״كەسوكاری قوربانیانی ئێزدی‌ قەرەبوو بكرێنەوە״

11:30 - 2022-08-03
کوردستان
486 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یادی هەشت ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەكان دەكەینەوە، كە تیایدا داعش هەزاران هاووڵاتی مەدەنی لە پێكهاتەی ئێزدی لە ناوچەی شنگال سەر بە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، لە كاتی داگیركردنی ناوچەكە لە 3/8/2014، شەهیدكرد و رفاند و بە كەنیزەكی كردن.      
لەو كاتەوە، پێكهاتەی ئێزدی ‌و پێكهاتەكانی دیكەی ناوچەكە، بە دەست كێشەكانی گەڕانەوەی ئاوارەكان ‌و بنیاتنانەوە ‌و بەڕێوەبردن ‌و ئاسایش ‌و سەقامگیریی لە ناوچەكەیاندا، دەناڵێنن.
بەو بۆنەیەوە، داوا لە حكومەتی فیدراڵ ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، بە ویژدانەوە چاویان لە كەسوكاری قوربانییەكان بێت ‌و قەرەبوویان بكەنەوە ‌و بە دوای چارەنووسی رفێنراوە ئێزدییەكانیشدا بگەڕێن ‌و ئاشكرای بكەن.
هەروەها داوایان لێدەكەین هەوڵی جدی بدەن بە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان ‌و بنیاتنانەوەی ناوچەكە و شنگال لە ململانێی سەربازیی دووربخەنەوە ‌و كێشەكانی بە رێگەی سیاسی ‌و ئاشتییانە چارەسەر بكەن ‌و رێگە نەدەن كە پێكهاتەی ئێزدی ‌و دۆسێ رەواكەیان، لە ململانێی نامرۆیی ‌و نادەستووریدا بەكاربهێنرێت. 
داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین، هاوكاریی پێكهاتەی ئێزدی ‌و سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەی عیراق بكەن.

ئەمین بابەشێخ 
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان