״ئامانجمانە بەشێوەیەكی هاوسەنگ هەموو شار و ناوچەكان گەشەبكات״

01:29 - 2025-03-13
کوردستان
55 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازی لە لیۆ جیون كونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی كوردستان، كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا قسەیان لەسەر چەند پرسێكی گرنگ كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە هەولێر بەڕێوەچوو، باسی دۆخی سوریا و رێككەوتنی هێزەكانی سوریای دیموكرات و حكومەتی كاتیی سوریایان كردووە و قوباد تاڵەبانی؛ رێككەوتنەكەی بە هەنگاوێكی گرنگ وەسفكردووە بە ئاڕاستەی سەقامگیری و دابینكردنی مافەكانی كورد و پێكهاتەكانی دیكە و هیوای خواستووە ببێتە دەستپێكێك بۆ ئەوەی لایەنەكانی ئەو وڵاتە بتوانن لەڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەوە كێشەكان چارەسەربكەن.
لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە، رایگەیاندووە: «ئامانجمانە بەشێوەیەكی هاوسەنگ هەموو شار و ناوچەكانی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا گەشەبكات» و داواشیكردووە چین هاوكاریی هەرێم بكات. هەر لەو چوارچێوەیەشدا كونسوڵی چین ئاماژەی بەوە كردووە كە زیاتر لە 500 هاووڵاتیی هەرێم سوودمەندبوون لە بەرنامەی پەرەپێدانی تواناكان و لە داهاتووشدا خولەكانی راهێنان بەردەوام دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان