بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندی بازرگانی پتەوی نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژووری بازرگانی یوو، بۆ زیاتر لێكتێگەیشتن و هاوكاری یەكتر، هەروەها پاڵپشتی بازرگانی و بازاڕ. ڤیدیۆ كۆنفرانسی نێوان ژووری بازرگانی سلێمانی و شاری یوو وڵاتی چین بە مەبەستی لێكتێگەیشتن و هاوكاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا بەڕێوەچوو.
نەوزاد غەفور، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند، شاری سلێمانی، یەكێكە لە گەورەترین شارەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق، بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تۆماری كۆمپانیاكان، ١٠١٥٣ كۆمپانیا تۆماركراون، كە ٩١٥٣ كۆمپانیایان ناوخۆیین و ١٠٤٦ لقی كۆمپانیا عێراقییەكان و كۆمپانیا بیانییەكانن كە تا ساڵی 2024 تۆماركراون.
وتیشی، ژووری بازرگانی سلێمانی یەكەم ژوورە لەسەر ئاستی عیراق كە خاوەنی سەنتەری پێشانگای نێودەوڵەتی بێت، ساڵانە چەندین پێشانگای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەكاتەوە، هەروەها شانازی بە گەورەترین پرۆژەی گەنجینەی هاوچەرخەوە دەكات لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان، كە لە 605 گەنجینە پێكدێت لەسەر ڕووبەرێكی 383 دۆنم، تێچووی پڕۆژەكە 104 ملیۆن دۆلارە.
لەبارەی كەرتی پیشەسازیەوە نەوزاد غەفور رایگەیاند: سلێمانی شوێنی پڕۆژەی گەورەی پیشەسازی قورسە، لەوانە پیشەسازی چیمەنتۆ، خشت، ئاسن، دەرمان، خۆراك، و غاز. شارەكە بە پێشەنگ دادەنرێت لەم بوارانەدا، ٥٣٤٧ كاگەی مۆڵەتپێدراوی هەیە، كە ١٢٠٠ كارگەی گەورە و مامناوەند و ٤١٤٧ كارگەی بچووك. بەرهەمی ئەم كارگانە پێداویستی عێراق دابین دەكات و هەندێكیان هەناردەی وڵاتانی دیكە دەكرێن ، ئاشكراشیكرد: لە ڕووی وەبەرهێنانەوە سلێمانی پێشەنگە. لە ساڵی 2004 تا 2024 بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان لە سلێمانی 370 مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە بەهای 21 ملیار دۆلار دەركردووە.
لەبارەی كشتوكاڵەوە سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا: سلێمانی بە خاكی بەپیت و بەرهەمی كشتوكاڵی كوالیتی بەرز ناسراوە. پارێزگاكە 21 هەزار خانووی پلاستیكی و 950 پڕۆژەی پەلەوەری و 62 پڕۆژەی بەخێوكردنی ماسی و 13 پڕۆژەی ئاژەڵداری و 35 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی و گۆشتی هەیە، كە پێداویستییەكانی هەرێم و پارێزگاكانی دیكەی عێراق پڕدەكاتەوە.
لای خۆیەوە ئەحمەد علی، جێگری پارێزگاری سلێمانی، لە وتەیەكدا جەختی لەوە كردەوە وەك پارێزگاری سلێمانی پشتیوانی تەواوی ئەم پەیوەندیە دەكەین و هیوادارین هەموان پێكەوە كاربكەین بۆ بەرەو پێشبردنی كاری دەستە خوشكی نێوان شاری سلێمانی و شاری یوو.
ژانگ چونمینگ، بەڕێوەبەری نێودەوڵەتی كاروباری هونەریەكان لە شاری یوو، بەگرنگەوە باسی لەم پەیوەندیەكرد كەدەیانەوێت لەگەل ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەنجامی بدەن تابتوانن كاری هاوبەش و بەرەو پێشبردنی كەرتی بازرگانی و پیشەسازی فراوانتربكەن وە ئامادەی خۆیان پیشاندا بۆ هەر كار ئاسانیەك كە پێویستبێت لە نێوان هەردولادا.
لای خۆیەوە د.سەروەر محمد سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی چین لە زانكۆی باسی لە گرنگی پەیوەندییەكانی چین و هەرێمی كورستان كرد بەتایبەت شاری سلێمانی و شاری یو و داوای كرد زیاتر پەیوەندییە بازرگانییەكان بەرەو پێش بچیت و متانەی زیاتر لە نێوان بازرگانان و كۆمپانیاكان دروست بێت.