د. هەرێم عوسمان
زمانی سینەما لە زمانی سروشتی جیاوازە، چونکە زمانەکەی جیهانییە تا تایبەتی، لەبەرئەوە لەسەرو زمان و کەلتورێکی تایبەتییەوەیە
شڕۆڤەكرنا گۆتارا سینەمایی یا فیلمێ كوردی، نامەیەکی دکتۆرای (شۆڕەشڤان عادل)ە، ساڵی 2022 بە سەرپەرشتی (پ.د.عەبدلوەهاب خالد) پێشکەشی فاکەڵتی زانستە مرۆییەکان/ بەشی کوردی زانکۆی زاخۆ کراوە. نامەکە لە چوار بەش پێکهاتووە و پشتی بە سیمۆلۆجی و مۆدێلی جۆن فێسک بەستووە.
1
بەشی یەکەم، ئەم بەشە لەبارەی گوتاری سینەمایی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ چەند زاراوە و بابەتی هاوبەش باسکراوە و لەکۆتایدا باسی کورد و سینەما دەکات. توێژەر پێیوایە گوتاری سینەما داهێنانی گوتارێکی ئیستاتیکی- هونەری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئایدۆلۆجییە، گوتارێکی بەرئاوەڵا و هەمەڕەنگە، پشت بە چەندین رەهەندی جیاواز دەبەستێت، لەبەرئەوە لێکدانەوە و راڤەی جیاواز هەڵدەگرێت و خاوەن زمانێکی تایبەتی وێنەییە و بینینەکییە. گوتاری سینەما تەنیا بۆ کاتبەسەربردن نییە، بەڵکو سەرچاوەی پەروەردە و رۆشنبیری و بیرکردنەوەیە. گوتاری سینەما گوتارێکی زمانی و نازمانییە. زاراوەی گوتار کە ریشەیەکی لاتینی چەندین خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە و لەدوو لایەنەوە خوێنراوەتەوە:
یەکەم: گوتاری زمانی (ناوەکی- پەیڤ، لێکدان و پێکهاتە، دەرەکی- دەوروبەر، کارلێکردن و کارایی).
دووەم: گوتاری نازمانی (گوتاری مەبەستدار(سیمۆلۆجیای پەیوەندیکردن)، نامەبەستدار (سیمۆلۆجیای دەلالی)، مەبەست لەم جۆرە گوتارە، ئەو گوتارانەن کە پێیان دەوترێت گوتاری نەدرکاو، واتە بە گوتن دەرنابڕێ، بەڵام دەردەکەوێت، وەک، خواردن، جلوبەرگ، هەڵسوکەوت، گوند و شار، کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون، ترافیک و میترۆ...
توێژەر دواتر چەندین پێناسەی گوتار لە دیدی زانایان و فەیلەسوفانەوە دەخاتەڕوو، فێرکلاف پێیوایە، گوتار جگە لەلایەنی زمانی نووسین و گوتن، چەندین هێمای تر دەبنە پێکهێنەری گوتار، وەک وێنە، فیلم، تابلۆ، موسیقا، هەروەها پەیوەندیی نازارەکی وەک ئاماژەکانی جەستە. لێکۆڵەرانی بواری زمان، لە سەدەی 21 بایەخی زۆریان بە لێکۆڵینەوەی سینەمادا، وەک بەشێک لە زمان، چونکە سینەماش رێگەیەکی پەیوەندیکردن کە کاریگەریی لەسەر بینەر دادەنێت. سینەما بۆ ساڵی 1895 دەگەڕێتەوە و لویس لومیریش بە باوکی سینەما دادەنرێت، کە بە هاوبەشی لەگەڵ براکەی ئوگست دایانمەزراند. سینەما کە بە هونەری حەوتەم لەلایەن ریچیۆ کانودۆ ناسراوە، لێوانلێوە لە واتای دیار و شاراوە، چونکە پشت بە بیستن و بینین دەبەستێت و تێکەڵی کەلتوری جەماوەری بووە، کە ئەوانەی ناتوانن بخوێننەوە دەتوانن ببینن و پێبگەن، میتز پێنج ناوەندی زانین لە سینەماوە دەستنیشان دەکات: وێنەی بینراو- موسیک، وتنی کۆپیکراو، فۆرم و نیگار، کاریگەریی دەنگ. توێژەر نۆ قۆناغی گەشەکردنی سینەما دەخاتەڕوو، کە لە 1895 دەستپێدەکات تا پاش 2000 و هاتنی تەکنەلۆجیای زیرەک. سینەما داهێنانەوەی جیهانە بەشێوەیەکی تەکنیکی و هونەری و رێگەی گەیاندنی ئەو جیهانەشە بە وەرگر، لەبەرئەوە سینەما بەرهەمهێنانی راستییەکی نوێیە، لێرەوە «کراکاور» سینەما وەک هەژموون و دەسەڵاتی دەناسێنێت. دواتر توێژەر ئاماژە بە گوتاری سینەما لە روانگە جیاوازەکانەوە دەکات، کە ئەو زمتانە (شوێنکات) پێکهاتەیی و تەکنیک و هونەرەی لە سینەمادا بەرکارە پێکهێنەری گوتارگەلێکی جیاواز و کاریگەرە، کە ئەو گوتارە بە کۆد و رەمزی نیشانەیی تایبەت چنراوە.
پاشان توێژەر باسی تایبەتمەندییەکانی گوتاری سینەمایی دەکات، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەشێوەیەکی گشتگیر لە دنیادا، کاریگەریی بۆ هەموو خەڵک و رەگەز و تەمەن و ئاستی رۆشنبیریی جیاواز هەبووە، چونکە گوتاری سینەما ئایکۆنییە، پەیوەندیی وەکیەکی لەنێوان دال و مەدلول هەیە. هەروەها بەهۆی ئامێر و میکانیکبوون و تەکنیکاڵێتی، وایکردووە بینین و دەنگی خۆی هەبێت، واتە خاوەن گۆشەنیگا [چاوی کامێرا] و جیهانبینی خۆی بێت، هاوکات فرە وێنە بێت یاخود وێنەی جوڵاوی هەبێت، هاوکات رەهەندی دەنگ [موزیک، دیالۆگ...] و وێنەی [رەنگ، کەسایەتی، تەکنیکی کامێرایی] پێکەوە گرێداوە، ئەمانەش بە گشتی وا دەکەن، زمانی سینەما لە زمانی سروشتی جیاواز بێت، چونکە زمانەکەی جیهانییە تا تایبەتی، لەبەرئەوە لەسەرو زمان و کەلتورێکی تایبەتییەوەیە. بەهۆی فرەیی گوتاری سینەماوە، ئەرکی گوتارەکانیش جیاوازن (پەروەردە، فێرکردن، گەیاندن، کاتبەسەربردن - خۆشی، گەشەپێدان، رۆشنبیریی، سیاسی و دروستکردنی رای گشتی و ئایدۆلۆجی...). دواتر باسی بناغەکانی گوتاری سینەما دەکات، کورتکردنەوە (هونەری، درامایی، سانسۆری...) هێما و بەتایبەتیش لەسەر زمانی سینەما دەوەستێ، کە ئایا سینەما زمانی هەیە؟ زمانی سینەما جیاوازی لەگەڵ زمانی سروشتی چییە؟ مۆنتاژ خۆی زمانە یان بەشێکە لە زمانی سینەما، گرتە و دیمەن لە زماندا وەک پەیڤ و رستە وان، لەبەرئەوە زمانی سینەما وێنەیی و تێهەڵکێشە، خاوەن سینتاکس و مۆرفۆلۆجی خۆیەتی، لە هەشت پیت پێکدێ، کە پێنجیان بە وێنەوە پەیوەستە [دیکۆر، ئەکتەر، رووناکی، ئێکسسوارات..]، سیانەکەی دی بە دەنگ.
دواتر توێژەر باسی گوتار و ئایدۆلۆجیای فیلمی سینەمایی و دەقی سینەمایی (سیناریۆ) دەکات. لە باسی ئایدۆلۆجیای سینەماشدا ئاوڕ لە شێوەی ئاشکرا و پۆشراو(نهێنی) دەداتەوە، کە سینەمای تاکەکەسی یا هی وڵات و کۆمپانیایەک پەرە بە ئایدۆلۆجیای خۆی دەدات تا ئەوەی کە وڵاتە زلهێزەکان سینەما وەک هێز و شەڕی دەروونی بەرامبەر بە یەکتر بەکاردەهێنن، لەبەرئەوە سینەما تەنیا هونەر نییە، بەڵکو دیاردەیەکی سیاسیشە. پاشان باسی قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی فیلم تا پەخشکردنی و لە کۆتاییشدا پەیوەندیی کورد و سینەما باس دەکات، کە یەکەم فیلمی کوردی بەناوی زارێ لە ساڵی 1925 لە ئەرمەنستان بەرهەمهاتووە، بەڵام دەستپێکی دروست بۆ ساڵی 1990 دەگەڕێتەوە.
2
بەشی دووەم، لەم بەشەدا ئاوڕ لە رەگەز و کۆدەکانی گوتاری سینەما دەکاتەوە، سەرەتا بە گرنگی وێنە دەستپێدەکات، کە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پێکهێنانی رەمز و واتای فیلم، چونکە گرتە و دیمەن دەبنە داینەمۆی دەربڕین و رەفتار و گوتاری فیلم. لەبارەی «گرتە»وە «یوری لۆتمان» پێیوایە بچوکترین یەکەی مۆنتاژ و چیرۆکی سینەمایە کە پێکهێنەری واتاو دەلالەتە. ئەرکی گرتە دیاریکردنی جێ و گۆشەنیگای رووداوەکان و رەفتار و باری دەروونی کەسایەتییەکانە. دواتر توێژەر باسی چاوی کامێرا و گۆشەی وێنەگرتن بە نموونەی وێنەوە رووندەکاتەوە. هەروەها لەسەر کاریگەریی دەنگ و کارەکتەر و دیکۆر لە گوتاری سینەما هەڵوەستە دەکات، پاشان باسی جلوبەرگ و مۆنتاژ و ئیسکسوار دەکات، بۆ نموونە کەرەسەی ماڵێکی سەردەمی عوسمانی لە هی ئێستا جیاوازە، هەروەها جلوبەرگی کەسایەتییەکی مێژوویی لە هی کەسێکی ئەم سەردەمە جیاوازە. هەروەها باسی رووناکی دەکات کە سەرچاوەیە بینینە، لەبەرامبەردا تاریکی، واتە ئەم دوانەیە بۆ گوتاری سینەما زۆر گرنگن، چونکە سەرچاوەی دەرخستنی دۆخەکانن. هەرچی رەنگە وێڕای لایەنی هونەری و جوانکاری، سەرچاوەی بیرکردنەوەی گەردوونی و کەلتوری هەیە، لەبەرئەوە رەنگ زمانە و کاریگەریی لەسەر لایەنی دەروونی هەیە و بۆ گوتاری سینەماش بایەخی بنچینەیی هەیە.
مەکیاژ و مۆنتاژیش لە سینەمادا دەورێکی گرنگ دەگێڕن، هەروەک شوێن و کات ئەرکی گوتاری فیلم لەڕووی جوانکاری، سیمبولی، مێژوویی و...هتد بەرجەستە دەکەن، کات دەکرێت خاو- خێرا، درێژ- کورت و...هتدی پێبکرێت، کاتی هونەری لە کاتی واقیعی و دەروونی جیاوازە، فیلمەکانیش بەپێی کات بۆ کورت، ناوەند و درێژ جیاکراونەتەوە. لە پاری دووەمی ئەم بەشە باسی کۆد و جۆرەکانی و گرنگی بۆ گوتار دەکات، کە وەک کلیل وایە بۆ کردنەوەی فیلم.
3
بەشی سێیەم، لەم بەشەدا شرۆڤەی فیلمی «دەربازبوون ژ غوبارێ» دەکات. سەرەتا باسی جۆرەکانی شرۆڤەی فیلم دەکات، کە لە شەستەکانی سەدەی بیستەوە دەستیپێکردووە. هەندێک فیلمناس، پێیانوایە لە گرتە و دیمەن یاخود پەیوەندیی دەنگ و وێنە پێکهاتەی شرۆڤەیە. دیارە لە زمان و رەخنەی ئەدەبییەوە چەند تیۆری و رەخنەی فیلم لەدایکبوون، لەوانە، تیۆری وەکیەکی، فۆرم، ئاست، هەروەها بازنەی شرۆڤەی دەق، رۆمان، ئایکۆن بەسەردەکاتەوە، پاشان چەمک و زاراوەی سیمۆلۆژی و مۆدێلی جۆن فێسک بۆ شرۆڤەی فیلم دەخاتەڕوو. لە فیلمدا فۆرم و ئایکۆنەکانی وەک وێنە، گرتە، رەنگ، موزیک، رووناکی و...هێمای گوتاری سینەمان، وەرگر لە سینەمادا گرنگە، چونکە خودی سینەما رۆڵێکی چڤاکی هەیە. فیلمی دەربازبوون ژ غوبارێ 2006 بەرهەمهاتووە و باسی کاتی رووخانی سەدام و ئەو پشێویەی دروستبوو دەکات. دوو پێشمەرگە خواردن بۆ پێشمەرگەکان دەبەن، رەشید کە خێزان و قاچی خۆی لە ئەنفالدا لە دەستداوە، ئازادیش برایەکی، ئەم دوو پێشمەرگەیە مناڵێکی ونبوو بە ناوی سەدام هەڵدەگرنەوە، ئازاد لە سەدامدا براکەی دەبینێتەوە، بەڵام رەشید دژی یارمەتیدانی سەدامە. ئازاد بەهۆی یارمەتیدانی سەدام تیادەچێت و رەشید جارێکی تر سەدام دەبینێتەوە و هەڵیدەگرێتەوە.
جۆن فێسک کتێبێک لەبارەی رۆشنبیری - کەلتوری تەلەفزیۆن دەنووسێت و باسی کۆدە رۆشنبیری و تەکنیکی و ئایدۆلۆجییەکان لەناو گوتاری فیلمدا دەکات. فێسک سێ ئاستی شرۆڤەکردن دەخاتەڕوو: کۆدی جڤاکی، دەنگ، جلوبەرگ، مکیاژ، دیکۆر، رەفتار و کەسێتی و... کۆدی تەکنیکی، جۆری گرتە، گۆشەی وێنەگرتن، رەنگ و مۆنتاژ و...کۆدی ئایدۆلۆجی، نەژاد، نەتەوە و چین...هتد.
4
بەشی چوارەم، لەم بەشەدا توێژەر ئەو سێ ئاستەی مۆدێلەکە بەسەر فیلمەکەدا جێبەجێدەکات و دابەشی سێ پاری دەکات: راستی، پێشکەشکردن و ئایدۆلۆجیا. لە کۆتاییدا هەشت ئەنجام دەخاتەڕوو، کە سینەما گوتار و زمانێکی تایبەتی خۆی هەیە، لە فیلمی ناوبراودا هەر سێ کۆدی جڤاکی، تەکنیکی و ئایدۆلۆجی بەشداریی گوتاری فیلمەکەیان کردووە، لە دەنگ، رەنگ، جلوبەرگ، دیکۆر و رەفتار، چاوی کامێرا، موزیک دا، هەروەها ئەم کۆدانە ئەرکی جیاوازیان لەڕووی درامی، راگەیاندن و هونەریی بینیوە.