*دەمەوێت بە خوێنەرانی ئازیزی ئەم پەرتووكە بڵێم دەبێت بمبوورن، ئەگەر كەموكووڕییەك یان هەڵەیەكم هەبووبێت، چونكە من نە خوێندەوارم و نە نووسەریشم، تەنها مەبەستم لێرەدا ئەوەیە رۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی بخەمەڕوو، من نەمویستووە وەك نووسەرێكی گەورە و شارەزا پەی بە تەواوی رووداو و بیرەوەری و بەسەرهاتەكان ببەم، ئەوەی هەیە تەنها لە سینگمدا تۆماركراوە و هیچ كەس وەك یاداشت بۆی تۆمارنەكردووم، بەڵكو شانازی بەخۆشمەوە دەكەم كە لە نەخوێندەواریەوە توانیومە ئەم سەروەرییانە لە لەناوچوون بپارێزم و ئەمڕۆكە بە هەوڵ و كۆششی هەندێك دۆست و برادەر بتوانم بیانخەمە سەر كاغەز، هیوادارم كەم تا زۆر توانیبێتم لەو مەجالەدا خزمەتێك بە هەموو ئەو تێكۆشەرانە بكەم كە بیرەوەریم لەگەڵیاندا هەبووە و یان لەگەڵیان لەسەنگەردا بوو بووم، مەرج نی یە بیرەوەریەكانی من بە دەقێكی ئەدەبی جوان نوسرابنەوە، بەڵكو مەرج ئەوەیە كە دوای چەندان ساڵ توانیومە ئەو بیرەوەرییانە بێنمەوە سەر سەفحەی رووپەڕەكان و بیری پێشمەرگە و گەلی بخەمەوە كە ژیانی پێشمەرگایەتی چەندە تاڵ و سوێر بووە و پێشمەرگە خاوەن بەڵێن و بڕیاری خۆی بوو، تا رزگاری و ئازادی كە ئەمڕۆكە بەچاو دەیبینین چۆكی دانەدا و لەپێناویدا بە هەزاران شەهید بدات.
*بیرەوەرییەكانی رۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی نوێدا- عەبدوڵڵا وسوو عەبدوڵڵا.