکەمان بەرزکردووەتەوە بۆ لایەنی بەرپرس لەوانە، شارەوانی سیتەك، بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە، تا گەیشە ئەوەی دەرخستەشی بۆ کراوە، بەڵام بەبیانووی نەبوونی پارە بۆمان جێبەجێ ناکەن، ئەوە داواکاریی سەرەکیمانە.
رێگەی گوندی قەیوانی بچووك
پاککردنەوەی زەوییە مینڕێژ کراوەکەی میراوا
میراوا گوندێكی جوان و دڵڕفێنی سەر بە قەزای ماوەتە، ئێستا نزیكەی 70 ماڵی تێدایە، پێشتر ژمارەی ماڵەکانی زیاتر بووە، بەڵام بەهۆی کەمیی خزمەتگوزارییەوە بەشێک لە گوندنشینان چۆڵیان کردووە.
گوندنشینان بۆ کوردستانی نوێ وتیان: شەقامی سەرەكی گوندەكەمان خۆڵە، چەندینجار داوای قیرتاوکردنمان کردووە، بەڵام بۆمان جێبەجێ ناکەن، هەروەها داوای پاککردنەوەی ئەو زەوییانەی گوندەکەمان دەکەین کە تائێستا مینڕێژن و بەهۆیەوە ژمارەیەک لە گوندنشینان کەمئەندام بوون یاخود گیانیان لە دەستداوە.
میراوا گوندێكی دڵڕفێنی سەر بە قەزای ماوەت
داواکاریی گوندنشینانی قایکەن
گوندی قایكەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 80 ماڵی تێدایە و پێویستیی بە خزمەتگوزارییە.
دلێر فارس دانیشتووی گوندی قایكەن بۆ كوردستانی نوێ وتی: شەقامی سەرەكی گوندەكەمان زیاتر لە 15 ساڵە دروستكراوە هەمووی لەبەریەك هەڵوەشاوە و پێویستیی بە قیرتاوکردنەوەیە لەگەڵ رێگەی سەرقەبران، هەروەها گوندەکەمان ئاوەڕۆی نییە ئەوەش بووەتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
وتیشی: پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە پێویستیی بە چاککردنە و بەهۆی کەمیی کارەبای نیشتمانییەوە بە باشی ئاو ناگاتە ماڵەکان، قوتابخانەمان نییە و خوێندکاران بۆ خوێندن دەچنە گوندێکی دیکە، ئەوەش گرفتی بۆ بەردەوامبوونی خوێندکاران لە خوێندن دروست کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بنکەیەکی تەندروستیمان هەیە، بەڵام تەنها دوو رۆژ لە هەفتەیەکدا دەوامی تێدا دەکرێت ئەوەش گرفتی بۆ دروست کردوین، داوا دەکەین رۆژانی دەوامیان زیاد بکرێت.
گوندی قایكەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی
داواكارییەکانی دانیشتوانی هەوارەبەرزە لە رانیە
گەڕەكی هەوارەبەرزە لە رانیە زیاتر لە 400 ماڵی تێدایە و پێویستیی بە خزمەتگوزارییە.
دانیشتوانی گەڕەکەکە بۆ کوردستانی نوێ وتیان: ژمارەیەک لە کۆڵانەکان ئاوەڕۆی نییە و داوای دروستکردنی دەکەین، بۆری ئاوی خواردنەوەی ئەو ماڵانەی سەرچاوەی ئاوەکەیان لە قولەوە دێت کۆنە و پێویستیی بە گۆڕینە.
وتیشیان: پێویستمان بە دروستکردنی بینایەکی گەورەی قوتابخانەیە، هەروەها فراوانکردنی شەقامی سەرەکی گەڕەکەکەمان، ئەو زەوییانەی شارەوانی دەستنیشانی کردووە بۆ باخچە لەلایەن هەندێک لە ماڵەکانەوە تەجاوزی کراوەتە سەر، پێویستە وەربگیرێتەوە و بە رەسمی بکرێتە باخچە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، داواکارین بۆری ئاو رابکێشرێت بۆ کۆڵانە تازەکانی گەڕەکەکە، لەگەڵ دابینکردنی محەویلەی کارەبا بۆ گەڕەکەکەمان.
گەڕەكی هەوارەبەرزە لە رانیە
دانیشتوانی كێلەخوارە خزمەتگوزارییان دەوێت
گەڕەكی كێلەخوارە لە كۆیە 60 ماڵی تێدایە و خزمەتگوزارییان دەوێت.
دەریا محەمەد دانیشتووی گەڕەكی كێلەخوارە بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەشێک لە کۆڵانەکانی گەڕەکەکە کۆنکرێت کراون، لە کاتێکدا ئاوەڕۆیان نییە و نەبوونی گرفتێکی زۆری بۆ دروست کردوین، هەروەها دانیشتوانی کۆیە بە گشتی ناڕازین لە خراپی شەقامەکان، بە تایبەت شەقامی سەرەکیی کێلەخوارە ماوەی 10 ساڵە بە تەواونەکراوی بەجێهێڵراوە.
وتیشی: شەقامی دوو سایدی هەنارە لەناو كۆیە تەواوی بلاجكتۆرەكانی سووتاون و چاک نەکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکە بچووکە و بەشێک لە ماڵەکان ئاویان بۆ ناچێت، هەروەها داوای دروستکردنی بنکەی تەندروستی و گۆڕەپانێکی تارتان دەکەین.
گەڕەكی كێلەخوارە لە كۆیە